دراوسێ تازەکەمان....وەرگێرانی بەدەستکارییەوە:عەلی حەمەڕەشید
- alihamarashid4
- Aug 28, 2021
- 1 min read
چيرۆك بۆ مناڵان... دراوسێ تازەكەمان
.
وەرگێڕانی بەدەستکارییەوە:عەلی حەمەڕەشید
..
چەپكێك گوڵم بەدەستەوە گرت و خەریك بوو لە خۆشیاندا باڵم دەگرت.چونكە دایك و باوكم ڕێگەیان پێدام كە لەگەڵیاندا بچم بۆ ماڵی دراوسێ تازەكەمان بۆ بەخێرهاتنیان ،چونكە ئەوانیش لە هەمان باڵەخانەدا دەژیان .زۆر دڵخۆش بووم چونكە دایكم ئاگاداری كردم كە ئەوانیش كچێكیان هەیە كە لە تەمەنی مندایە.منیش لە خەیاڵی خۆمدا وتم ئیتر لەمەو دوا لەگەڵ ئەودا یاری دەكەم لە جیاتی ئەوەی كە بە تەنیا لەماڵەوە بمێنمەوە.چونكە هەمیشە بە تەنیایی هەست بە بێزاری دەكەم.گەیشتینە ماڵی دراوسێكەمان ،روم كردە ئەو كچەی كە دایكی بانگی دەكرد(هەنی)،چەپكە گوڵەكەم پێشكەش كرد زەردەخەنەیەك گرتی و چەپكە گوڵەكەی لێوەرگرتم.لوتی لە گوڵەكان نزیك كردەوە تا بۆنیان بكات ئیتر لە گۆشەیەكدا داینا و بە بێ دەنگی مایەوە.لە لایەوە دانیشتم و كەوتمە قسەكردن لە گەڵیدا و باسی یارییەكانم و قوتابخانەكەم و بەرنامە خۆش و بەسودەكانی تەلەفزیۆنم بۆ كرد.هەموو ئەمانەم وت كەچی ئەو هەر بێدەنگ بوو.بەس زەردەخەنەیەكی دەكرد و سەری رادەوەشاند و دەنگێكی لێوە دەهات كە لێی تێنەدەگەیشتم.لێم پرسی چییە؟سەر لەنوێ ورتەیەكی لێوەهات و زەردەخەنەیەكی كرد.داوام لێكرد كە قسە بكات.جارێكی تر ورتەیەكی لێوە هات و قسەی نەكرد.هەوڵمدا كە باڵی بگرم تا بمبات بۆ ژورەكەی خۆی تا یارییەكانی ببینم.كەچی توڕەبوو دەستی كرد بە گریان.لەو كاتەدا دایكم و دایكی هەنی لێم نزیك بوونەوە و داوایان لێكردم كە كەمێك لەسەرخۆ بم.چونكە هەنی ناتوانێت بەپێوە بوەستێت و ناشتوانێت كە قسە بكات.ئەو تەنها ورتەیەكی لێوە دێت و زەردەخەنەیەكی بۆ دەكات .كاتێكیش بێزاری بكەن توڕە دەبێت.بەهەرحاڵ هەنیم بە نامۆیی بینی ،بەڵام رۆژ دوای رۆژ فێربووم كە چۆنە و سروشتی چۆنە.ئەمڕۆ زۆرم خۆشەوێت .ئێستا باشترین هاوڕێمە .خۆشم دەوێ بە نامۆییەكەیشیەوە،خۆشم دەوێت كاتێك كە ورتە ورت دەكات،خۆشم دەوێت كاتێك زەردەخەنە دەكات.هەتا كاتی توڕەبوونەكەیشی خۆشم دەوێت.
نوسینی:زینب منعم العربی الصغیر ژمارە 273 ساڵی 2015

Comentarios