سەگڵاوە سەرقاڵەکە
- alihamarashid
- Jun 17, 2020
- 3 min read
وەرگێڕانی لەعەرەبییەوە: سەرهەنگ عەبدولرەحمان
وەرزى پاییز بو. خێزانى سەگڵاوەکان سەرقاڵى دروستکردنى بەنداو بون. باوکى سەگڵاو وتى: دەى با دەست پێبکەین. دایک و خوشکى سەگڵاو وتیان : هەرئێستا. سەگڵاو دەستیکرد بەیارمەتیدانیان، بەڵام ڕاوەستا بۆ سەیرکردنى پەڵەهەورێک کە لەشێوەى گوڵدابو، هەروەها پەڵەهەورێکى تر کە لەشێوەى گەڵادا بو، پەڵەهەورێکى ترو پەڵەهەورێکى تر...هتد...و کتوپڕ کاتێکى زانى کاتەکەى لێ ڕۆیشتوەو کەوتۆتە پاشنیوەڕۆ. باوکى سەگڵاو وتى: ئۆى، سەگڵاو. پێویستە واز لەم خەیاڵ پڵاوییە بهێنى و چیتر خەیاڵت نەڕوات! لەلایەکى ترى گۆماوەکەوە چەند خێزانێکى ترى سەگڵاو هەبون کە ئەوانیش دەستیانکردبو بەدروستکردنى بەنداو. باوکى سەگڵاو هەستى بەدودڵى کردو بەخێزانەکەى وت: دەى دەستوبرد بکەن. دایک و خوشکى سەگڵاویش دەستیانکرد بە بڕینەوەى دار. سەگڵاو ویستى یارمەتییان بدات، بەڵام بەدیار سەیرکردنى گەڵاى درەختەکانەوە وەستا کە لەسەر ڕووى ئاوەکە دەخولانەوە، هەروەها مێشولەکانیش بەسەرسەریاندا دەسوڕانەوە. کتوپڕ رۆژى لێ ئاوابو، بەبێ ئەوەى هەستى پێبکات. دایکى سەگڵاو وتى: ئۆى، سەگڵاو. پێویستە لەسەرت کە چالاک بیت. لەلایەکى ترى گۆماوەکەوە چەند خێزانێکى ترى سەگڵاو بەهەوڵ و تەقەلایەکى زیاترەوە ئیشیان بۆ دروستکردنى بەنداو دەکرد. باوکى سەگڵاو بەدودڵیەوە وتى: ئەوە گەورەترە. دایک و خوشکى سەگڵاویش وتیان: ئەوە باشترە. ئنجا هەموو پێکەوە بەخێرایى کلکیان دەجوڵاندو بەددانە تیژەکانیان، دەستیانکرد بەئیش و رۆژ بەرۆژ بەنداوەکەیان گەورەترو فراوانترو باشتر دەبوو. هەموو شەوێ سەگڵاوەکان لەبەر زۆر ماندوبونیان دەکەوتنە خەوێکى قوڵەوە، جگە لە سەگڵاو کە لەدرەوشانەوەى ئەستێرەکان و گوڵەئەستێرە بریسکەدارەکان ورد دەبۆوە، تاوەکو نقومى خەو بێت. خوشکى سەگڵاو وتى:"ئەى سەگڵاو، هەستە لەخەو! ئێستا کاتى ئیشکردنە!" سەگڵاو بە لارە لار بەرەو ئاوەکە رۆیشت، لەبەرئەوەى بەبەردەوامى خەواڵو بو. بەخێرایى نەدەڕۆیشت. نەیدەویست گوڵێک یان گەڵایەک تێپەڕێنێ تا دەستى لێ نەدات. هەموو خێزانەکە دەستیانکرد بە دار بڕینەوەو بەنداوەکەیان گەورەترو فراوانتر بو، بەڵام هەرچەند باوک و دایک و خوشکى سەگڵاو کاریان بکردایە، هێشتا بەنداوەکەى بەرامبەریان باشتر بوو. سەگڵاو ویستى یارمەتییان بدات، بەڵام هەندێ شتى تر بونە بەربەست