لە پەنجەرەی پەروەردەوە.....................عـــــەلی حەمەڕەشید
- عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
- Nov 30, 2023
- 3 min read
Updated: Dec 1, 2023
لە پەنجەرەی پەروەردەوە .........................عەلی حەمەڕەشید

نووسین لە بواری پەروەردەدا گرنگی و تایبەتمەندی خۆی هەیە و پێویستی بە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ هەیە لەو بوارەدا، تا بتوانێت بە شێوەیەکی دروست کاریگەری ئەرێنی خۆی لەسەر پڕۆسەی پەروەردە بە گشتی هەبێت و هەموو ئەو کەموکووڕییانەی کە هەستیان پێدەکرێت بخرێنەڕوو هەموو ئەمانەش لە پێناو بنیاتنانی پەروەردەیەکی دروست و بێ کەموکوڕی. لەبواری پەروەردەدا چەند بنچینەیەکی گرنگ هەن کە پێویستە هەمیشە و بە بەردەوامی کاریان لەسەر بکرێت بە ئاڕاستەیەکی سەردەمی و گونجاو لەپێناو چوونەپێشەوە و نەهێشتنی هەموو ئەوانەی دەبنە بەربەست و پەروەردە بە چەقبەستوویی دەهێڵنەوە. مامۆستا و پڕۆگرام و بینای قوتابخانە سێکوچکەیەکی پێکەوە بەستراون و هەرسێکیان هەم تەواوکەری یەکترن، هەم پەروەردە بە بێ نەبوونی یەکێکیان ئەستەمە بتوانێت وەک پێویست هەنگاو بنێت و بەو شێوەیەی پەروەردە دەخوازێت بڕوات. هەر یەکێکیش لەو سیانە پێویستییان بەکارلەسەرکردن هەیە. مامۆستا پێویستە لەگەڵ دابینکردنی سەرجەم مافەکانیدا بەردەوام ئاگاداری هەموو ئەو گۆڕانکاریانە بێت کە روودەدەن و خولی بەردەوامیان بۆ بکرێتەوە دەربارەی چۆنیەتی هەڵسوکەوت لەگەڵ منداڵاندا و رێگاکانی وانە وتنەوەی سەردەم و چۆنیەتی بەکارهێنانی هۆکارەکانی فێربوون، لەگەڵ ئەمانەشدا مامۆستا خۆیشی هەوڵی خۆی بدات و گرنگی زیاتریش بدات بەخوێندنەوە لە بوارەکانی پیشە و پسپۆڕییەکەی خۆیدا و بابەتی سایکۆلۆژی و ئەدەبیاتی منداڵان و زانستی و هەر بابەتێک کە خۆی حەزی پێدەکات بۆ ئەوەی دانەبڕێت و بەردەوام لە خۆ نوێکردنەوەدا بێت. هەرچی پڕۆگرامیشە وا پێویست دەکات گۆڕانکاری تێدا بکرێت کە لەگەڵ سەردەمەکەدا بگونجێت و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ بۆ هەر بابەتێک دەستنیشان بکرێن بۆ پێداچوونەوە و گۆڕانکاری بە لەبەرچاو گرتنی پێشکەوتنەکان و سەرنجدان لە پڕۆگرامی وڵاتانی تر. خۆ بینای قوتابخانەش بەهەمان شێوە پێویستی بەوە هەیە بکرێتە ژینگەیەکی خۆش و گونجاو بە دیزاینێکی سەردەمی و بە رەچاوکردنی بوونی هۆڵ و باخچە و ژوری تاقیگە و گۆڕەپان و بوونی ئاوی خاوێن و تەوالێت کە بەشێوەیەک بێت گونجاو بێت لەگەڵ گەورەیی بیناکە و بۆ خاوەن پێداویستی تایبەتیش دروستبکرێت، لەگەڵ دروستکردنی رەمپا و تا مێز و کورسی تایبەتیش بۆیان. ئەمانە وامان لێدەکات منداڵان کە بنیاتنەری کۆمەڵگەن بە شێوەیەکی باش پەروەردە بکرێن و فێرببن و بەگەشبینییەوە لەداهاتوویان بڕوانن. بوونی پەنجەرە لە هەر بینایەکدا دەبێتە هۆی رووناکییەکی تەواو و هەوا گۆڕکێ و هەوای خاوێنیش بە باشی دێت و دەچێت و دەبێتە هۆی خۆشی و خەندە دەخاتە سەر لێوان. کەواتە پەنجەرە ئەو کاریگەرییە ئەرێنییە باشەی هەیە و هەمووان بە ئاسانی هەستی پێدەکەین. ئەی ئەگەر پەنجەرەکان لە بوارێکی تری ژیاندا بن کە هەمووان بگرێتەوە دەبێت چۆن بێت و گرنگی چۆن بێت؟ زیاتر مەبەستم کتێبی (لە پەنجەرەی پەروەردەوە)یە کە نووسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی مامۆستا مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان نووسیویەتی و لە دوو توێی 400 لاپەڕەدایە و یەکێکە لەبڵاوکراوەکانی رۆژنامەی (کوردستانی نوێ)، کە پێشتر مامۆستا مەحمود بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام سێشەممان لەگۆشەیەکدا لەهەمان رۆژنامەدا و بەهەمان ناونیشان بڵاوی کردوونەتەوە و ئێستا بوون بە کتێبێک کە پێویستە لە کتێبخانەی هەموو باخچە و خوێندنگە و قوتابخانەیەکدا هەبێت تا مامۆستایان و سەرپەرشتیاران بیخوێننەوە و سودی لێوەربگرن. لەهەمان کاتیشدا کار لەسەر رەخنە و پێشنیازەکان بکرێت. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو لای من کە پێش ئەوەی بکرێت بەکتێب من سێشەممان بابەتەکانم دەبینی و دەخوێندەوە ئەوەیە کە نووسینی بابەتەکان بەسەلیقەیەکی وردی هەست بە بەرپرسیارێتییەوە نووسراون و زۆریان رووداو و کێشە و گرفتەکانی پرۆسەی پەروەردە بوون کە دروستبوون و مامۆستا کردوونی بە هەوێنی نووسینی گۆشەکەی. ئەگەر سەرنج بدەین لە ناونیشانی گۆشەکان هەر هەموویان پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە پەروەردەوە هەیە و خزمەت بەو بوارە گرنگە دەکات. هەموو ناونیشانی گۆشەکان گرنگن کە مامۆستا بە وردی دەربارەیان دواوە. هەڵسەنگاندنی دەرەکی و خودهەڵسەنگاندن و کاریگەری لە بونیاتنانی تواناکاندا کە لە ئێستا لە سەرجەم باخچە و قوتابخانە و خوێندنگە و پەیمانگاکانی سەربە وەزارەتی پەروەردەدا کاری لەسەر دەکرێت بەشێوەیەکی ورد و باش مامۆستا باسی کردوون و شیکردوونەتەوە. وەک وتمان بەپێی ئەو رووداو و کێشانەی لەو کاتەدا روویانداوە مامۆستا هاتووە سوودی لێوەرگرتووە و بەشێوەیەک لێکدانەوەی بۆ کردووە و راوسەرنجی خۆی خستۆتەڕوو. کە کتێبی ئەلفبێی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، مامۆستا خۆیشی ئەندامی لیژنەکە بووە لە ژمارە (8422) ی رۆژنامەی کوردستانی نوێی رۆژی سێشەممە 3/8/ 2021 گۆشەکەی تەرخان دەکات بۆ ئەو مەبەستە. دەربارەی مەلزەمە وەک ئافاتێکی پڕۆگرامی خوێندن دەیکاتە بابەتی گۆشەیەکی تری. زۆری قوتابی و خوێندکار لە پۆلێکدا کە گرفتێکی گەورەیە مامۆستا کردوویەتی بە ناونیشانی یەکێکیتر لەگۆشەکانی. وانەبێژانیشی فەرامۆش نەکردووە و لەگۆشەیەکدا ئاوڕی لێداونەوە و باسی کردوون. یەکپۆشی و فیستیڤاڵ و ئاهەنگی قوتابخانەکان و خوێندنی ئەلکترۆنی و ئەنجامی بایکۆت و ستراتیژی وانەوتنەوە و بۆچی قۆپی دەکرێت و منداڵ و پەروەردەی سێکسی و مەترسی خواردنگەی قوتابخانە و خوێندنگەکان و چەندین ناونیشانی گرنگی تر کراون بە ناونیشانی گۆشەکانی مامۆستا. کتێبەکە چوارسەد لاپەڕەیە کە مامۆستا مەحمود خۆی تایپی کردووە و ئاڤار ئومێد دیزاینی بەرگەکەی بۆ کردووە و لەچاپخانەی ئاسیا چاپکراوە کە ژمارەی سپاردین (1485) ی ساڵی 2023 ی لە بەڕێوەبەرایەتی کتێبخانە گشتییەکان وەرگرتووە و چاپی یەکەمە. شایانی باسە ئەم کتێبە رۆژنامەی کوردستانی نوێ هاوکاری چاپکردنی کردووە. مامۆستا پێشکەشی کردووە بە هەموو ئەو مامۆستایانەی کە خەمی بنەڕەتییان پێگەیاندنی نەوەیەکی بڕوابەخۆبووی بابەتی زانستییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش و ئەو پەروەردەکارانەی کە قەڵەمیان هەمیشە لەکاردایە بۆ نووسینەوەی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ. لەکۆتاییدا دووبارە دەستخۆشی لە رۆژنامەنووس و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی مامۆستا مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان دەکەین کە بەرپرسانە سەرنجەکانی خۆی لەپێناوی بەرەوپێشچوونی بواری پڕۆسەی پەروەردەدا خستۆتەڕوو.
Comments