سێ بزنی بچکۆلە .... گۆڕینی : محەمەد بەرزی
- Mohammad
- Nov 6, 2020
- 6 min read
منداڵە ئازاکان ، جارێکیان سێ بزنی بچکۆلە دایک و باوکیان بەجێھێشت و چوون دوور لەوان بژین ، تا زیاتر دنیا ببینن و بۆخۆیان سەربەستبن . بە درێژایی وەرزی بەھار لەناو دارستانێکدا یارییاندەکرد . شاد و کامەرانبوون ، کەس وەک ئەو بزنانە دڵیانخۆش نەبوو ، زۆر بەئاسانی خۆیاندەکرد بە ھاوڕێی ھەموو کەسێک ، ڕوویان لە ھەر شوێنێک بکردایە بە گەرمیی پێشوازییان لێدەکردن . بەڵام وردە وردە وەرزی بەھار خەریکبوو بەسەربچێت ، پێویستبوو کاربکەن و خۆیان بۆ وەرزی ساردوسەختی زستان ئامادەبکەن .. پایز ھات ، گەڵای زەردی دارودرەخت وەریی ، باران کەوتە بارین ، بزنەکان ھەستیان بەوەکرد ، کە پێویستە خانوویان ھەبێت ، چاک دەیانزانی کاتی یاریکردن و ڕابواردن بەسەرچووە ، ئیتر کاتی ئەوەیە ، یان وەکو ھەموو کەسێکی تر کاربکەن و خانوویان ھەبێت ، یان ئەوەتا لەژێر باران و بەفر و سەرمادا ھەڵلەرزن و بنمیچێکیان نەبێت خۆیانی لە ژێردا بپارێزن . لەم بارەیەوە زۆر قسەیانکرد ، بەڵام ھەریەکێکیان بەجۆرێکی جیاواز بیری دەکردەوە ... بزنە بچکۆلە تەمەڵ و تەوەزەلەکەیان ووتی : ( من خانوویەک لە چیلکە و پووش بە ڕۆژێک بۆخۆم دروستدەکەم و دەچمەوە بەلای یاریکردن و ڕاکە ڕاکەی خۆمدا !! ) ... بەڵام دوو بزنەکەی تر بەمە قایل نەبوون و ووتیان : ( خانووی چیلکە و پووش زۆر توندوتۆڵ و قایم نابێت و بەرگەی ھیچ ناگرێت ) . بەڵام بزنە بچکۆلەکە گویێ لە براکانی نەگرت.
بزنە ناونجییەکەشیان ووتی : ( من خانوویەکی قامیش بە دوو ڕۆژ بۆخۆم تەواودەکەم ، نامەوێت لەوە زیاتر کات بە دروستکردنی خانووەوە بکوژم ، دەچم لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا چاوشارکیێ دەکەم
ئنجا چوو قامیشێکی زۆری کۆکردەوە و خانوویەکی خنجیلانەی لە قامیش بۆخۆی دروستکرد . بەڵام بزنە گەورەکەیان خانووی چیلکە و قامیشی پیێ باش نەبوو ، بۆیە بە بزنە ناونجییەکەی ووت : ( بەو جۆرەی ئێوە خانوو دروست ناکرێت ، ئەگەر بتانەوێت خانووی قایم و پتەو و چاک دروستبکەن ، ئیشی زۆر و کاری گەورە و ماندووبوونی دەوێت ، تا خانووەکە بەرگەی ڕەشەبا و باران و بەفر بگرێت و لە بەڵا و پەلاماری گورگیش بمانپارێزێت ) ... بەڵام نە بزنە بچکۆلەکە و نە بزنە ناونجییەکەیان گوێیان لە بزنە گەورەکەی برایان نەگرت ئەوان بەردەوام کوژراوی یاریی و چاوشارکیێ و بووژانەوە بوون .. .
