سەمای ماسی
- alihamarashid
- Jun 23, 2020
- 2 min read
Updated: Jun 27, 2020
نوسینی: ئەمین محەمەد
.
کۆترە باڵنەخشین لەوساتەوەی لە حاجی لەقلەقی ھاوڕێی دابڕابو لەم دار بۆ ئەو دار دەفڕی و جێگەی بە خۆی نەدەگرت.زۆر بێ ئارام بو نەیدەزانی چیبکات .بۆقیلەیەک لەناو زەلکاوەکەوە بانگی کرد و پێی وت:چییە کۆتری ئازیز دەبینم کەمێک پەشۆکاوی؟!کۆترەکە وتی:بەڵێ لەو کاتەوەی حاجی لەقلەقی ھاوڕێم گەشتی کردوە و جێیھێشتوم زۆر بیری دەکەم و بۆی خەمبارم.چونکە من ھیچ ھاوڕێیەکی دیکەم نییە.بۆقیلە وتی:ئەگەر پێت خۆشە من دەبم بە ھاوڕێت.کۆترە باڵنەخشین پێی وت:تۆ ناتوانیت وەک من بفڕیت و بچیتە سەر لقی دارەکان،من نابم بە ھاوڕێی تۆ.کۆترەکە ھەڵفڕی و بۆقیلەکەی بەجێھێشت ،چو لەسەر لقی دارچنارەکەی کەنار ڕوبارەکە ھەڵنیشت،دڵۆپ دڵۆپ فرمێسک بە چاوەکانیدا دەھاتنە خوارەوە ،لەبەر خۆیەوە دەیوت ھەرگیز نەمدەزانی ڕۆیشتن و دور کەوتنەوە لە ھاوڕێ ئەوەندە بە ئازارە.لەو کاتەدا ماسیەسورە لەناو ڕوبارەکەوە سەری دەرھێنا و پێی وت: کۆترە باڵنەخشین بۆ ئەوەندە خەمباری؟!ئەوە چییە دەبینم دەگریت!کۆترەکە پێی وت:حاجی لەقلەقی ھاوڕێم گەشتی کردوە و بەجێیھێشتوم،ماسیە سورە پێی وت:کۆتری ئازیز خەمبار مەبە ھەندێ لە باڵندەکان بە سروشتی خۆیان وان،بەپێی گۆڕانی وەرزەکان گەشتی گەرمیان و کوێستان دەکەن.بەدڵنیاییەوە تۆ لەبیر ناکات و دەگەڕێتەوە.کۆترەکە وتی ئاخر من ناتوانم بەبێ ھاوڕێ بژیم ،ھەست بە تەنیایی دەکەم.ماسییەسورە وتی: خەم مەخۆ من دەبم بە ھاوڕێت تا حاجی لەقلەق دەگەڕێتەوە بۆ خۆمان بەیەکەوە یاری دەکەین،کۆترەکە وتی:خۆ تۆ ناتوانیت بفڕیت و بچیتە سەر لقی دارەکان،ناتوانی وەکو من گۆرانی بڵێی بۆیە نابم بەھاوڕێی تۆ.ماسییە سورە وتی:تۆ بەدەنگە خۆشەکەت بە گمەگم گۆرانی بڵێ و منیش لەناو شەپۆلی ڕوبارەکەدا سەما دەکەم ،ئەوە یارییەکی زۆر خۆشە!لەو کاتەدا مراوی بە غاکە ،غاک لە ناو ئاوەکەدا دەرکەوت،دیاربو گوێی لە گفتوگۆی نێوان ماسییەسورە و کۆترە باڵنەخشین بو،یەکسەر وتی:من زۆر حەزم لەسەماو گۆرانییە،دەی با دەست پێبکەین منیش لەگەڵتان بەشدار دەبم .کۆترە باڵنەخشین دەستی کرد بە گمەگم و گۆرانی وتن ،ماسییەسورەش لەناو ئاوەکەدا سەمای دەکرد و دەمی دەجوڵاند.مراوییەکە جار جار دەفڕی بۆ سەر لقی دارەکان بۆ لای کۆترەکە و بە غاک غاک گۆرانی دەوت،جار جاریش دەچوە ناو ڕوبارەکە و لەگەڵ ماسییەکەدا کلکی دەجوڵاند و سەمای دەکرد.بۆقیلەکەش لەناو زەلکاوەکەوە بە دەنگی بەرز و ئاوازێکی خۆش گۆرانی بۆ دەوتن .کۆترەکە ھەستی بە ئارامییەکی زۆر دەکرد،چونکە لە تەنیایی ڕزگاری بو بو ، بەگمەگم دەیوت: ھیچ شتێک ھێندەی تەنیایی ناخۆش و بێزارکەر نییە ،سوپاس بۆ تۆ ماسییەسورە ئێستا ھەمومان ھاوڕێین،ئیتر لەو ساتەوە کۆترە باڵنەخشین و ھاوڕێکانی سەما دەکەن و گۆرانی دەڵێن.چاوەڕێی گەڕانەوەی حاجی لەقلەن،لەسەرەتای وەرزی بەھاردا بگەڕێتەوە بۆ لایان...........
٢٠١٨/١/١٨
Comments