جوان یەکەمین کچۆڵەیە لە جیهان کە پێی خستە سەر مانگ.. رەزا شوان
- raza shwan
- Jan 14, 2021
- 8 min read
جـوان یەکەمین کچۆڵەیە لە جیهان کە پێی خستە سەر مانگ.. رەزا شـوان

جـوان کچـۆڵـەیەکی کـوردە لە باشـووری کوردسـتان. تەمەنی دوانگـزە سـاڵە، هـەمیشە خەونی بەو هـیوایەوە دەبینی کە ببێت بە یەکەمین کـچ لە هەموو جیهانـدا کە پێی بخـاتە سـەر مانـگ. دوو شـەو بەر لە جـەژنی نـەورۆزی ساڵی رابـردوو، مانگی تابـانی گەش و جـوان، بە تـریـفەی زەویی روونـاک کردبـۆوە. جـوان بە وردی لە مـانـگی دەڕوانی. بیری لەوە دەکردەوە، کە لەگەڵ هـەردوو براکەیدا، شـڤان کە ساڵێک لە خۆی گەورەترە و دیـلان ساڵـێک لـە خـۆی بچـووکـترە، گەشـتـێک بـۆ سـەر مانـگ بکـەن. جـوان بـەم خەیـاڵەوە نووسـت. خـەونێـکی زۆر خـۆشی بیـنی. لە خـەونـەکـەیـدا لەگـەڵ براکـانی و چـەنـد هـاوڕێیـەکـیدا، خەریکی جـێبەجـێکـردنی پـرۆژەیـەک بـوون، بـۆ ســەر مانـگ.
بە هەموویان کەشتییەکی ئاسمانیان دروست کـرد و ناویـان لێنا (کوردسـتان ـ ١). کە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهـاتبوو. بەشی یەکەم گالێسکەی نیشتنەوە لەسەر مانگ، ناویان لـێنا (باوەگـوڕگـوڕ) بەشی دووەم ناویان لـێنا (ئامـەد) کە شـوێنی دانیشتن و نـووست و خـواردن و پـڕ لە هـەوای ئـۆکسجـین بـوو، بەشی سێیەمیش ناویـان لـێنا (کـۆبـانی) کە بـریتیبوو لە رۆکێـتێکی پاڵنـەری زۆر بەهـێز. سـەر لووتـکەی چـیای (ئـاگـری) یـان لە باکووری کوردستان، بۆ دەستپێکـردنی گەشتەکەیان دیاریکـرد. لە شاری (مەهـابـاد) لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان، جلوبـەرگی تایبـەتی کەشتیوانییان بـۆ دروستکـردن، لە شاری سلێمانیش خواردنی وشکی کوردیی وەکو ( کولێرە، هەنجیری وشک، مێوژ، باسووک، سجووک، کولـیچـە، دانـۆک، گـەزۆ، شەربەتی مێـوژ، هەنگـوین) و ئاوی سارد، ئـاڵای کوردستان، کامیرای ڤـیدیـۆ، دەزگایەکی پەیـوەندی بێتەل و مۆبایـل و چەنـد تابلۆیەکی لەسـەر نووسـراو و هـەنـدێ پێـویستی تریـان بـۆ ئامـادەکـردن و خستـیانیـانە شـوێـنی دیـاریکـراو لـە بەشـی دووەمـی کـەشـتی ئـاسـمانی (کـوردسـتان -١) هەریـەکـەشـیان بـوتـڵـێکی گـەورەی پـڕ لـە گـازی ئـۆکسجـینـیان لـە کـۆڵەپشـتەکـانیان بەسـت. جـوان فەرمانـدەی تـیـمی سـەر مانـگ بـو، دیـلان فـڕۆکـەوانی باوەگـوڕگـور بـوو، شـڤانیش فرۆکەوانی ئامەد بو. هەریەکەش لە هـیوا و میـنا و مـریەم، لـە (وێسـتگەی ئاسمانی هـەولـێر) لـە بـەشی راگەیـانـدنی هـەواڵی گەشـتەکەدا بـوون، راستەوخـۆ قـۆنـاغ بە قـۆناغی گەشتەکەیان بۆ کەناڵە تەلەفـزیۆنییەکانی جیهان دەگواستنەوە. لەسەر پەردەی کۆمپیوتەرەکانی ژوورەکەیان چاودێری گەشتەکەی کەشتی (کوردستان ـ ١) یان دەکرد.