ڕۆژھات و ڕۆیشت بزنە گەورە ژیرەکە وەستایانە خشت لەسەر خشتی بەڕێکی دەنایە سەریەک ، لە بەرەبەیانی زووە وە تا سەرلەئێوارەیەکی درەنگ کاریدەکرد ، ماندووبوون و پشوودانی نەدەزانی چییە .. جارجارێک ھەردوو بزنەکانی برای سەردانیاندەکرد ، گاڵتەیان پێدەکرد و بە تیزەوە پێیان دەووت : ( پێویست ناکات بەمجۆرە خۆت شەکەتوماندووبکەیت ، بۆ نایەیت لەگەڵ ئێمەدا یاریی خۆش خۆش بکەیت ، چیتداوە لە سەر ئێشەی خانووی خشت ، چ شتێک لە یاریی و چاوشارکیێ خۆشترە ) . بەڵام بزنە گەورە داناکە ھەمیشە بە ( نەخێر ) وەڵامی دەدانەوە و وازی لە کارەکەی خۆی نەدەھێنا و ھەمووجارێک پێی دەووتن : ( من دەمەوێت لە پێشدا خانووەکەم بە باشی تەواو بکەم، ئەو کاتە یاریی دەکەم ) . ئەوانیش قا قا پێدەکەنین و گاڵتەیان پێدەکرد . ئەویش لە وەڵامدا دەیووت : ( من وەک ئێوە گەوج نیم ئێستا پێبکەنم ، لە دواڕۆژدا زیاتر لە ئێوە پێدەکەنم ) .
بزنە گەورەکە زۆر ژیر و وریا بوو ، بە باشی شارەزای زستان و ھەموو فێڵێکی گورگی ئەو ناوچەیە بوو ، دەیزانی زستانی سەختە و گورگی برسیی زۆرە ، بۆیە وازی لە کارکردن نەھێنا تا خانوویەکی قایم و پتەوی زۆر چاک و جوانی بۆخۆی دروستکرد .
پاشماوەیەک زستان ھات ، ھەور بەری ئاسمانیگرت ، بەفرێکی ئێجگار زۆر باری و ھەموو دنیای سپیکرد.. گورگێکی بەرەڵڵای برسیی نزیک خانووی بزنە بچکۆلەکەیان پەیدا بوو ... تەق تەق لە دەرگای ماڵە پووشەکەیدا . بزنەکە خەریکبوو بخەوێت ، بە تەقەی دەرگاکە ڕاپەڕیی . گورگەکە بە دەنگێکی گڕیی ناخۆشەوە ھاواریکرد :
بـزنـی مـاڵ لـــە چـیـلـکـە
تــەمــەڵـی زۆر سـاویـلـکـە
بــیـکـەرەوە دەرگــا بـــۆم
مـەتـرسـە خـۆ تـۆ نـاخـۆم
چـنـگـم وەک لــۆکـە وایـــە
دەسـکـێـشـم لـە دەسـتـایـە
چــاوم کـــزە ، وەک کـوێــرێ
وەرە بـــــم بــــــەرە ژوورێ
نــە کـەڵـبـەم ھـەیــە و نە دان
تــەنـھـا ھـاتـووم بـۆ ســەردان
بزنە بچکۆلەکە لە ترساندا ھەموو گیانی کەوتە لەرزین.. چاک دەیزانی گورگەکە درۆ دەکات . بە پەشۆکاویی و دەنگێکی پڕ لە گریانەوە ووتی :
ئەترسم بێمە دەرێ
گورگی ھار لێمان گەڕێ
لە ماڵی خۆم دانیشتووم
قاپی دەرگات بۆ گرتووم
قسەی تۆ تەفرە و داوە
بڕۆ چیت لە من داوە
وازمان لێبێنە ماندووم
دەمەوێ تۆزێک بنووم
گورگەکە کە گوێی لە دەنگی بزنەکە بوو ، لە خۆشیدا خەریکبوو شێت بێت ، یەکسەر دەمی ئاویکرد بۆی و پێی ووت : ( ئەگەر بە خۆشی خۆت نەیەیتە دەرەوە ، ئەوا کارێکدەکەم بە زۆر دەدھێنمە دەرەوە ) . بەڵام بزنە بچکۆلەکە لە ترساندا نەیوێرای بێتە دەرەوە . ئنجا گورگەکە فوویەکی زۆری کردەخۆی ، بەشێوەیەک سنگی بەتەواوی ھەڵاوسا و ھەتا توانی فوویەکی قایمی وای لە خانووە پووشەکەی بزنەکەکرد ، ھەر ھەموو چیلکە و پووشەکانی برد بە ئاسماندا و خانووەکەی تەختکرد ، بەڵام باشبوو گورگەکە بزنە بچکۆلەکەی نەبینی ، چونکە کەوتبووە ژێر پووش و چیلکە زۆرەکانی خانووەکەوە . پاشان بزنەکە بە خێرایی خۆی دەربازکرد و وەک تیر تێی تەقاند و ڕایکرد بۆ خانووە قامیشەکەی براکەی .
