من ڕەفتاری خۆم گۆڕی
- alihamarashid
- Jun 29, 2020
- 2 min read
نوسینی: ھەرێم کەمال
.
ھاوڕێیان ئەم کاتەتان باش.. من سمۆرە(کاردۆ)م. ھیوادارم ئێوە وەکو جارانی من نەبن، جاران من لاساربووم، بەڵام ئێستا کەسێکی ئاساییم. ئەوەی منی گۆڕی ئەم بەسەرھاتەبو، گوێبگرن با بۆتان بگێڕمەوە. رۆژێک من و سمۆرەی ھاوڕێم( کاروان) پێکەوەبووین، من دەمویست ئازاری بدەم؛ چونکە گوێزی زۆر بەتامی پێبوو. گوێزەکانم لێستاند و ئەویش بەگریانەوە ڕۆشتەوە ماڵەوە، لەو ڕۆژەوە کاروانی ھاوڕێم لێم توڕە بو، چیدی یاریی لەگەڵ نەدەکردم.
ڕۆژێکی تر دایکم بانگی کردم، بەڵام من وەڵامم نەدایەوە، دواتر دایکم بە شیرینی خوشکمی
وت: شیرین گیان بڕۆ ئەو جلانە کۆبکەوە، من چووم جلەکانم لێتێکدا، دایکم لە شیرینی خوشکم توڕەبوو، وایزانی ئەو کارەکەی نەکردووە. لە ڕاستیدا من کارەکەم لێتێکدا، دەنا شیرین بەجوانیی جلەکانی کۆکردەوە، لەو رۆژەوە خوشکەکەم دڵی لە من ڕەنجا.
کارزانی برام ویستی ئاو بۆ باوکم ببات، من ئاوەکەم لێڕشت، من دڵخۆش بووم بە رژانی ئاوەکە، بەڵام کارزان زۆر دڵتەنگ بو. لەو رۆژەوە ھەستمکرد دڵی لێم رەنجاوە.
لە پۆلیشدا لاسار بوم و ھەمیشە ھاوڕێکەی تەنیشتمم سەرقاڵدەکرد. ھەتا ڕۆژێکیان مامۆستا منی لای ھاوڕێکەم لابرد. ئیتر من تەنیا کەوتم، ھاوڕێکانم ھەموو پێکەوە یارییان دەکرد و منیش سەیرم دەکردن. لەو رۆژەوە لە قوتابخانە ھاوڕێم نەبوو یاریی لەگەڵدا بکەم، لە ماڵیشەوە دایک و باوکم ھیچ ئەرکێکیان بە من نەدەسپارد. خوشک و براکانیشم یارییان لەگەڵ نەدەکردم. بێزاربووم لە تەنیایی.
ڕۆژێک بە ھەڵگوردی ھاوڕێم وت: وەرە با یاری بکەین ؟
ھەڵگورد وتی: ناتوانم یاریی لەگەڵ تۆ بکەم , چونکە تۆ لاساری .
وتم: ئاخر من زۆر حەزم لەیارییە!
ھەڵگورد وتی: بەڵام تۆ نازانی وەکو ئێمە یاریبکەیت. تۆ توندووتیژیت، پێویستە ژیر بیت و ئازاری کەس نەدەیت ئەو کاتە کەس لێت دوورناکەوێتەوە.
من گوێم بە قسەکانی ھەڵگورد تەدا.
زۆر جار دایکم پێیدەگووتم: کەش و ھەوا ساردە پاڵتۆیەک لەبەر بکە.
یان باوکم و دایکم و مامۆستاکانم ئامۆژگارییان دەکردم پێش نان خواردن دەستم بەسابوون بشۆم,
بەڵام من ئامۆژگاریی ئەوانیشم وەرنەدەگرت تا جارێکیان نەخۆشکەوتم و بردیانم بۆ نەخۆشخانە.
پزیشکەکە وتی: تۆ جگە لەوەی سەرمات بووە, بەسابوونیش دەستوپلت نەشۆردووە , بۆیە نەخۆش کەوتوویت. چارەسەرت بۆ دەنووسم و چەند ڕۆژێکیش لە ماڵەوە پشوو بدە تا چاکدەبیتەوە.
بە تەنیا لە ژورەکەمدا کەوتبوم, جگە لە چەند مامۆستا و ھاوڕێیەکم کەس نەھات بۆ سەردانم! بانگی شیرین و کارزانم کرد وتم: باشە بۆ کە ئێوە نەخۆش بوون گشت خزم و ھاوڕێ و مامۆستاکان ھاتن بۆ لاتان؟ ئەی بۆ نایەنە بۆ لای من ؟!
وتیان: ئێمە ئازاری کەس نادەین و دڵی کەس ناڕەنجێنین, پاکوخاوێنین و ئامۆژگاری دایک و باوک و مامۆستاکانمان وەردەگرین, حەزمان بە یارمەتی دانی ھەموانە, بۆیە ئەوانیش دڵسۆزی ئێمەن. لەو ڕۆژەوە بیرم کردەووە "دەبێ لەمەودوا سمۆرەیەکی جیاوازبم و رەفتاری خۆم بگۆڕم, دڵی کەس نەڕەنجێنم, ئامۆژگاری دایک و باوک ومامۆستاکانم وەربگرم و یارمەتی ھەمو ئەوانە بدەم پێویستیان بە منە"
ھەرواشم کرد, بەڵام ماوەیەکی پێچوو تا وەک سمۆرەیەکی باش و نەرموونیان ناسیمیان, ئێستا لەگەڵ خوشک و برا و گشت ھاوڕێکمدا زۆر تەبام و ھەمیشە پێکەوە یاریدەکەین.
Comentários