خەڵاتی قـوتابی نمـونەیی.. رەزا شـوان
- raza shwan
- May 19, 2022
- 3 min read
خەڵاتی قوتابی نمونەیی

نوسینی: رەزا شـوان
قـوتابخانەکەمان هەمو ساڵێک، لە ئاهەنگی کۆتایی ساڵی خوێنـدنـدا، وەک رێزلێنانێک، خـەڵاتی پێشکەش بە قـوتابییە دەرچـوە یەکەمەکـان دەکـرد. بەڵام بەرزتـرین خـەڵات بە ناوی (خەڵاتی قوتابی نمونەیی) یەوە، پێشکەش بەو قـوتابییە دەکرا، کە لە ماوەی ئەو ساڵەدا، کۆمەڵـێک کاری باش و ناوازەی کـردوبێـت.
سـاڵی پـار، مـن لە پـۆلی شەشی بنەڕەتیـدا بـوم. لە ئاهـەنـگی کـۆتـایی ساڵـدا، لە دوای پێشـکەش کردنی کـۆمەڵـێک چـالاکی هـونـەری و گـۆرانی و شـایی و شادی و خـۆشی. بەڕێـوەبەری قوتابخانەکەمان مامۆستا (جـوان) میـدالـیای رێـزلێنانی لە ملی یەکەمەکان و دوەمەکـان و سـێيەمەکـانی پـۆلەکـان کـرد و پیـرۆزبـایی لێیان کـرد. پێـم سەیـربـو کە بانـگی منی نەکـرد، چـونکە مـن یەکـەمی پـۆلی شـەش بـوم.
مامـۆسـتا جـوان: قـوتـابییە خۆشـەویسـتەکـانمـان، پێـش ئـەوەی نـاوی ئـەو قـوتـابییە هـاوڕێیەتان بخوێنمەوە، کە خەڵاتی قوتابی نمـونەیی پێشکەش دەکەین، گوێـم لێبگـرن ئەو کارە باش و جـوانانەیتان بۆ باس دەکەم، کە لە ماوەی ئەمساڵـدا ئەنجامیانی داوە.
ئەم هاوڕێیەتان، لە یەکەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەمان، دو چەپک گوڵی گەورە و قـوتویەک نـوقـڵی لەگەڵ خۆیدا هـێنابو، لە بەردەم دەروازەی قـوتابخانەکەمـاندا وەستا، بە رویـەکی خۆش و بە زەردەخـەنەیـەکی ناسـک، بە مـاچـێکی شـیرین و بە پێشکەش کردنی گوڵـێک و نـوقـڵێک، پێشوازی لە یەکە بە یەکەی ئەو منـداڵە بچـوکانە کـرد، کە بـۆ یەکەم رۆژ و یەکەم جار، رویـان لە قـوتابخـانەکەمـان کـرد و بـون بە پـۆلی یـەک.
ئەم هـاوڕێیەتان، لە دوەم رۆژی کردنەوەی قوتابخانەکەمانـدا، هـات بۆ لام و پێشنیاری ئەوەی کرد، بۆ یارمەتیـدانی قـوتابییە کەم دەرامـەتەکان، سندوقـێک بە ناوی (سندوقی کـۆمـەک) بکەینـەوە. هەمو ماوستاکان پێشـنیارەکەیان پەسەنـدکرد و بە بـاشـیان زانی. خۆێ یەکەم کەس بو، کە بۆ بەیانی (١٠٠) هەزار دیناری هـێنا و خستییە ناو سـندوقە کەوە، دوای چوار مانگ سەد هەزار دیناری تریشی هـێناو خستییە ناو سـندوقەکەوە و وتی: ئەمەش کۆی ئەو بڕە پارەیەیە کە لە دەغـیلەکەمدا کوم کردۆتەوە. هـەریەکە لە مامۆستاکانیش بـڕە پارەیەکیان خستە ناوی. بەشێکـیش لە پـارەی داهـاتی فـرۆشگای قوتابخـانەکەشمان خستە سەری. بەو پـارەیە، پێـش جـەژنی نەورۆز، جـلی کوردیمان بـۆ (٣٠) قـوتابی کـەم دەرامـەت کـڕی و دڵـیانـمان خـۆش کـرد.
ئەم هـاوڕێیەتان، بە سێ تابـلـۆی وێنـە، لە کێـشـانی خـۆی، بەشـداریی لە پێشانـگای ساڵانەی قـوتابخـانە بنەڕەتییەکانی شارەکەمان بۆ هـونەری شـێوەکاری کرد. خەڵاتی دوەمی بە دەسـت هـێنا و رێـزنـامەیان پێشکەش کـرد.

