top of page

ملوانکەکەی دایەگەورەم.. رەزا شـوان

ملوانکەکەی دایەگەورەم .. نووسینی: رەزا شـوان



ماڵی دایەگـەورەم لە گەڕەکـێکی شاری (مەهـابـاد) ە، لە رۆژهـەڵاتی کوردسـتان. لەگـەڵ کوڕە بچووکەکەیدا، خاڵە (دڵشـاد) م، لە خانـوویەکی گـەورەدا دەژین، کە شەش ژووری تێـدایـە. ئـەم خانـووەش لە بـاب و باپیـرانیـیـەوە بـۆیـان مـاوەتـەوە. مـاڵی ئێمـەش لـە گەڕەکـێکی تـری شاری مەهـابـاد دایـە، زۆر لە مـاڵی دایەگـەورەمەوە دوورنین، زوو سەردانی یەکـتری دەکەین. بە تایبـەتیـش دایەگەورەم زوو زوو سەرمـان ڵێدەدات. زۆر ئێمەی خۆشدەوێت.. هەر بە (کچە جوانەکەم ) ناوم دەبـات. من و دایکم و باوکـم و کـاکە (خەبـات) یشـم زۆر ئـەومـان خـۆشـدەوێـت و زۆریـش رێـزی لێـدەگـرین. ئەمساڵ مـن لـە پـۆلی پێنجـەمی قـوتابخـانەی بنـەڕەتی دام. هـەر لە سەرەتـای سـاڵەوە، دایـەگەورەم پـێی وتـم: خەنـدە گـیان، کچـە جـوانـەکەم. ئەمساڵ بۆ جـەژنی نەورۆز مـن دەستێ جـلی تـازەی کوردیـت بە دیـاری بـۆ دەكـڕم.


دوو رۆژ لە پێش جەژنی نـەورۆز دا، دایە گەورەم هـات بۆ ماڵمان، دەستێ جـلی تـازەی کوردی رەنگاوڕەنگی زۆر جـوانی بۆ کڕیبـووم و بۆی هـێنام. لەبەرم کـرد.. زور جـوان و پڕ بە بەربرم بوون زۆر سوپاسی دایەگەورەم کرد. هەر لە منداڵیمەوە زۆر لە شەوان دایەگەورە چـیرۆکی فـۆلکلۆری کوردی زۆر خۆشی بۆ دەگـێڕامەوە. زۆربەیانـم لەبیرە. داوام لێکـرد کە بـۆ ئەمشەویش چـیرۆکـێکی کـوردی تـرم بـۆ بگـێڕێتـەوە.

دایەگەورە: خەنـدە گیـان، ئێستا چـیرۆکێکی بەسەرهاتی راستی خۆمـت بۆ دەگـێڕمەوە.

پـرسـیم: بەسەرهـاتـێکی خـۆشـە یا نـاخـۆشـە؟

دایـەگـەورە: ناخۆشـە و خۆشیشە. منـداڵ بـووم، لە تەمەنی تـۆدا بـووم، واتـە دە ساڵان بووم. لە پۆلی چوارەمی سەرەتاییـدا بـووم. کچـۆڵەیەکی جوانکیلە و خۆشەویست بووم. تەنیا خوشکی سێ بـرا بـووم. هەموویـان منیان زۆر خۆشدەویست، بە تایبەتیش دایکم. وەکو ئێـستا بەر لە جـەژنی نـەورۆز، دایکـم دەستی جـلی تازەی کوردی رەنگـاوڕەنگی بـۆ دووریـم. ملـوانکەیـەکی زۆر جـوانیشی کـردە مـلـم. کـاتی خـۆی بـاوکـم پـێـشکەشی کردبوو. ملـوانکەکە زۆر جـوان و مـوورووەکانی هەریەکە لە رەنگـێک بـوون. زۆر لە دڵمـدا جـوان و شـیرین بـوو، بێجگە لە جوانییەکەی، دیـاری و یادگـاری دایکـم بوو. کە دەچووم بۆ قوتابخانە، لە ترسی ئەوەی کە نەبچڕێتەوە یا ون نەبێت. لە ملم دامدەکەن و لەنـاو شـتـێکـدا لـە شـوێـنـێکی ماڵـەکەمـان دامـدەنـا.. کـە دەهـاتـمەوە لـە مـلـم دەکـرد.

رۆژێـک کە لە قوتابخـانە گەڕامەوە. هەرچـەنـدم کرد نەهـاتەوە بیـرم کە ملوانـکەکەم لە کوێ دانـاوە. لەگەڵ دایکمدا زۆر گەڕاین، بەڵام نەمانـدۆزییەوە. گریـام و خەمێکی زۆرم خوارد. دایکم دڵمی دایەوە و وتی:"خەم مەخۆ ملوانکەیەکی ترت بۆ دەكڕم" بەڵام رازی نەبـووم، هـیچ ملـوانکەیەک وەک ئەو ملـوانکەیەم دڵخۆشی نەدەکـردم. نـەدۆزرایـەوە.