لەبەردەمیدا، وەکو هەستکردن بەکۆکەیەکى توند، یا گوێگرتن لەگیزەگیزى هەنگێکى گەورە یان سەیرکردنى تەونى جاڵجاڵۆکەیەک. سەگڵاو ورد دەبۆوەو گوێى شل دەکردو بۆنى دەکرد، هەتا بیرۆکەیەک بەهێمنى، رێک وەکو سروشتە لەسەرخۆکەى، هات بەخەیاڵیدا. بیرۆکەکە گەشەى کردو گەشەیکرد هەتا سەگڵاو ناچار بو بەجێبەجێکردنى. خێزانی سەگڵاوەکە بەهەوڵ و کۆششى زیاترەوە ئیشیان بۆ دروستکردنى بەنداوەکە دەکرد. زۆر سەرقاڵبون بەڵام بەدەگمەن سەگڵاو لەتەنیشتیانەوە دەبینرا. رۆژێکیان شتێکى تازەیان لەگۆماوەکەدا بەدیکرد. باوکە سەگڵاو و دایکە سەگڵاو بەمەلەکردنەوە چوون بۆلاى. خوشکە سەگڵاویش خۆى بەیەکێک لەلقەکانیدا هەڵواسى. هیچیان نەگوت. چاویان تێبڕى، بۆنیان دەکرد، ددان و چنگیان لێ گیر دەکرد. باوکە سەگڵاو پرسیاریکرد : ئەمە چییە؟ دایکە سەگڵاویش پرسى : ئەمە لەکوێوە هاتووە؟ خوشکى سەگڵاویش وتى: کێ ئەمەى بۆ ئێرە هێناوە؟ هەموو ئەو سەگڵاوانەى ترى کە لەو ناوچەیەدا دەژیان، بەخۆهەڵقورتانەوە دەرکەوتن. هەروەها خێزانەکانیان هەڵدەستان بەدەست لێدانى هەر چوار لاکانى. خۆیان بەلقەکانیدا هەڵدەواسى و بۆنى گەڵا کەسکونەکانیان دەکردو گوێیان بۆ فڕەفڕى پەپولەکان و گیزەگیزى هەنگەکان شل دەکرد. یەکێ لەسەگڵاوەکان وتى: ئەمە دارستانە. یەکێکى تریان وتى: ئەمە باخچەیە. سێیەمیان وتى: ئەمە شاکارێکى هونەرییە. خوشکە سەگڵاو وتى: سەگڵاو بەتەواوى دەزانێ ئەمە چییە. لەوکاتەدا سەگڵاو بە مەلەکردنەوە دەڕۆیشت، بۆ ئەوەى چەند گەڵایەکى رەنگاورەنگى بریقەدارى تر بەرێ. دایکە سەگڵاو وتى: ئۆى، سەگڵاو. بەڕاستى تۆ سەرقاڵى. ئەو رۆژە کەس بەنداوى دروست نەکرد. کلکەکان نەجوڵان و ددانەکان نەیانبڕى. گۆماوەکە هێمن و بێدەنگ بو، لەبەرئەوەى سەرجەم سەگڵاوەکان سەرسام بون بەداهێنانەکەى سەگڵاو. بۆ شەوەکەى، سەگڵاو و باوکى چەپکێ گوڵى رەنگاورەنگیان لەسەر بەنداوەکە دانا. پاشان سەگڵاوو دایکى تاجەگوڵینەیەکیان لەگەڵا دروستکرد. خوشکى سەگڵاویش یارمەتى براکەیدا لەهەڵکۆڵینى وێنەى ئەستێرە لەسەر یەکێ لەلاکانى بەنداوەکە. پاشان هەمویان بەمەلەکردنەوە روەو بەنداوى سەگڵاوەکانى تر رۆیشتن، تاوەکو یارمەتییان بدەن لەدروستکردنى هەمان شتى کە بۆ بەنداوەکەى خۆیان کردبویان. بۆ شەوەکەى سەگڵاوەکان خەوێکى ئاسودەیان کرد. هەمویان نوستن، جگە لە سەگڵاو نەبێت کە سەرلەنوێ بەهێمنى و بێدەنگى چوەوە سەر کارەکەى خۆى.
..
سەگڵاو: سمۆرەى ئاوى، قوندوس.
Comments