سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵان
- raza shwan
- Aug 11, 2020
- 8 min read
نوسینی: رەزا شـوان / نەرویج

( شەکسپـیر ) دەڵێ:" لە جیهانـدا سەرینـێک نییە، کە لە باوەشی دایک نەرمتربێـت" باوەش لە زمانی کوردیدا، سنگ و نیوان هەردوو باڵمان دەگرێتەوە، دەوتـرێ: دایک منداڵەکەی لە باوەش كرد و، وەکو گۆزارشتکردن لە سـۆز و خۆشەویستی خۆی بۆی، بە تونـدی نووسانـدی بە سنگی خۆیـەوە . بەداخەوە، تا ئەمڕۆش بەشێکی زۆر لە دایکـان و باوکـان، گرنگی و سوودەکانی لە باوەشکردنی منداڵەکـانیان نـازانن چییە، کە تا چ رادەیەک کاریگەرییان لەسەر بنیاتنانی کەسێتی و بیر و هۆش و ئەندێشە و تەندروستی و دەروون و ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵەکانیان هەیە و دەبێت .. هەندێ لە دایکان و باوکان، تا رادەیەک وشک و بێباکن و سۆزێکی پێویستی ئەوتـۆیان بەرانبەر بە جگەرگۆشەکانیان نییە.. دەشێ هۆی ئەمەش، نابەڵەدییان بێت، لە بارەی گـرنگی و سوودەکانی لە باوەشکـردنی منداكەکـانیان، یان دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆی نەریتی و کۆمەڵایەتی و خێزانی و، رانەهـاتنیان لەگەڵ ئەم سـۆز و هەستە مـرۆییەدا، یان بۆ پەروەردەیەکی هەڵە و نادروسـت . دەروونناسان وا دەبینن، کە بـاوەش پیاکردن نەک تەنها بۆ منـداڵان سـوود و چـێژێکی دەروونی و گرنگییەکی هەستی هەیە.. بەڵکو لە زۆر لایەنەکانی ژیانیةشدا، سوودی بۆ گەورەکانیش هەیە .. بۆ هـاوڕێ لە گەڵ هـاوڕێکانیـدا، بو هـاوسەران لەگەڵ یەکتریـدا. ( سوکـرات ): دەڵـێ" من هیـچ کـاتێک دڵنـیا نەبـوومە.. تەنیا ئەو کـاتە نەبێـت کە لە بـاوەشی دایکـمـدا بـووم "
منـداڵ هەر لە یەکەمین چرکە ساتی لە دایک بوونییەوە، پێویستی بە لە باوەشکـردن هەیە.. منداڵ هەر لەو کاتەوە کە لە دایک دەبێت، بۆن و هەناسە و و خـورپە و لێدانی دڵ و دەنگی دایکی خۆی دەناسێتەوە.. پزیشکە پسپۆرەکانی منداڵانیش، جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە.. کە منداڵ لە کاتی بوونیـدا، تـووشی جـورێک لە زەحمەتی هەناسەدان دەبێت، ئەگەر لەگەڵ بوونـیدا، دایکی لە بـاوەشی بکات و بەخـۆیەوە بنووسێـنێت و بە ناسکی و بە نەرم و نیـانی دەست بە سەرو لەشـیدا بهـێنێت.. یەکسەر هەنـاسەدانەکەی ئاسایی دەبێتەوە و، هەست بە دڵنیایی دەکات.. بێگومان بە پلەی یەکەم، رۆڵێ سەرەکی گۆشکردن و گەورەکردن و پەروەردەکردنی منداڵ لە ئەستۆی دایک دایە.. ئەو سـۆز و خۆشەویستییەی کە لە دڵ و دەروونی دایکیشدا هەیە، بێـوێنەیە و بەو رادەیە لە باوکدا بەدی ناکرێت .. مەبەستیشمان ئەوە نییە کە لە سۆز و لە خۆشەویستی و لە دڵسۆزی باوک بۆ منداڵەکەی کەمتر بکەینەوە .
