top of page

کیسەڵێکی زیرەک

Updated: Aug 4, 2020

کیسەڵێکی زیرەک

نووسینی : شەریا شەرما

گۆڕینی : محەمەد بەرزی

منداڵە ژیرەکان : لە ناو دارستانێکی گەورەی زۆر چڕی پڕ لە دار و درەختدا ، چەندین ئاژەڵی گەورە و بچووک پێکەوە دەژیان ، هەموویان دڵخۆش و ئاسودە بوون . لە بەیانییەوە تا لای نیوەڕۆ خەریکی یاریکردن بوون . ئاژەڵەکان ، کە نانی نیوەڕۆیان دەخوارد بۆ خۆیان تا درەنگ دەنووستن . ئەوەی سەیر بوو لەناو هەموویاندا تەنها ڕێوییەکی فێلبازی بێ عەقڵی تەمەڵ پەستو بێزار بوو ، جا چونکە هیچ خواردنێکی دەستنەدەکەوت بیخوات ، هەمیشە برسیی بوو . هەر بۆیە نەیدەتوانی بە سکی برسی بە ئیسراحەت وەک ئاژەڵەکانی تر بنوێت . لە برساندا زوڕە زوڕ دەگریا و دەیووت : ( ئای خوایە گیان چەندم برسییە ، سکم لە برساندا قۆڕەی دێت و خەریکە بمرم ، نازانم بۆچی لەم دارستانە گەورەیەدا نێچیرێکم دەستناکەوێت بیخۆم و منیش وەک هاوڕێکانم تێڕ ئیسراحەت بکەم ) ... ئیتر بە تەواوی ئارامی لیێ بڕابوو ، هەر بۆیە لە ناو دارستانەکەدا ، کەوتە گەڕان و سوڕانەوە ، خوا خوای بوو نێچیرێک بگرێت و ورگی خۆی پیێ تێر بکات . نەوەستا تاگەیشتە کەناری ڕووبارێکی نزیک دارستانەکە . لە پڕ لە دوورەوە کیسەڵێکی هاوڕێی خۆی بینی ، کە لە لێواری ڕوبارەکەدا وەستابوو . بە بینینی کیسەڵەکە وەک گوڵ گەشایەوە ، هەر بۆیە زۆر بە ئەسپایی و بەبێ ئەوەی تەپە تەپی پێکانی بێت ، بە هێمنی لێی نزیک کەوتەوە و زۆر بە خێرایی خۆی هەڵدایە سەر پشتە ڕەقەکەی و قەپێکی لیێ گرت ، ئنجا بە هەموو هێزی خۆیەوە و بە قاچەکانی خێرا خێرا کەوتە وێزەی پشتی کیسەڵەکە و لەسەر پشتی هەڵدەپەڕی .. کیسەڵەکە گورج سەر و دەست و قاچەکانی خۆی لە ناو قاوغەکەی پشتیدا شاردەوە . هەر بۆیە ڕێوییەکە نەیتوانی بیخوات ، چونکە قاوغی پشتی کیسەڵەکە وەک بەرد ڕەق و ئەستور بوو ، هەر چەندە پەیتا پەیتا گازی لە قاوغەکەی دەگرت ، بەڵام نەیتوانی ئازارێک بە کیسەڵەکە بگەیەنێت .. کیسەڵەکەش بۆ ئەوەی خۆی لەو بەڵایە ڕزگاربکات ، کەوتە بیرکردنەوە و پاش تۆزێک بیریی کەوتەوە ، کە ڕێوی مەلە نازانێت ، هەر بۆیە بە ڕێوییەکەی وت : ( پێویست ناکات ئەوەندە گاز لە پشتم بگریت ، لەوەش زیاتر خۆت ماندوو مەکە ، ئەو قاوغەی پشتم زۆر زۆر سەخت و ئەستورە ، چەند دانەکانت تیژ بن ، ناتوانیت ئەو پشتە ڕەقەم بڕوشێنێت ، لەبەر ئەوە وازبێنە و تۆ ناتوانیت بەمجۆرە بمخۆێت . خۆ ئەگەر هەر دەتەوێت بمخۆیت ، ئەوا باشتر وایە ، بمخەیتە ناو ڕوبارەکەوە ، تا چەند جارێک بە جوانی خۆمی تێهەڵبکێشم و پشتم بە ئاوەکەی تەڕ تەڕ بکەم ، ئەو کاتە ئاوەکە وەک لۆکەی خاو قاوغەکەم نەر نەرم دەکاتەوە ، کە نەرمیش بۆوە دەتوانی بە ئاسانی بمخۆیت ) .

ڕێوییەکە چونکە بێ ئەقڵ بوو ، هەر زوو بە قسەی کیسەڵەکە باوەڕیکرد و لە دڵی خۆیدا وتی : ( بەخوا ئەمە بیرۆکەیەکی چاکە ) . ئنجا خێرا بە لمۆز و قاچەکانی پەیتا پەیتا پاڵی بە کیسەڵەکەوە نا و نەوەستا تا بردییە لێواری ئاوەکە و هەتا توانی پاڵێکی زۆر قایمی پێوە نا و خستییە ناو ڕووبارەکەوە .. کیسەڵەکە هەر ئەوەندەی چووە ناو ئاوەکەوە ، گورج سەر و قاچ و دەستەکانی لە قاوغەکەی خۆی درهێنا و تۆزێک لە کەنارەکە دوور کەوتەوە . بەڵام چونکە ڕێوییەکە مەلەی نەدەزانی ، لە ئاوەکە زۆر دەترسا و نەیدەوێرا لە ئاوەکە نزیک بکەوێتەوە ، بۆیە لە دوورەوە سەیری کیسەڵەکەی دەکرد و خوا خوای بوو زوو خۆی لە ئاوەکە هەڵبکێشێت و بگەڕێتەوە بۆ لای . بەڵام کیسەڵەکە بە خۆشییەوە چەند جارێک خۆی لە ئاوەکەدا نوقومکرد و بە ئارەزووی خۆی کەوتە لەنجە و لار و سەماکردن و زوو زووش بە ڕوویەکی خۆشەوە سەری لە ئاوەکە دەردەهێنا و دەستەکانی بۆ ڕێوییەکە ڕادەواشاند و قاقا پێی پێدەکەنی و گاڵتەی پێدەکرد و پەیتا پەیتاش بە دەنگی بەرزەوە دەیوت :

تەنها بە بیرکردنەوە

تۆڵەی خۆمم کردەوە

من زۆر چاکم دەزانی

کە تۆ مەلە نازانی

ئاوەکە دەمپارێزێ

نامگرێ هیچ فێڵبازێ

بڕۆ بە سکی برسی

هەتا دەتوانی بگری

ئەوەی ژیر و دانایە

دوورە لە گشت بەڵایە

ڕێوییەکە بەو قسە و گاڵتە پێکردنەی کیسەڵەکە هۆش لە کەللەیدا نەما و لە خەفەتا دەمووچاوی شین و مۆر هەڵگەڕا و خەریکبوو بتەقێت ، هەر بۆیە هیچی بۆ نەمایەوە ، بە برسێتی و تووڕەییەکی زۆرەوە دوورکەوتەوە و ڕێگای دارستانەکەی گرتەوەبەر و لوشکە لوشکیش دەگریا .

تێبینی : ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی ، لە نووسینی : SHREYA SHARMA یە .





Comments


bottom of page