تووتییەکەی تاڤی
- Mohammad
- Aug 4, 2020
- 4 min read
محەمەد بەرزی
ئەم چیرۆکە پێشکەشە بە تاڤی
*****
منداڵە خۆشەویستەکان تاڤی کیژۆڵەیەکی زیرەک و وریا و پاکوخاوێن بوو . مامۆستاکان و هاوریێ کانی زۆریان خۆشدەویست ، ئەو زۆر حەزی لە خوێندنەوەی کتێبی منداڵان بوو . زۆر جاریش لە ماڵەوە کتێبی بۆ خوشکە پچکۆلەکەی دەخوێندەوە . جگە لە کتێب خوێندنەوە ، ئاژەڵ و باڵندکانیشی خۆشدەویست ، ئاواتیشی ئەوەبوو ، باوکی باڵندەیەکی بۆ بکڕێت ، لە ناو باڵندەکانیشدا زۆر حەزی لە تووتی و کۆتر بوو . باوکیشی پەیمانی پێدابوو ، لە یادی جەژنی لە دایکبوونیدا ، تووتییەک ، یان کۆترێکی بە دیاری بۆ بهێنێت .
ئەوەی سەیر بوو ، ڕۆژێک تاڤی لە گەڵ خوشکەکەیدا لە قوتابخانەوە دەگەڕانەوە بۆ ماڵی خۆیان ، کاتێک لە دەرگاکەوە چوونە ژوورەوە ، لە ناو باخچەکەیاندا گوێیان لە جووکە جووکێکی زۆر بوو ، تەماشایانکرد قەلە ڕەشێک نیشتۆتە سەر تووتییەکی پچکۆلانە و بە دەنووک بەربۆتە سەر سنگ و بن باڵەکانی ، تووتییەکەش جگە لە جووکە جووک ، نەیدەتوانی خۆی لە ژێر قەلەڕەشەکەدا ڕزگار بکات . تاڤی کە ئەو دیمەنەی بینی خێراجانتاکەی دانا و ڕایکرد بەرەو قەلە ڕەشەکە ، قەلە ڕەشەکەش کە تاڤی بینی لە ترساندا هەڵفڕی ، بەڵام تووتییەکە لە بەر ئازاری سنگ و باڵەکانی نوزەی لێ بڕا بوو ، بە هیچ جۆرێک نەیتوانی لە جێگای خۆی بجوڵێت ، هەر بۆیە تاڤی زۆر بە ئەسپایی خستییە ناو هەردوو لەپی دەستەکانییەوە و هەر زوو بردی بۆ لای دایکی . دایکی کە تووتییەکەی بەو جۆرە بینی ، بە ئەسپایی تووتییەکەی لە تاڤی وەرگرت و زۆر لەسەرخۆ بە پارچە لۆکەیەک ، کەوتە پاککردنەوەی سنگ و باڵەکانی و زۆر بە جوانیش برینەکانی باڵەکانی دەرمانکرد و خستییە ناو سەبەتەیەکەوە . تاڤیش خێرا چوو ئاو و تۆزێک نـاوکە گوڵە بـەڕۆژەی وردی بـۆ هێنا . بەڵام تووتییەکە لە ترساندا دەلەرزی و نەیتوانی دەنووکی بکاتەوە .
سەرلەئێوارە باوکیان گەڕایەوە بۆ ماڵەوە ، بە بینینی تووتییەکە زۆر دڵخۆشبوو ، هەر بۆیە بە تاڤی ووت : ( سبەینێ قەفەزێکی جوان بۆ ئەم تووتییە پچکۆلەیە دەهێنمەوە و با ئیتر بۆ خۆی لەگەڵ ئێمەدا بژی ) . تاڤیش بەو قسانەی باوکی زۆر دڵخۆشبوو ، هەموو گیانیشی لە خۆشیدا پێدەکەنی . ئەو ڕۆژە تا درەنگ تاڤی و خوشکە پچکۆلەکەی بە دەوروخولی تووتییەکەدا دەهاتن ، بەڵام تووتییەکە لەبەر ئازاری سنگ و برینی باڵەکانی نەیدەتوانی بجووڵێت .
بەیانی کە تاڤی لەخەوە هەستا خێرا چوو بۆ لای تووتییەکە ، زۆر بە ئەسپایی هەڵیگرد و جامە ئاوەکەی لە دەنووکی نزیککردەوە ، پاشان چەند ناوکە گوڵەبەڕۆژەیەکی وردکراوی لەسەر لە پی دەستی بۆ دانا ، ئەوەی باشبوو تووتییەکە تۆزێک ئاو و دوو دەنکیش ناوکە گوڵە بەڕۆژەی خوارد ... پاشان تاڤی تووتییەکەی بەجێهێشت و لەگەڵ خوشکەکەیدا چوون بۆ قوتابخانە . لە قوتابخانەش بە وردی باسی تووتییەکەی بۆ هاوڕێکانی کرد .