منداڵ دەگری، گریان تەنها هۆی گوزارشکردنە لە هەست و لە پێویستی و لە داواكانی، چونکە هێشتا ناتوانێت قسەبکات و بە زمـان گـۆزارشت بکات.. هـۆکارەکانی گـریانی منداڵێش یا: برسییەتی داوای شـیر و خـواردن و تـێرکردن دەکات.. یا تینوویەتی داوای ئاو و پاراوکردن دەکات.. یا خۆێ پیسکـردووە یا میـزی بە خۆێدا کردووە و، گۆڕینی و پاکی دەوێت.. یا ئێش ئـازارێ هـەیە و چارەسەرکردنی دەوێـت.. یا هەست بە تەنیـایی دەکات و، لە باوەشکردنی دایک و باوکی و دڵنـیای و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێـت.
لە باوەشکردن و بەخۆوەنووساندن و ماچکردن و دەست بە سەروقـژ هاوردن و دەست خستنە سەرشان و ختووکەدانی و بە نەرم و نیانی پێاکـێشان بە پشتی منداڵـدا.. لە لایەن دایک و باوکییەوە پێویستییەکی گـرنگە.. چونکە بە خۆوەسانـدنی جەستەیی، هـۆیەکی راستەوخۆی پەیوەنـدیە و مایـەی خۆشی و شادی بەخـشینە بە منـداڵ.. لە باوشکـردن منـداڵ دڵـنیا دەکاتەوە، کە ئەو خۆشەویست و پەسەنـد و رێـزدار و لەبـەردڵانە لە لای خـێزانەکەی.. منـداڵ لە هەنـاوی دایکیدا و لە دنیـای رۆشنیشدا.. مەستـبوونی سـۆز و خۆشەویستی دەوێت.. بـاوەشی گـەرم و نـەرم و سـۆز و خۆشەویستیی دایک و باوکی دەوێـت.. گرنگی لە باوەش کردنی منـداڵ.. لە گـرنگی و لە پێـویستی شـیر و خواردن و ئـاو و ئۆکسجـین و لە شـۆرین و نووسـتن و جلوبەرگی جـوان و لە یـاری کەمتر نیـیە. هەموو ئەو توێژینەوانەی کە لە زۆر شوێنی جیهانـدا، تا ئێستا ئەنجـام دراون.. جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە.. کە ئەو منـداڵانەی مەستی سـۆز و خـۆشەویستی دەکـرێن و بە رادەی پێویست چاودێری دەکـرێن و زیـاتـر لە باوەش و مـاچ دەکـرێن.. بە تایبەتیش لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیاـندا.. کەمتر دەگـرین.. زیاتریش ئاسوودە و ئـارام دەبـن.. بە شـێوەیەکی باشـتریش گەشـەی جەسـتەیی و دەروونی دەکەن.. بەڵام ئەو منـداڵانەی کە بێـنازن و بێـبەشن لە سۆز و لە خۆشەویستی و چاودێری.. لە گەشەکردندا دوادەکەون.
بەیانیان کە منداڵ لە خەو هەڵدەستێت.. پێویستە دایک بە گەرمی و بە زەردەخەنـەیەکی ناسک و بە خۆشییەوە باوەشی لێ بدات و ماچی بکات و بەیانیت باشی لێبکات.. دایک بەم گوزارشتەی.. وەکو ئەوە وایە کە چنگـێکی گەورەی گـوڕ و تین و چالاکی و خۆشی و خۆشەویستی و هیـوا بە منداڵەکەی ببەخـشێت.. منداڵەکەی بە رووخۆشی و دڵخۆشی و گـەشی و گـەشبینییەوە پێـشوازی لە رۆژێـکی خـۆشی ژیانی دەکات.. کە دەڕوات بۆ قـوتابخـانەش پێـویستە دایـکی بە زەدەخەنـەیەکی ناسکەوە ماچـێکی تری بکـات و بە رێی بخات.. ئەو منداڵە لە قوتابخانەشدا ئاسوودە و مێشک ئارام دەبێت و بە خـۆشی و شادییەوە، بە هێمنییەوە، پێشوازی لە هاوڕێکانی و لە مامۆستاکانی و، لە وانەکەکانی دەکات. هـۆش و زەیـن و بیـریشی باشـتر ئامـادەی وەرگـرتن و فـێربوونی زانـست و زانیـاری دەبـن.