گورگەکە بزنەکەی بینی ڕادەکا ، گورج دوایکەوت و پەیتا پەیتا ھاواریدەکرد : ( بگەڕێرەوە من خزمی خۆتانم ، خۆ من تۆ ناخۆم ، تەنھا دەمەوێت دوو قسەت لەگەڵدا بکەم ) . بەڵام بزنەکە تیژتر ڕایکرد و بە ھەڵەداوان خۆیکرد بە خانووی براکەیدا و دەرگاکەی لە دوای خۆیەوە داخست . کاتێک بزنە ناونجییەکە بزنە بچکۆلەکەی برای بینی دەلەرزێ ، ئەویش لە ترساندا ڕەنگی پەڕیی و بە پەژارەوە ووتی : ( هیوادارم ئەم خانووە قامیشە ئەوەندە قایم بێت بەر لە گورگەکە بگرێت و نەتوانێت بیڕوخێنێت بە سەرماندا ) .
گورگەکە بە هەڵەداوان ھات بۆیان ، لەژێر درزی دەرگاکەوە لووتی بردە ژوورەوە و ھەتا توانی ھاواریکرد :
بزنی ماڵ لە قامیش
حەز لە یاری و ڕق لە ئیش
بیکەرەوە دەرگا بۆم
مەترسە ھیچتان ناخۆم
چنگم وەک لۆکە وایە
دەسکێشم لە دەستایە
چاوم کزە وەک کوێرێ
وەرە بم بەرە ژوورێ
نە کەڵبەم ھەیە و نە دان
تەنھا ھاتووم بۆ سەردان
ھەردوو بزنەک چاک دەیانزانی گورگەکە درۆ دەکات ، لە ترساندا ھەردووکیان توند توند پشتیان نووسان بە دەرگاکەوە تا بە فووی گورگەکە نەکرێتەوە . ھەرچەند گورگەکە ووتی : ( دەرگاکە بکەنەوە و وەرنە دەرەوە ، خۆ من دەمەوێت دوو قسەتان لەگەڵدا بکەم ) . بەڵام دەرگاکەیان نەکردەوە ، ئنجا بزنە ناونجییەکەش وەکو بزنە بچکۆلەکەی برای بە گریانەوە ووتی :
ئەترسم بێمە دەرێ
گورگی ھار لێمان گەڕێ
لە ماڵی خۆم دانیشتووم
قاپی دەرگات بۆ گرتووم
قسەی تۆ تەفرە و داوە
بڕۆ چیت لە من داوە
وازمان لێبێنە ماندووم
ئەمەوێ تۆزێک بنووم
گورگەکە زۆر پەستوبێزار و برسیی بوو ، لە داخداندا ئاگر لە چاوەکانی دەباری و دانەکانی جیڕ دەکردەوە ، خوا خوایبوو زوو ئەو بزنانە بگرێت و پارچە پارچەیان بکات ، بۆیە ئەمجارەش ھەناسەیەکی زۆر قووڵی ھەڵمژی و بە ھەموو ھێزێکی خۆیەوە فوویەکی وا قایم قایمی لە دەرگای خانووە قامیشەکە کرد ، وەک خانوویەکی مقەبا بەرگەی نەگرت و بەجارێک ڕوخا.
لەم کاتەدا بزنە گەورەکە لە پەنجەرەی خانووە خشتەکەیەوە چاوی لە ڕووخانی خانووە قامیشەکەی براکەی بوو ، بۆیە گورج دەرگای ماڵەکەی خۆی بۆ ھەردوو براکەی خستە سەرپشت .. ئەوانیش بە ھەڵەداوان و پەلەپڕوزکێ بەرەو خانووە خشتەکە ڕایانکرد ، زوو زووش دەیانووت : ( خوایە گیان گورگەکە نەمانگرێت ) ... گورگەکەش چنگ لەسەرشان بە دووایانەوە بوو ، بەڵام باشبوو بزنەکان زۆر خێرا ڕایاندەکرد و بە خێرایی خۆیانکرد بە ژووردا و دەرگاکەیان لە دوای خۆیانەوە بە جوانی داخست .
گورگەکە بە دەست و بە سەر و بەقاچ ، تەپە تەپ کەوتە لێدانی دەرگاکە ، دەیویست لە بندا ئەو دەرگایە دەربھێنێت و یەکبینە بە دەنگی بەرز ھاواریدەکرد :
بزنی خانوو لە خشت
دیواری قایم لە پشت
بیکەرەوە دەرگا بۆم
مەترسە ھیچتان ناخۆم
چنگم وەک لۆکە وایە
دەسکێشم لە دەستایە
چاوم کزە، وەک کوێرێ
وەرە بم بەرە ژوورێ
نەکەڵبەم ھەیە و نەدان
تەنھا ھاتووم بۆ سەردان
بزنە گەورەکەش دەیزانی گورگەکە درۆ دەکات، دەرگاکەی نەکردەوە و ھاوار ھاوا و ھەڕەشە و گوڕەشەی گورگەکەشی ھەر بە خەیاڵیشدا نەدەھات .