تاقـیکردنەوە و راهـێنانەکانی مەلـەوانی هـەرسێ کەشتیوانییە ئاسمانییەکان بە رێکی و سەرکەوتویی تەواوبوون. هەموو پێویستی و پێداویستییەکانی گەشتەکەیان ئامادەکردن. دیـلان زۆر حەزی لە گوێگـرتنی سـروود و گـۆرانی رەسەنی کوردییە، داوای لە شـڤان وجـوان کرد، کە رازیبن تۆمـارکەرێکی گەورەی بۆ گەشتەکەیان لەگەڵ خوێـدا بهـێنێت. جـوان و شـڤان دڵیان نەشکانـد و رێیان پێـیـدا کە بیهـێێـت. هەرسێ بەشەکـانی کەشـتی (کوردستان ـ ١) لە سەر سەکۆی هەڵدان لەسەر چیای ئاگری بەستران.

جـوان و شـڤان و دیـلان، بە جلوبەرگە سپی تایبەت بە گەشتەکەیان دەرکەوتن. دەستەکانیان هەڵـبڕین و ئێوارە باشیان لە جەماوەری ئامادەبـوو کرد. ئینجا چـونە نـاو (ئـامـەد) ی بەشی دوەمی (کوردستان ـ ١). خۆیـان باش بە قـایشەکـانی کورسییەکـانیانەوە بەسـتن. لـەم ساتـەدا، کەمـێک خـێرایی لێـیدانی دڵـیان زیـاتر بـوو. خەڵکییەکی زۆر لەسەر گرد و سەربانە بەرزەکان و شەقامەکانی شارەکانی کوردستان و جیهانـدا، چاوەڕێی هەڵدانی کەشتی (کوردستان ــ١) بوون، کە بەرەو مانگ دەرپەڕێت.
ئێـوارەیەکی درەنگ بوو، لە بنکەی چاودێـریـدا (ئـۆکـەی) درا، ژماردنی هـاتنەخوارەوە دەستیپێکـرد: ١٠- ٩- ٨ - ٧- ٦- ٥- ٤ - ٣ -٢ - ١ - ٠ - گرررم. زرمەی دەنگێکی زۆر بەهـێز هات و رۆکێتی کۆبانی لە دواوە ئاگری لێهـەستا و کەشتی (کوردستان ـ ١) بە خێراییەکی زۆری لە رادەبەدەر بەرەو بۆشایی ئاسمانی هەڵدا.. کلکە ئاگرێکی گەشی بەدواوەوە بـوو. نـاخی ئاسمانی روونـاک کـردەوە. دەنگی چەپڵەلـێدان و هـاوارکردن و هەڵهەڵەلێدان و چـڕینی سروودی ئـەی رەقـیب، لە لایەن خـەڵکـییەوە. سیمفـۆنیایـەکی بێوێنەی موزیـکی زۆر خۆشیان پێکهـێنابوو. لە دوای دوو خـولکەک رۆکێتی کۆبانی لە بەشی ئامەد جیابـۆوە و گـڕی گرت و هـاتەخوارەوە و کەوتە نێو (دەریاچـەی وان) ەوە. کەشتییەکە لەچـاو ونبـوو. دوای چەنـد خولەکـێک لە هـێزی کێشکردنی زەوی رزگـاری بـوو. جارێک بە دەوری زەویـدا سـوڕایـەوە. کەشتیوانییەکـان قـایشەکـانیان کـردنـەوە. کێـشیان زۆر سوکتر بوو، وەکو ماسی لە هەوادا لەناو ژوری ئامەدا مەلەوانیان دەکرد. ئینجـا لە رێی هـەر چـوار مـۆتـۆڕە بەهـێزەکـانی کەشتییەکـەوە. بە هـێز و تینێکی زۆر بە گـوڕ و بە خـێراییەوە، بەرەو مانگ بەرزبـوونـەوە. هـەرسێ کەشتـیوانییەکـان زۆر دڵخـۆشبـون. شەوێکیان بە قـسەی خـۆش و پێکەنین بەسەربـرد. تاوێکـیش نووسـتن. کەوتنە رۆژەوە. دیـلان: کـاکە شـڤـان، دادە جـوان، رێیـم پێبـدەدەن، با گورانییەکتـان بـۆ لـێـبدەم؟ شـڤان: ئـەی بـۆ نـا. ئێمەش حەزدەکەین گوێمان لە گـۆرانییەکی خـۆشی کـوردی بێ. دیـلان کاسێـتی گـۆرانی (ئـای لــەم بـەفــرەی بـاریــوە... زەوی یـەک پـارچــە زیــوە)ی خستەنـاو تۆمـارکـەرەکـەی. جـوان (بە پێکەنینەوە): دیـلان گیـان ئێمە زۆر لە هـەور و لە بـاران و لە بەفـربارین و لە زەوییـەوە زۆر دوورکەوتـووینـەتـەوە. کـەی کـاتی ئـەم گـورانیـەیـە. دیـلان: کەواتە گورانی (ئـەی مانـگ) ی مامۆستا (عـەلی مـەردان) تـان بـۆ لـێـدەدەم؟
شـڤان: دیـلان گیان لە پەنجـەرە خـڕەکەوە سەیـری دواوە بـکە. بـزانـە زەوی دەبیـنی؟
دیـلان (سەیـری کـرد): بـەڵی زەوی وەکو تـۆپێکی زۆر گەورەی شین و سـپی دیـارە.
جـوان: شینەکە زەریاکان و دەریاکانن.. سپییەکەش هەورەکانی ئاسمانی گۆی زەوین.
دیـلان: دادە جـوان زۆرمـان مـاوە بگەینـە بەسـەر مـانـگ.
جـوان: بە بۆچـوونی مـن سبەیـنێ دەگەینـە خولـگەی ئاسمانی مانـگ.
شـڤان: خـێرایی و تیـژفـڕیـنی کەشتیـیەکەمـان لە رادەبـەدەرە و تیـژتـریـن کەشتـیـیە. خـێراییەکەی (٠٠٠، ٢٥) بیست و پـێـنج هـەزار کیلـۆمـەتـرە لـە کـاتـژمێرێکـدا.
دیـلان: دادە جـوان مـاوەی دوری نێـوان زەوی و مانـگ چـەنـد کـیلـۆمەتـرە؟
جـوان: مـاوەی دوری نێـوان زەوی ومـانـگ لە (٣٨٤) هـەزار کـیلـۆمەتـر زیـاتـرە.
بەیانی دەگەین بە ئاسمانی مانگ، بـڕوانن کە مانـگ چەنـد گـەورە و جـوان دیـارە.

جوان: پێویستە من و دیلان خۆمان ئامادەبکەین و بچینە ناو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ).
شـڤان: دەی ئێوە بـڕۆن. دوای دە خـولەکی تر، مـن باوەگـوڕگوڕ لە ئامـەد دەتـرازێنـم. بە ئامەد بە دەوری مانگـدا دەسوڕێمەوە. ئێوەش بەپێی پـلانی داڕێـژراومان لە شوێنی دیـاریکـراو، لەسـەر مانگـدا بنیـشـنەوە. لە کـاتی دیـاریکـراوی گـەڕانەوەشـدا، بێـنەوە خولگەی مانگ. پێـویسـتە زۆر بە وردی و بە وریایی پـلانـەکـانمان جـێبەجـێ بکـەین.