لە باوەشکردن، ئەو هەستە دەروونییە لای منداڵ دروست دەکات، کە دایکی نزیکترین و خۆشەویسترن کەسە بە لایـەوە.. پەیـوەنـدییەکی جەسـتەیی و رۆحـی زۆر بەهـێز لە نێوانیادا دروست دەبـێت.. بە ئاسانی و دڵـفراوانیشەوە منـداڵەکەی لە کەشوهـەوایـەکی خۆشەویستـیدا، زیاتر گوێـدێری رێنمایی و ئامۆژگارییەکانی دەبێت.. لە باوەشکـردن و بەخـۆوەنووسانـدنی جەسـتەیی، پەیـوەنـدییەکی رەگ قـووڵی ئەوتـۆ لە نێـوان دایک و منداڵەکەیـدا دروست دەکات.. کە هەرگیز ناتوانـرێت لە رەگ و ریشەوە هەڵبکـێشرێت. ئەو لای لایە و لاواندنەوە و گۆرانییانەش کە دایکان لەگەڵ راژەنینی لانک و بێـشکە و پاڵنانی جۆلانێـدا، بۆ کۆرپە شیرینەکانیان، بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و لە خۆشەویستی و ناسکەوە دەیانڵێن.. شادێ و هـێمنی و خـاوبوونەوەی دەروونی و جەستەیی و دڵنـیایی بە منداڵەکانیان دەبەخشن و بە خۆشییەوە دەنـوون.. بە دەم خەویشەوە هـەر وا هەست دەکەن کە دایکانیـان لە لایـانن و ئێشکـیان دەگـرن. (لامارتین) دەڵێ: " جـوانترین هـۆنراوە لە سەراسەری جیهاندا.. لای لایـەی دایاکـانە" ئەو بۆچوونەش وانییە کە هەندێ پێان وایە کە خۆشەویستییەکی زۆر منداڵ فـێری ناز و نووز دەکات بەڵکو بە پێچەوانەوە بێنازی و برسی بوونی خۆشەویستی و سـۆزداری، هۆیەکە بۆ ئەوەی، کە منداڵ متمانەی نە بە خۆی و نە بە کەسانی دەوروبەری هەبێت. زۆر جاريش دەبێتە هـۆی دڵـڕەقی و ئەنجامـدانی تـاوان و هەڵـوەشانـدنەوەی خێـزان.
بە پێی ئەو زانیـارییانەی کە زانکـۆیەکی ( فەرەنسی ) رای گەیـانـدووە و بە پـێی ئەو توێـژینەوانەش کە پـزیشکانی منـداڵان و زانایانی دەروونناسی و پەروەردەیی جەخـتیان لەسەر کـردوونـەتەوە.. منـداڵ رۆژانـە پێـوستی بە (٢٤) جـار لە بـاوەشکـردن هـەیە: ١ـ رۆژی( ٤) جار پێویستی بە لە باوەشکرن هەیە، بۆ ئەوەی دەروونی ئاسوودە بێت. ٢ـ رۆژی ( ٨) جار پێویستی بە لە باوەشکردن هەیە، بۆ ئەوەی متمانەی بە خۆی بێت. ٣ـ رۆژی ( ١٢) جار پێویستی بە لە بـاوەشکـردن هـەیە، بۆ ئـەوەی ببێت بە داهـێـنەر.
