سـێ پـەپـوولە
- Mohammad
- Apr 13, 2021
- 3 min read
نووسینی : شرەیا شەرمە .... گۆڕینی : محەمەد بەرزی
منداڵە زیرەکەکان ، جارێکیان لە ناو باخچەیەکی پڕ گوڵ و گوڵزاری ڕازاوەدا ، سێ پەپوولەی ئێسک سووکی زۆر جوان ، بوو بوون بە هاوڕیێ . یەکێکییان ڕەنگی سور و دووەمییان زەرد و سێیەمیشییان سپی بوو . هەرسێکیشیان پێکەوە سەما و یاریی و چاوشارکێیان دەکرد و زۆر شاد و کامەران بوون و لە خۆشیاندا دەشنانەوە . یەکتریشییان زۆر خۆشدەویست و حەزیشیان نەدەکرد بۆ تەنها ساتێکیش لە یەک جیاببنەوە .
ڕۆژێک هەموویان بەو پەڕی خۆشی و شادییەوە ، وەک جاران پێکەوە یارییان دەکرد ، لە پڕ پەڵە هەورێکی ڕەشی تاریک بەری ئاسمانی گرت و ڕەنگی گۆڕڕا و باران بە ڕێژنە دایکرد . هەر بۆیە پەپوولەکان لە ترسی بارانەکە و تەڕبوونی باڵەکانییان ، ڕایانکرد بۆ لای گوڵێکی سوری ناو باخچەکە و پێیان وت : ( گوڵە سورە جوانەکە ، تەماشاکە چۆن کەوتووینەتە بەر ئەم تاوە بارانە زۆرە ، باڵەکانمان تەڕ تەڕ بووە و زۆریشمان سەرمایە ، تکایە ڕێگامان بدە ، لەژێر پەڕەکانتدا بمێنیینەوە و خۆمان لە بارانەکە بپارێزین ؟ ) . گوڵە سوورەکە ڕوویکردە پەپوولە باڵ سورەکە و وتی : ( ڕەنگی تۆ وەک ڕەنگی من سور و جوانە ، هەر بۆیە تەنها تۆ دەتوانی لەلای من بمێنیتەوە ، بەڵام ڕێگا بەو دووانەی ترتان نادەم بمێننەوە ! ) . پەپوولەکان سەریان لە وەڵامی گوڵە سورەکە سوڕما ، بۆیە هەرسێکییان پێکەوە بە گوڵەکەیان وت : ( ئێمە زۆر دەمێکە هاوڕێی دڵسۆزی یەکترین ، هەموومان پێکەوە هاتووین و پێکیشەوە دەڕۆین ، هەرگیزیش لە یەک جیانابینەوە ) .. جا چونکە بارانەکە زۆر بە خوڕ دەباری ، خێرا فڕین بۆ لای گوڵێکی زەرد و هەمان پرسیاری مانەوەیان لەویش کرد ، بەڵام گوڵە زەردەکەش تەنها بە پەپوولە زەردەکەی وت : ( ڕەنگە زەردەکەی تۆ وەک ڕەنگە زەردەکەی من وایە ، هەر بۆیە تۆ دەتوانیت لەلای من بمێنیتەوە ، بەڵام ڕێگا بەو دووانەی ترتان نادەم بمێننەوە ! ) . لە وەڵامدا هەر سێ پەپوولەکە بە یەک دەنگ وتییان : ( ئێمە هاوڕێی گیانی بە گیانی یەکترین ، هەموومان پێکەوە هاتووین و پێکیشەوە دەڕۆین و هەرگیزیش لە یەک جیانابینەوە ) . ئنجا لە ناچاریدا ڕوویان کردە گوڵیکی سپی ، گوڵە سپییەکەش بە هەمان شێوەی گوڵەکانی تر ، تەنها بە پەپوولە سپییەکەی وت : ( ڕەنگەکەی تۆ وەک ڕەنگە سپییە بێگەردەکەی من وایە ، هەر بۆیە تۆ دەتوانیت بە تەنها لە لای من بمێنیتەوە ! ) . ئەمجارەش هەر سێ پەپوولەکە بە یەک دەنگ وتییان : ( ئێمە هاوڕێی دێرین و خۆشەویستی یەکترین ، هەموومان پێکەوە هاتووین و پێکیشەوە دەڕۆین و هەتا هەتاشە لە یەک جیا نابینەوە ) .
پەپوولەکان لە ژێر لێزمەی باران و وژەی بادا ، حاڵییان زۆر خڕاپ بوو ، هەموو حەپەسابوون ، زوو زوو دەکەوتن و هەڵدەسانەوە . شوێنیک نەما بوو پەنای بۆ بەرن . هەر یەکێکییان دەیتوانی بە تەنها شوێنێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە و لەو شەستە بارانە زۆرە ڕزگاری بێت ، بەڵام کەسییان حەزی لەوە نەبوو لە هاوڕێکانی جیابێتەوە .
لەم کاتەدا خۆری ئاسمان ، لە سەرووی پەڵە هەورەکانەوە ، بە جوانی ئەو سێ پەپوولە تەڕانەی بینی ، کـە سەرما کەسیرەی کردبوون و هەڵدەلەرزین . هەر کە ئەوانی بەو حاڵە ناخۆشەوە بینی ، خێرا پاڵێکی قایمی بە هەورەکانەوە نا و پەرشوبڵاوی کردنەوە و ئاسمان ساف ساف بوو ، یەکسەریش بارانەکە خۆشیکردەوە و بە جارێک وەستا . پاشان سەرلەنوێ تیشکی گەرمی هەتاویش دەرکەوتەوە . پەپوولەکان بە تیشکی خۆرەکە زۆر دڵخۆشبوون و لە خۆشیاندا دەتریقانەوە .. پاش تۆزێک باڵە تەڕەکانییان وشک بوونەوە و سەرلەنوێ هەرسێکییان بە قلیکوهوڕ و شادییەوە کەوتنەوە فرین و یاریکردنی خۆیان و هەرگیزا و هەرگیزیش لە یەک جیانەبوونەوە .
*****
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .

Comments