جـوان و دیـلان چـوونە نـاو گالێسکەی (باوەگوڕگوڕ) ی یەکەی سەر مانگ. ئامادەبون و (ئـۆکەیـان) بە شـڤان دا. شـڤانیـش باوەگـوڕگـوڕی لە ئامـەد تـرازانـد. بـاوەگـوڕگـوڕ رووی لەسەر سەرمانـگ کـرد. (ئـامـەد) یش کە تەنیـا شـڤانی تێـدا مایـەوە. لە بەرزی شەست بـۆ حەفـتا کیلـۆمـەتـر بـەدەوری مـانـگـدا دەسـوڕایـەوە.
باوەگوڕگوڕ کە دیلان فـڕۆکەوانئ بوو، بەرەو سەر مانگ ئاراستەی کرد، لەسەر مانگ نزیک بـۆوە، بەڵام لە شوێنی دیـاریکـراو بۆ نیشتـنەوەیان، چاڵـێکی زۆر قـووڵی لێـبوو، دیـلان پەشـۆکا. جـوان خـۆی باوەگوڕگوڕی ئاراستە کـرد و لە چاڵـەکەی دوورخسـتەوە و بـەرەو تەختـاییەک ئاراسـتەی کرد. خـێرایی باوەگـوڕگـوڕی زۆر هـێواش کـردەوە. گـڵۆپەکانی قاچەکـانی باوەگـوڕگـوڕ لەسەر کۆمپیوتەرەکـەی بەردەمیانـدا سووربـوون، نیشانەی ئەوەبـوو، کە لەسەر مانگ نزیکـبوونەتەوە. بـاوەگـوڕگـوڕ لـەتـرێـکی داو و وەسـتا، گـڵوڵپەکـانی قـاچەکـانی سـەوزبـوون. نیشانـەی ئـەوەبـوون کە لەسەر مانگـدا نیـشـتەوە. مـژدەی گەیشـتـنیان بـە سەرمانـگ، بـە بنـکەی چـاودێـری لە هـەولـێر دا.
جـوان ( لەنـاو گالـێسکەی باوەگـوڕگـوڕ لەسـەر مانـگەوە): هـەلـۆ کاک هـيوا.. هـەلـۆ مریـەم گیان.. هەلـۆ میـنا گیان.. من و دیلان دەبینن.. گوێتان لێمانە؟ وەڵامان بدەنەوە؟
هـیوا، مریـەم، میـنا: بـەڵی.. بـەڵی جـوان گیان، راستەوخـۆ دەتـابینـین و گـوێشـمان لە دەنگتانە. راستەوخۆش دیمەنەکـان و دەنگەکـانتان بۆ هەمـو کەنـاڵە تەلەفـزیۆنییەکانی جیهـان دەگوازینـەوە.. ئای کە مژدە و ساتێکی خۆشی بێوێنەیە.. چاوەڕێی ئەوە دەکەین کە داببەزنە سەر مانگ. لە شارەکانی کوردستان، بوو بە هەڵپـەڕکێ و هەڵهـەڵـەلێـدان.
جـوان و دیـلان، لە دوای کەمێک پشوودان و خواردن و خواردنەوە. دەرگای گالێسکەی باوەگوڕگوڕیان کردەوە. پەیـژەی چـوونە سەرمانگیان لە نێـوان دەرگـای باوەگوڕگوڕ و سەرمانگ دانـا. دیـلان کامیراکـەی کردە مـلی.. جـوان پییەکانی خسـتە سـەر پەیـژەکە و دابەزی و پێی راستی لەسەر سەرمانگ دانا و ئینجا پێی چەپی دانا، یەکەمین هەنـگاوی لەسـەر مانـگـدا نـا و وتـی: " ئەمـە هەنگـاوێکی بچـووکی کچوڵـەیـەکی کـوردی کوردسـتانییە.. بـەڵام قـەڵـمبازێکی گـەورەی مـرۆڤـایـەتییە" وتیشی:" ئای چ رۆژێـکی مـەزنە.. چ سەرکەوتێکی بێوێنەیە بۆ هەمـوو ژنـانی جیهـان" وتیشی:" چ شانـازییەکی گەورەشـە بۆ کوردستان، کە کچـە کوردێـک، بـۆ یەکـەمـین جـار، پـێی خـستە ســەر مانــگ".