گرنکترین سوودەکانی لە باوەشکردن: ١ـ لە باوەشکردنی منداڵ بە بەردەوامی لە لایەن دایکییەوە، زیاتر هەست بە دڵنیایی و رێز و خۆشەویستی دەکات، بوارێکی باش و روونیش بۆ پەیوەندییەکی بەهـێز لە نێوان دایک و منداڵـدا دەرەخسێنـێت.. گەر دایک و باوک منداڵەکەیـان پشتگـوێ بخـەن و لە باوەشی نەکەن، مەترسییەکی زۆری لێـدەکەوێتەوە.. چونکە ئەو منـداڵەی لە بـاوەشی گەرمی دایکی بێبەش بێت.. گۆشەگـیر دەبێت و، متمانەی بە خۆی و بە دەوروبەرەکەی نامێنێت و، بە گۆمان و ترسەوە دەژی.. دەبێتە منداڵێکی بیرکـۆڵ و بە خاوی تێدەگات و فێردەبێت، تووشی خەمۆکی دەروونی و مات و مەلوولی دەبێت بە هۆی نەبوونی سۆزی دایکایەتی و باوکایەتی.. کە باوەشی گـەرمی بۆ بکـەنەوە و بەخـۆیانەوە بینووسێـنن.
٢ـ لە باوەشکردن، رێـژەی ئاستی ئۆکسجین لە لەشی منداڵـدا بەرزتر دەکاتەوە، ئەمەش چارەسەری هەستکـردن بە تووڕەیی و بە تەنیایی یا هەست کردن بە لۆمەکـردن دەکات.
٣ـ لە باوەشکـردن بۆ ماوەیەکی زۆر.. ئاستی رێـژەی ماددەی ( سیرتـۆنـین ) لە لەشـدا زیاتـر دەکات.. بـوونی ئەم ماددەیەش، هـۆیەکە بۆ هەستکـردن بە خـۆشی و بە شادی و بۆ رێکخـستنی رەفـتار و هەڵسوکەوتی گـشتی منـداڵ .
٤ـ لە باوەشکردن، بۆ دڵ بە سوودە، کۆئەندامی بەرگریش لە لەشدا زیاتر بەهێز دەکات لە میانەی پاڵپەستۆیەکی هیواش لەسەر چەند بنکەیەکی وزەی گرنگ لە لەشی منـداڵدا.
٥ـ بە پێی هەندێ لێکۆڵێنەوەی زانستی و پراکـتیکی مەیدانی، لە بارەی کارتێکردنی لە باوەشکـردن و بەخـۆوەنووساندن، هـاوسەنگییەک بە (کۆئەنـدامی دەمـاری) دەدات.
٦ـ لە باوەشکردن، منداڵ فـێری وەرگرتن و بەـخشین دەکات.. بەرانبـەر بە رێـز و لە باوەشکردن و خۆشەویستی.. منـداڵيش خۆشەویستی خـۆی بەو کەسە دەبەخـشێت.
٧ـ باوەش وامان لێدەکات کە دەست لە هەندێ هاندەری ئەقڵی و رێبازی بیرکردنەوەی لۆژێکی بهـێنین، کە هەندێ جار دەبنە بەربەستێکی نەرێنی.. با تەنیا بـیر لەم ساتەی ئێستا بکەینەوە.. ئەمە هەستی منداڵەکەت شیرینتر دەکات وای لێدەکات جەخت لەسەر دڵی و هـەستی بکاتەوە .
٨ـ گۆڕینەوەی وزە لە کاتی لەباوەشکردندا لە نێوان دایک منداڵەکەیدا دەگوێزرێنەوە بۆ یەکتری.. منداڵ هەست بە یەکـێتی و بە بەشداری لە گەلێ شتەکان دەکات و، لێگەیشتن زیاتر دەکات و، پەیوەندی نێوان دایک و منـداڵ قـووڵـتر و بەردوام و بەهـێزتر دەکات.. چونکە لە باوەشکردن، لووتکەی بە خۆوەنووساندنی جەستەییە و، پـردێکی گەورەشە بۆ گواستنەوەی هەست و سۆزەکـان، لە نـێوان دایک و منـداڵدا .