ئێوارەی ئەو ڕۆژە باوکی تاڤی قەفەزێکی جوانی بۆ تووتییەکە هێنا بۆوە ، تووتییەکەش تۆزێک حاڵی باشبوو بوو . ئیتر بە جوانی لە ناو قەفەزەکەدا دایاننا و بۆ چەند ڕۆژێک دایکی تاڤی لە ناو دەستەکانی خۆیدا ئاو و دانی بە تووتییەکە دەدا ، پاش چەند ڕۆژێک تووتییەکە بۆ خۆی کەوتە جووکە جووک و باڵەکانیشی بە جوانی دەجوڵاند و هەر خۆشی ئاو و دانی دەخوارد ، دوای مانگێکیش بە تەواوی چاکبۆوە ، هەموو ڕۆژێکیش تاڤی تووتییەکەی لە قەفەزەکە دردەهێنا و لە ناو دەستەکانی دا ناوکە گوڵەبەڕۆژەی بۆ ڕادەگرت ، ئەویش زۆر بە جوانی دەنووکی لە گوڵە بەرۆژەکە دەدا و بەمەش تاڤی ختووکەی دەستی دەهات و پێدەکەنی . پاشان دەرگا و پەنجەرەکانی ژوورەکەی دادەخست و تووتییەکەی بەرەڵڵادەکرد ، ئەویش بۆ خۆی بە ناو ژوورەکەدا دەفڕی و جار جارێکیش لەسەر پەڕەکانی پانکەی ژوورەکە و جارجارێکیش لەسەر تەختەی سەر پەنجەرەکان دەنیشتەوە ، خۆ کاتێکیش تاڤی چەند ناوکە گوڵە بەڕۆژەی لەسەر لەپی دەستی بۆ ڕۆدەکرد ، تووتییەکە خێرا دەفریی و لەسەر دەستی تاڤی دەنیشتەوە ، ئەویش بە ئەسپایی دەیگرت و ماچێکی دەکرد و لەسەرخۆ دەیخستەوە ناو قەفەزەکەی .
تاڤی و تووتییەکە بوو بوون بە دوو هاوڕیێ گیانی بە گیانی و بە دڵ یەکتریان خۆشدەویست ، تاڤی هەموو ڕۆژێک ناو قەفەزەکەی بۆ پاکدەکردەوە و دان و ئاوی تازەی بۆ دادەنا ، جار جارێکیش تووتییەکەی ماچدەکرد ، تووتیەکەش تاڤی خۆشدەویست و ناوی تاڤی فێر بوو بوو ، هەر کاتێک تاڤی لە قوتابخانە دەگەڕایەوە ، لە ناو قەفەزەکەدا سەر و باڵەکانی خێرا خێرا بۆ دەجووڵاند و یەک بینە دەکەوتە سەما و زوو زووش دەیووت : ( تاڤی .. تاڤی ) . تاڤیش لە خۆشی ناوەکەی وەک گوڵ دەگەشایەوە .
دوای نیوەڕۆیەک تاڤی تووتییەکەی لە قەفەزەکە دەرهێنا و لە ژوورەکەدا بەرەڵڵایکرد ، ئەویش وەک جاران لە ناو ژوورەکەدا کەوتە خولانەوە ، لە پڕ خوشکە پچکۆلەکەی تاڤی دەرگای ژوورەکەی کردەوە و لە بیری چوو دەرگاکە لە دوای خۆیەوە دابخات ، هەر بۆیە تووتییەکە فرسەتی هێنا و باڵەکانی کردەوە و وەک با فڕیی و لە دەرگاکەوە ڕێک چووە دەرەوە و لە ناو دارەکانی باخچەکەدا بزر بوو. تاڤی و خوشکەکەی زۆر شپرزەبوون ، کاتێکیش دایکیان بەوەی زانی ئەویش زۆر غەمبار بوو . هەموویان بە خێرایی ڕایانکردە ناو باخچەکەوە و بە دەوری دارەکاندا کەوتنە گەڕان ، بەڵام تووتییەکەیان نەبینی . بەمەش هەموو بە جارێک پەست و خەمناک بوون و نەیاندەزانی لە خەفەتدا چیی بکەن . ئەو شەوە تاڤی خەیاڵی هەر لای ئەو بوو ، لە داخی نەمانی تووتییەکە ، لە ناو جێگاکەیدا چڵەی چاوی دەهات و هەر تلی دەدا و نەیدەتوانی بە باشی بخەوێت .
ڕۆژی دوایی تاڤی و خوشکەکەی بە غەمباری لە قوتابخانەوە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە ، هەر دەرگاکەیانکردەوە ، تووتییەکە لە ناو دارەکانەوە وتی : ( تاڤی .. تاڤی ) ... تاڤی بەو دەنگە خەریکبوو لە خۆشیاندا باڵبگرێت . تەماشایکرد تووتییەکە لەسەر لقێکی نزمی دارێکە و کەوتۆتە سەما و باڵ جوڵاندن بۆ تاڤی ، هەر بۆیە تاڤیش خێرا چووە ژوورەوە و تۆزێک ناوکە گوڵەبەڕۆژەی هێنا و لەسەر لەپی دەستە پچکۆلەکەی داینا و بۆ تووتییەکەی بەرزکردەوە ، تووتییەکەش ، کە ئەوەی بینی ، وەک جاران گڤەیکرد و لەسەر دەستی تاڤی بە جوانی نیشتەوە . تاڤیش بە ئەسپایی تووتییەکەی گرتەوە و تێر ماچێکی کرد و وتی : ئۆخەی تۆمان دۆزییەوە و بە یەکتری شاد بووینەوە . پاشان بە خێرایی هانییەوە بۆ ژوورەوە و خستییەوە ناو قەفەزەکەیەوە . بە مەش هەموو وەک گوڵ گەشانەوە .. ئنجا بە زوویی چوو دان و ئاوی بۆ هێنا .. بۆ ڕۆژی دواییش تاڤی لە پۆلدا چیرۆکی تووتییەکەی بۆ مامۆستا و قوتابییەکان گیڕایەوە ، ئەوانیش بەو چیرۆکە دڵخۆشبوون و هەموو زۆر بە قایم چەپڵەیان بۆ لێدا و ئافەرینی تاڤییانکرد ، کە چۆن بە زیرەکی خۆی ، تووتییەکەی ڕاهێنابوو وا بە جوانی لەسەر دەستەکانی بنیشێتەوە .
٢ / ٨ / ٢٠٢٠

Comments