لەم کاتەدا دیـلان لە سەر دەرگای باوەگوڕگوڕەوە، بە کامیرای ڤیدیـۆ وێنـەی کەشتیوان جـوانی خـوشکی دەگـرت.. لە دوای بیـست خـولـەک دیـلانیـش دابەزییـە ســەر مـانـگ.
ئەو رۆژەش، رۆژی جـەژنی نـەورۆز بـوو. بوو بە دوو جـەژن بۆیـان. جەژنی گەیشتن بەسەر مانگ و جەژنی نـەورۆزی نەتەوەیی کورد. بەم دوو بۆنـەیەوە، جـوان و دیـلان دەسـتی یەکتریـان گرت و پیـرۆزبـاییـان لە یەکـتری کـرد.. تـێریش هـەڵـپەڕیـن. ئەمـەش یەکەمین یادی جەژنی نەورۆز و یەکەمین جاریشە کە لەسەر مانگـدا هەڵپەڕکێی کوردی بکرێت.
دیـلان: داده جـوان، خـۆزگـە (مـامە قـالە مـەڕە) ی شمشاڵـژەنیش دەمـاو و لەگـەڵمانـدا بوایـە. لـێرەدا تـێـر شـمشـاڵی بـۆ دەژەنـین.
ئینجـا پیاسەیەکـیان لەسـەر مانـگـدا کـرد.. نـزیـکەی (٣٠٠) مەتـر لە باوەگـوڕگـوڕەوە دوورکەوتنەوە. بە دووربین سەیریـان کرد، زنجیرە چـیایەکی بەرزیان بینی، لە زنجـیرە چیاکانی زاگرۆسی کوردستان دەچوو. دوایی دیـلان (ئـاڵای کوردستان) ی لە سەر مانگ چەقـانـد و باش دایکـوتی. لەسەر تابلـۆیەکیش وێنەیەکی رەنگـاوڕەنگی هەرسێکیان بە دارێکەوە داکوترابوو ئەویشیان چەقانـد. لەژێر وێنەکەدا نوسرابـوو. ئێمە خوشکـێک و دوبـرا (جـوان، شـڤان، دیـلان) کە کوردین و لە کوردستانەوە هاتووین بۆ سـەر مانگ.. پەیـامی ئاشتیمان بۆ هەمـوو مـرۆڤـایـەتی هـێـناوە" تابلۆیـەکی تریشیان چەقانـد، کە میدالیایەکی گەورەی لە زیـو دروستکـراوی پێوە قـایـم کرابـوو، لە سەر دیوی یەکەمی میدالیاکە، وێنـەی کـچ و کوڕێکی منـداڵـن، کە دەسـتی یەکتریـان گرتووە، جلوبـەرگی کوردیـیان لەبەردایـە. لەسەر دیـوەکەی تـری میـدالـیاکە مێژووی رۆژی گەیشـتنیان بۆ سەرمـانگ (١/ نـەورۆز/ ٢٧٢٠) کوردی لـێنووسراوە. هـەنـدێ خـاک و خـۆڵ و بـەردی سـەر مانگـیشـیان کـردە ناو تـورەکـەیەکـەوە. تـا زانـا جـیـۆلـۆجـییەکـانی کوردسـتان تـوێـژینەوەیـان لەسـەر بکـەن. گـەر لە نێـو جلەکـانیانـدا ئامێری فـێنکردنـەوە نەبـوایە، بەرگـەی گەرمیی رۆژی سەرمانگـیان نەدەگـرت. کـێشی جـوان لەسەر زەوی (٥٦) کیکـۆ گـرام بـوو، بەڵام لەسەر مانگـدا (٩) کیلۆگـرام بـوو. گەر بازێـکی گـەورەی بـەرەو ئاسـمان بـدایـە، بە قـەد بـاڵای کـۆشکـێکی سـێ نهـۆمی بـەرزدەبـۆوە. چـونکە هـێزی کـێشکـردنی مانـگ لاوازە.