٩ـ لە باوەشکردن توورەیی و گرژی و فشاری دەروونی و لە لەشدا ناهێڵێت و یارمەتی خاوبوونەوەی ماسوولکەکان دەدات.. ئەگەر منداڵەکەت دووچاری دڵـتەنگی و پەستی و ئاڵـۆزی و بێـزاری بووە.. لە بـاوشکـردنی لەم ساتـەدا، زۆر شـت چـارەسەر دەکـات.
١٠ـ هەر لە رۆژەکانی یەکەمی لە دایکـبوونی منـداڵەوە.. خێزان بناغەی پەیوەندییەکی هۆشی لەگەڵ منداڵەکەیدا دەست پێدەکات.. لە میانەی لە باوەشکـردنی منداڵەکەیانەوە.. لە باوەشکردن، دەبێـتە بەڵگـەی رێـز و گـوزارشت لە سـۆز و لە خۆشەویستی. لێرەوە پەیـوەنـدییە هـۆشییەکـانی لە بـاوەشکـردن دەست پێـدەکـات.. هەرچەنـد منداڵـەکەت لە بـاوەش بکەیـت.. زیاتـر دڵنـیایی پێـدەبەخـشێت و زیاتـریش هـەست بـەوە دەکـات کە خۆشەویست و رێـزلێگـیراوە.. ئەم هەستکردنەش بە پێـویستییە سەرەکییەکانی منداڵ دەزانـرێت.. یارمـەتی ئـەوەی دەدات کە گەورەبـوو، ببێت بە منـداڵێکی هـاوسەنگ و دروست و دەروون ئاسـایی .
١١ـ ئەو منـداڵەی کە زیاتـر لە بـاوەش دەکرێت.. تەندروستـیی باشـترە و بەرگـری بۆ نەخۆشییەکان بەهـێزترە، لەو منداڵەی کە دایکی رۆژانە بە کەمی لە باوەشی دەکات و سـۆزێکی کەمی بۆی هەیە.. لەوە دەترسێ کە لەسەر لە باوەشکردن رابێت. هەر وەکو پزیشکێکی منداڵان دەڵێ، ئەم دایکانە تەنیا بایەخ بە تەندروستی جەستەیی منداڵەکانیان دەدەن، ئـاوڕ لە پێـویستییە سـۆزداری و دەروونییەکـانی منـداڵەکـانیان نادەنـەوە .
١٢ـ ئەو منداڵەی لە مانگە یەکەمەکانی تەمەنیدا، دەخرێتە دایانگاوە یان دەدرێتە دایەن یا پەروەردەکار بەخێوی بکات، لەبەر ئەوەی کە دایکی کاردەکات. ئەو منـداڵە دەمارگیر و شەڕانگـێز دەبێت.. چونکە وەک دایکی لە باوەشی ناکەن و هەست بە دڵـنیایی ناکات. لە باوەشی دایکی نەبێت، تووشی گەلێ کێشە و گـرێی دەروونی نەخـوازراویش دەبێت.
١٣ـ لێکۆڵینەوە دەروونییەکانی ئەم دواییە، دەربارەی لە باوەشکردنی منـداڵ و دەست هـێنان بە سەر و قـژیدا و دەست خستنە سەرشانی و، ماچکـردنی و یاریکردن لەگەڵـیدا لە لایەن دایک و باوکییەوە.. ئەوە دەسەلـمێنن کە ئاستی رێژەی ژیـری و زیرەکی منداڵ بـەرز دەکـاتەوە.. تێکـڕای گەشەکـردنی سروشتی منداڵـیش بەرزتـر دەکـاتەوە .
١٤ـ لە باوشکـردن و بە خـۆوەنووسانـدن و دەسـت لە ملکـردنی منـداڵ و، بە نـەرمی شـێلانی و، بە نیـانی دەستهـێنان بە سەر و قـژ و روومەتەکـانیـدا.. یارمەتیـدەرەن بۆ دەردانی ماددەی ( ئەنـدرۆفـین ) لە لەشـیدا.. ئەم ماددەیـەش گەیەنەرێکی دەمـارییە و یارمەتـیی هـێورکردنەوەی تـووڕەیی و گـرژی و هەڵچـوون و دڵـەڕاوکـێی دەروونی و کپکـردنەوە و خامۆشی ئـازار دەدات .