ئەم هـاوڕێیـەتـان، لە (كـێبڕکـێی سـاڵانی قـوتـابخـانە بنەڕەتـییەکان ـ بـۆ خوێنـدنەوەی هـۆنراوە و چـیرۆک و پەخـشان) لە نوسین و پێشکەش کردنی هـۆنراوەیەکی جـوانی خۆی بە ناوی (کوردستان) بەشداری کرد و خەڵاتی یەکەمی هـۆنراوەی بە دەستهـێنا.
ئەم هـاوڕێیەتان، لە ماوەی ئەمساڵدا (٣٥) پەرتوکی لە پەرتوکخانەی قوتابخانەکەمان خواسـت و هـەر هەمـویانی خوێنـدەوە. خـۆشی (٥) پەرتـوکی منـداڵانی پێشـکەش بە پەرتوکخانەکەمان کرد. یەکەم قوتابییە کە ئەو ژمارە پەرتوکەی خواست و خوێندەوە.
هەر ئەم هـاوڕێیەتان، لە یەکـەم رۆژی مانگی ئاداری ئەمساڵـدا، گورزەیەک قەڵـەمی گوڵەبـاخی رەنگاوڕەنگی هـێنا و لە دێراوەکانی باخچـەی قوتابخانەکەمانـدا چانـدیانی. هەر خۆشی ئاویانی دا و خزمەتیانی کرد. بە چاوی خۆتان دەبینن چ گوڵێکی جوان و رەنگاوڕەنگ و بۆنخـۆشیان گرتـوە، دیمەنێکی جـوانیان بە باخچـەکەمان بەخـشـیوە.
هەر ئەم هـاوڕێیەتان، چوار لە قوتابییە هـاوڕێکانی پۆلی شەش، لە وانەی بیـرکاریدا باش نەبـون، پێش تاقـیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، لە دوای قوتابخانە، لە ماڵی خۆیان خۆبەخـشانە یارمەتییانی دا، هەر چـواریان بە نمرەی باشەوە لەم وانەیەدا دەرچـونە.
ئەم هـاوڕێیەتان، لە سێ لیژنەی قوتابخانەکەشمان بەشدارە، لیـژنەی ژینگەپـارێـزی، لیـژنەی چـارەسەری کێشەکانی قـوتابیان، لیـژنەی چـالاکی هـونـەری و وەرزشی. لە هەرسێ لیـژنەکەدا، بە گـەواهـی مامۆسـتاکان رۆڵـێکی بەرچـاوی هـەبـوە.
ئەم هـاوڕێ زیـرەکەتـان، پێـرار و پـار و ئەمساڵـیش بە یەکـەمی پـۆلـەکەی دەرچـوە.
ئەم هـاوڕێ خۆشـەویست و دڵسـۆزەتان، بێجـگە لەو کـارانەی کە باسمان کـرد، گـەلێ کاری جیـاواز و جـوانی تـریشی کـردوە.
هەمو مامۆستاکان کۆدەنگ بون کە (خەڵاتی قوتابی نمونەیی) ئەمساڵی قوتابخانەکەمان پيشکەش بە قـوتابی نمـونەیی (شـەنـگە کامـەران نەریمـان) بکـرێت و شـایەنی ئـەوە.
کە بەڕێـوەبـەر، نـاوی منی خوێنـدەوە، گـەر بـاڵـم ببـوایە لە خـۆشـیـدا دەفـڕیـم. چـومە بەردەمی مامۆستا جـوان. لە پێشا میـدالیـای یەکەمی پـۆلی شەشی لە ملـم کـرد، ئینجـا (خەڵاتی قوتابی نمونەیی) پێشکەشم کرد و هەردو رومەتـمی ماچکـرد و پیرۆزبایی لێم کـرد. مامۆستا (مەهـابـاد) ی رابـەری پۆلەکەشمان، چەپکـێک گـوڵی گەش و جـوانی پێشکەشم کرد. مامۆسـتاکان و قـوتابییەکان، چەپـڵەیەکی درێـژیان بۆم لێـدا و بە گەرمی پیـرۆزباییـان لـێمکـرد. منیـش ماچـم بـۆ هـەمـویان هـەڵـدا و زۆر سـوپـاسیانـم کـرد.
رەزا شـوان نەرویـج: ٢٠٢٢
Comments