خوارن و ئاو و ئۆکسجینیان هەر بایی رۆژێک پێ مابوو. بۆیە بیریان لە گەڕانەوە کرد. پەیوەنـدیشیان لەگەڵ شڤانـدا بچـڕابوو، چونکە شـوێنی نیشتنەوەکەیـان لەسەر مانگـدا، شـوێنی دیاریـکـراویـان نەبـوو. شـڤانیـش ئەمـانی نەدەبیـنی.
جـوان و دیـلان گەڕانەوە بۆ ناو گالـێسکەی باوەگوڕگوڕ. کەمێک پشوویان دا. ویستیان کلـیلی (سویـچی) مۆتـۆڕەکـانی باوەگـوڕگـوڕ بابـدەن و هـەڵی بکـەن، تومـەس لە کـاتی دابـەزیـنی دیـلان بـۆ ســەر مـانـگ، کـۆڵـەپشـتەکـەی لـێکەوتـبـوو و شکـابـوو. جــوان پێـنوسەکەی خسـتە شـوێـنی کلیـلەکەوە و بایـدا و هەڵیکـرد. کـێـشەیـەکی تـریشـیان بـۆ دروست بـوو. پاتـری وزەبـەخـشی کـارەبـاییەکـان، شـەحـنی زۆر دابـەزیبــوو، تـوانـای بـزوانـدنی مـۆتـۆڕەکـانی. گـالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕی نەبـوو. دوخـێکی زۆر دژوار و چارەنوسساز بوو، بۆ جـوان و دیـلان. لە نێـوان ژیان و مـردنـدا بوون. دوای دامان و رامـان و بیـرکـردنـەوە. جـوان دەزگـای تۆمـارکەرەکەی دیـلانی بینی، کە لەگەڵ خۆیـدا هـێنابـووی بـۆ نـاو گـالـێسکەی بـاوەگـوڕگـوڕ. تـۆمـارکەرەکـەی لە دیـلان وەرگـرت و پشـتەکـەی کـردەوە کـە چـوار پـیـلی گـەورە تێـدا بـوو، چـوار پـیـلی یـەدەکـیـش لـەنـاو کۆڵـەپشتەکەی دیـلانـدا بـوون. جەمسەرەکـانی هەمـوو پیلاکـانیان بەیەکـەوە بەســتن و وایـەری پاتـرییـەکەی باوەگـوڕگوڕیان بـە هـەردوو جـەمسەری پیـلە لێکـدراوەکـانـەوە بەسـت. جـوان پێنـوسەکـەی بـادا، مـۆتـۆڕەکـانی بـاوەگـوڕگـوڕ کەوتـنەوە کـار. ئیـنجـا دیـلان پەنجـەی بـە دوگـمـەی بەرزبـوونـەوەی باوەگـوڕگـوڕدا نـا. بە خـێراییـەکی زۆر بـەرو ئاسـمانی مانـگ بەرزبـوونـەوە. زۆری پێنەچـوو، گەیشـتن بە ئامـەد کە شـڤانی تێـدا بوو، تا ئەو کاتە سی جار بە دەوری مانگـدا سووڕایەوە. گالێسکەی باوەگوڕگوڕ نووسایەوە بە ئامـەد. جـوان و دیـلان چـوونەوە نـاو ژووری ئامـەد و لەگـەڵ شڤانـدا یەکـیان گـرتـەوە و باوەشـیان لە یەکـتری دا و پیـرۆزبـاییـان لـە یەکـتری کـرد. ئینجـا باوەگوڕگوڕ رۆڵی نەمـا. بـۆ بارسـووکی گەڕانـەوەی ئامـەد بـۆ سـەر زەوی، شــڤـان بـاوەگـوڕگـوڕی لـە ئامـەد تـرازانـد و لـە ئاسـمانـدا جـێـیان هـێـشت. نـازانـن کـە چی بەسـەرهـات.