١٥ـ لە باوەشکردن منداڵان پەیوەندییەکی گرنگی ئەرێنی بە مۆرکی کەسێتییەوە هەیە .. چونکە بە رادەیـەی زۆر کاریگەریی لەسەر بنیاتـنای کەسایەتیدا هەیە و.. دەبێت.
١٦ـ لە باوەشکردن، هەستی هـێز و بڕوابەخـۆبوونێکی بێوێنە بە منـداڵان دەبەخشێت.
١٧ـ لە باوەشکردن زمانێکە، بەڵام زمانێکی جـیاوزاە، هەستەکانی بەزانـدووە و بووە بە دەریایەکی بێسنووری سوودی رۆحی و دەروونی و جەستەیی و ویژدانی و هۆشی. گەرچی زمانێکی سادەیە، بەڵام واتا و پەیـامێکی راست و بەرز و پـیرۆز دەگەیەنێت.
١٨ـ بـاوەشی دایـک گەورەتـرین قوتابخـانەی منـداڵە.. کە زۆر شـتی لـێوە فـێردەبێت. (کۆرنـای) دەڵێت: "یەکەمـین قـوتابخـانەم.. لەسـەر ســنگی دایـکـم بـوو"
لە کۆتاییدا دەڵێین باوەشی گەرم و نەرمی دایکان.. خۆشـترین و دڵنـیاترین شوێنن بۆ منداڵان.. ئەو چـێژ و خۆشییەی کە لەسەر سـنگی دایکـدا هەستی پێدەکـرێت، لە هـیچ شوێنێکی تردا هەست بەو چـێژە ناکرێت.. باوەشی دایک بەهەشـتێکە.. چارەسەرێکی ئاسـان و بە خۆڕایـیشە.. بۆ چارەسەرکـردنی زۆربـەی نەخۆشی و ناخـۆشییەکـان.
لە باوەشکردن و بەخـۆوەنووساندنی جەستەیی منداڵان و خۆشەویستی هەموو رۆژێک بۆ ماوەی هەزاران رۆژ.. منـداڵان لە نەخـۆشیی و لە ناخـۆشی دوور دەخەنـەوە.
دایکانی میهـرەبان و دڵسۆز و بەسۆز.. کەس گومانی لە سۆزداری و لە خۆشەویستی بێسنووری ئێوەی پیرۆزترین گیانەوەر نییە.. تا دەتـوانن جگەرگۆشەکانتان لە باوەشی گەرم و نەرمتان بکەن.. رەنگـدانەوەی ئەم خۆشەویستییەتان لە ئەمڕۆ و لە داهاتوودا لە منداڵەکانتاندا بەدی دەکەن.. دایکانی دڵسۆز، هـیچ خـەڵات و پاداشتێکـیش نییە کە هـاوتای خۆشەویستی و سـۆزداری و میهـرەبانی ئێوەی دایکان بێت.. ئێمە هەموومان شەرمەزاری ماندووبوون و شەونوخـوونی ئێوەین.. چـیتان بۆ بکەین.. چەنـد پێتانـدا هەڵبدەین.. ناگەنە تنۆکێکی دەریـای بێـسنووری سۆز و خۆشەویستیی ئێوەی دایکان.. بەهەشـت کە لەژێـر پێی ئێوەدایە.. گەر ئێـوە گەردمان ئـازاد نەکەن.. لەم دنیـا و لە ئەو دنیاشدا ناحەسێینەوە.. چونکە هـێندە قەرزاری ئێوەین.. چیتان بۆ بکەین، هـاوسەنگ و قەربووی ئەو قەرزارییە ناکەینەوە. خوای مەزن پاداشتی چاکە و دڵسۆزیتان بداتەوە.
رەزا شـوان نەرویـج: ٢٠١٦
(*) بۆ ئەم نووسینەم تا رادەیەک سوودم لە چەند سایتێک وەرگرتووە.
コメント