top of page

ئەمڕۆ یارییەکەمان زۆر خۆشبوو

Updated: Aug 25, 2020

نوسینی : عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی



(لانۆ) و( ڕۆزیا) ھەندێک جار بۆ یاریکردن دەچوون بۆ لای پرژە لە ماڵەوە . (پرژە ) ھەرچەندە بە تەمەن لەمان بچووکتر بوو ، بەڵام زۆر حەزی بە ھاوڕێیەتییان دەکرد . بە تایبەتیش لەگەڵ ڕۆزیادا چونکە لە یاریکردندا بێزار نەدەبوو ، بە دڵی پرژە یاری دەکرد ، بەڵام (لانۆ) وا نەبوو زوو زوو وازی لە یاریکردن دەھێنا .ڕۆژێکیان پێکەوە چوون بۆ لای پرژە تا کەمێک یاری بکەن ، بەڵام کە گەیشتنە ئەوآ تەماشایان کرد دوو ھاوڕێی تری لێبوو ، کە ئەوانیش پاراو و پەیوەست بوون . لەوآ دانیشتن و پاراو و پەیوەستیان ناسی .بەڵام یاری ئەمڕۆیان جیاواز تر بوو لە ڕۆژانی تریان . چونکە پاراو منداڵێکی وریا و زیرەک بوو لە قوتابخانەدا و لەگەڵ ئەوەشدا زۆر حەزی لە خوێندنەوە بوو ، بۆیە چەند گۆڤارێکی منداڵانی ھێنا و یەکە یەکە دەستی کرد بە خوێندنەوەیان ، ئەوانیش بە ھێمنی گوێیان بۆ شل کردبوو . (پاراو) چیرۆکەکانی زۆر بە جوانی و ڕێک وپێک بۆ دەخوێندنەوە و ھۆنراوەکانیشی بە گۆرانی بۆ دەوتن .ئەوانیش زۆر بەلایانەوە خۆش بوو ، بۆیە سوپاسی پاراویان کرد و ئەو ڕۆژەیان بە خۆشترین ڕۆژ دانا. (پاراو) یش وتی لەمەودوا لەگەڵ یاری دا کتێب و گۆڤاری تریشتان بۆ دەخوێنمەوە ، چونکەدەیزانی کەئەوان گوێی لێدەگرن و پێیان خۆشە.

コメント


bottom of page