لە کوردسـتانـدا، ئامـادەکـاری بـۆ گـەڕانەوەیـان کـرا، بەلـەمـێکی گـەورەی تایبـەتی لە ناوەڕاستی (دەریاچـەی دوکـان) ی نـزیکی شاری سلـێمانی لە چـاوەڕوانی گەڕانـەوەی کەشتییەوانەکانـدا بـوو. بە هـەزاران کەسیش لە رۆخی دەریاچـەی دۆکاندا ریـزببوون. کەشـتی (کوردسـتان - ١) گەیشتەوە نێـو بەرگەهـەوای زەوی. شـڤان هـێواش هـێواش خێراییەکەی کەمکـردەوە. هەرسێ کەشتیوانییەکە (جـوان ، شـڤان، دیـلان). لە بـەرزی پێنج سەد مەتـرەوە بە پەڕەشوت خۆیان هەڵـدایە نـاو ئاوی دەریاچەی دوکان، یەکسەر دەریانیان هـێنان و خستیانیـانە ناو ژوورێـکی بەلەمەکـەوە. لە پێـش کەشتییوانەکانیش كهشـتی (کوردسـتان ـ ١) یش کـەوتـە نـاو دەریـاچـەی دوکـان. ئەویـشـیان خـستە سەر بەلـەمـێکی گـەورە، بـۆ ئـەوەی لە مـۆزەخـانەی شاری سلـێمانیدا دابنـرێـت.
هـەرسێ کەشتییەوانەکـان بۆ مـاوەی هەفـتەیـەک لە (دابـڕینی تەنـدروستی) دا مانەوە. لایەن لیژنەیەکی پزیشکییەوە، هەموو پشکنینێکیان بۆیان کرد، نەباکە ڤایرۆسی سەری مانـگ چوبـێـتە ناو جلەکانیان و گیانیـانـەوە. دەرکـەوت کە هەرسێکـیان تەنـدروسـتن و هـەڵگـری هـیچ ڤـایـرۆس و پەتـایەک نـین.
لە شاری سلـێمانیـدا پێشوازییـەکی فـەرمی و جـەمـاوەریی زۆر گەرمیـان لـێکـردن.. بـە چـەپـکە نـێرگـزی کوردسـتان، نێرگـزبارانیان کردن. میدالـیای زێـڕینی رێزلێنانی ئـازادی و ئازایەتیشـیان لەمـل کـردن. بە (پاڵـەوانـانی کوردسـتان) ناویـان بـردن.
جـوان لە پەیامەکەیـدا بۆ جەماوەری پێشوازیکەران، وتی:" راستە کە گەیشتن بۆ سەر مانـگ سەرکەوتینێکی زۆر گـەورەیە.. بەڵام سەر مانگ نە ئـاوی لێیە و نە هـەوا و نە ژیـان.. هـیچ شوێنـێک لە کوردسـتانی شیرینـمان و لە ئەستـێرەی زەوی دڵگـیرتـر نییە. بۆیە دەبێـت، هەموومان ژینگەی سروشتی کوردستانی نیشتیمانی جوانـمان بپارێـزین"
لەم کاتەدا، دایکی جوان، بانگی جوانی کرد:" جوان گیان، هەستە نانی بەیانی دەخۆین" جـوان"ئای دایکە گیان چی خەونێکی خۆشم بینی. دوای نانخواردن بۆتانی دەگێڕمەوە"
(*) بۆ بیـرۆکەی ئەم چـیرۆکەم، سوودم لە گەشـتەکەی کەشتی ئاسمانی (ئەپـۆلـۆ-١١) وەرگرتووە، کە لە ساڵی (١٩٦٩ز) دا، یەکەمین کەشتی بوو، لەسەر مانگـدا نیشتەوە.
(*) ئەم چیرۆکەم (چیرۆکـێکی خەیاڵی زانستی) یە، کە تا ئەمڕۆش ئەم ژانـرە چیرۆکە لە ئـەدەبی منـداڵانی کوردمانـدا زۆر کەمـە. زۆر بەکەمیـش چیـرۆکنووسانی منـداڵانی کوردمـان خۆیـان لە وێـزەی داون.. ئـەم چـیرۆکە بـۆ ئـاستی مێـردمنـداڵان گـونجـاوە.
رەزا شـوان نەرویـج: ١٠/ یانـوار / ٢٠٢١
Comments