سـاڵ رۆیی و سـاڵ هـات، گەورە بووم و بـووم بە کچـێکی تـەواو. شووم بە (دیـاکـۆ) ی بـاوەگـەورەت کـرد. سێ کـوڕ و دوو کچـمان هـەیە، کە یەکـێکـیان (دڵسـۆز) ی دایکـتە، ئەوی تریـان پـوورە (میـدیـا) تە. دایکیـشـت شووی کـرد، تـۆ و کاکە (خەبـات)ی بـراتی هەیـە. دوای ئـەو هەمـوو رۆژگـار و تەمـەنە.. مـلوانکە بـزربـووەکەم لەبـیـرنەچـۆوە و جـاروبـار کە دەهـاتـەوە بـەرچـاوم، هـەنـاسەیـەکی قـووڵـم بـۆی هـەڵـدەکـێـشا.

پـرسـیم: هـەر نـەدۆزرایــەوە؟

دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، وەکـو دەزانـی و بیـنیـوتـە، کـە ژوورێـکی گـەورەمـان لە خانـووەکـەمانـدا هـەیە و کـلیـلمان کـردووە. لە کاتی دایک و باوکـمـدا، هـەر شـتـێکی زیادەمـان ببـوایە، یا پێویستیمان پێی نەمایە، یا شتێکی تازەمان بکڕیایە، کۆنەکەمان دەخستە ئەو ژوورەوە. شتی هەمەڕەنگەی جوان و کۆن وکەلەپووری بەنرخی تێدایە.

پێری لەگەڵ خاڵ و خاڵۆژنت بڕیارمان دا، کە هەموومان شتەکانی ناو ئەو ژوورە پاک بشـۆرین یا بیان سـڕینەوە و سەرلەنـوێ بـە رێـکی دایـان بنێـین. ژوورەکە پـڕبـوو لە جاڵجـاڵـۆکە. قـۆرییـەکی گـەورەی چـینی جـوان لەسەر رەفـتی قـەد دیـواری ژوورەکە دانرابوو. دامگـرت بـۆ ئـەوەی کە لەگـەڵ ئەو شــتانەدا دایبنـێم کە بـۆ شـۆریـن دامـان نابوون. خڕە خڕێک لە قـۆرییەکەوە هات.. قەباغی قۆرییەکەم لادا.. بینیم ملوانکەکەم لەناو قـۆرییەکە دایـە. خەریکـبوو لە خۆشییا گەشەگەداربـم و ببـوورێمەوە. قـسەم بۆ ناکـرا. هـاتەوە بیـرم کە ئـەو رۆژەی نەمانـدۆزییـەوە، خـۆم پیـش ئـەوەی کە بچـم بـۆ قوتابخـانە خستمە نـاو ئـەم قـۆرییەوە. پاک شۆریم و کردمە ملم. وا هەستم دەکرد، کە کـیژۆڵـە جـوانکـیـلەکەی ئـەو رۆژەم، کـە بـۆ یـەکـەم جـار دایـکـم لـە مـلی کـردم.

پـرسـیم: ئـەی کـۆا ملـوانکەکـەت.. لە ملـت نییە.. بۆ نەتهـێنا تـا پێـشـانی منی بـدەیت؟

دایـەگـەورە: کچـە جـوانـەکـەم.. وەرە پێـشـەوە.. چـاوەکـانـت بنـووقـێـنە.

چـوومـە پێشەوە و چاوەکـانـم نوقـانـد.. ملوانکەکەی کـردە ملـم و وتی: پێشکەشـت بێ. کە چاوەکانم کردەوە و ملـوانکەکەم بینی.. خەریکـبوو لە خۆشیا باڵبگـرم و هەڵـبـفـڕم. باوەشم لە دایە گەورە دا. تێر تێر روومەتەکـانیم ماچکرد.. زۆر زۆریش سوپاسم کـرد.

دایـەگـەورە: خـەنـدە گیـان، کچـە جـوانـەکەم.. ئـاگـات لـە ملـوانـکـەکەت بێـت، بـزری نەکـەیـت، تـا وەکـو مـن خـەفـەتی بـۆ نەخـۆیـت.

وتـم: دڵـنیابـە زۆر ئاگـام لـێی دەبێـت.. چـونکە ئەمـە جـوانتـریـن دیـاری و یـادگـاریی تـۆی دایـەگـەورەی خـۆشـەویسـتمانـە.

نەرویـج: ٢٠٢٠

Comments


bottom of page