گورگەکە بە وردی سەیری ھەموو لایەکی خانووە کەیکرد، زانی خانوویەکی تۆکمە و پتەوە . جا ھەرچەندە فوویکردە خۆی و فوویکرد بە خانووەکەدا ، بەڵام ئیستا و ئەوساش نەیتوانی خانووەکە بڕوخێنێت و دەرگاکەی بکاتەوە . ئەوەندەی فووکرد تا بەتەواوی دەمی شلبوو ، ئنجا بزنەکان ترسیان شکا .. لە پەنجەرەکەوە تەماشای گورگەکەیاندەکرد . بزنە گەورەکە ھاتە بەردەمی پەنجەرەکە ، بەبێ ئەوەی بترسێت ، یان سڵ لە گورگەکە بکات ، بە دەنگێکی بەرزی زوڵاڵەوە روویکردە گورگەکە و ووتی :
قسەی تۆ تەفرە و داوە
دۆستایەتیت گڵاوە
خانووی من بەری ئیشە
نە چیلکە و نە قامیشە
ناڕوخێ بە شێر و دێو
بڕۆ ھەر فوو بکە لە کێو
دوو بزنە بچکۆلەکەش لە دوای بزنە گەورەکەی برایانەوە لە خۆشیدا ھەڵدەبەزانەوە و بە پێکەنین و چەپڵە و سەماوە ، پەیتا پەیتا دەیانووت :
ناڕوخێ بە شێر و دێو
بڕۆ ھەر فوو بکە لە کێو
گورگەکە لە داخدا خەریکبوو دڵی شەق بەرێ . نەیتوانی ھیچ شتێک بکات . ئنجا ویستی لە دووکەڵکێشی خانووەکەوە بۆیان بچێتە ژوورەوە . پەیژەیەک لەو نزیکانە بوو ، گورج پەیژەکەی بە دیوارەکەوە نا و خێرا بەسەریا سەرکەوت بۆ سەربان ... تەماشای کونی دووکەڵکێشەکەیکرد، لە دڵی خۆیدا ووتی : ( تۆ بڵێی بەم کونە بچکۆلەیەدا بچم ؟ ) .
لەم کاتەدا بزنە گەورەکە لە پەنجەرەکەوە گورگەکەی بینی سەردەکەوت بۆ سەربان ، زانی گورگەکە دەیەوێت لە دووکەڵکێشەکەوە بۆیان بێتە ژوورێ ، گورج لەگەڵ براکانیدا ئاگرێکی گەورەیان لە ناو ئاگردانەکەدا کردەوە .. کاتێک گورگەکە خۆی بە کونەکەدا شۆڕکردەوە ، زۆر گەرمبوو ، ھەموو تووکەکانی لەشی بەجارێک سووتا و کلکی گڕیی گرت . بە پەلەپڕوزکێ لە دووکەڵکێشەکەوە ھاتەوە دەرەوە و پڕ بە دەمی ھاواریدەکرد : ( تۆبە جارێکی تر بە کونی دووکەڵکێشدا بچمە خوارەوە ) . پەیتا پەیتاش خەریکبوو ئاگرەکەی کلکی دەکوژاندەوە ، لەولاشەوە ھەرسێ بزنەکە لە خۆشیدا سەمایاندەکرد و بە دەنگی بەرز و چەپڵە و گۆرانییان دەووت :
قسەی تۆ تەفرە و داوە
دۆستایەتیت گڵاوە
خانووی من بەری ئیشە
نە چیلکە و نە قامیشە
ناڕوخێ بە شێر و دێو
بڕۆ ھەر فووبکە لە کێو
پاشان بزنە بچکۆلەکە و بزنە ناونجییەکە بە برا گەورەکەیان ووت : ( بەڕاستی ئێمە ھەڵە بووین و تۆ ڕاست بوویت و داوای لێبوردنت لیێ دەکەین ) ... ئنجا ھەردووکیان کەوتنە کارکردنی بەردەوام ، لە ئەنجامدا دوو خانووی خشتی چاک چاکیان بۆخۆیان دروستکرد . جار جارێک گورگەکە لەو خانووانە نزیکدەبۆوە، بەڵام کاتێک داوە دووکەڵی دووکەڵکێشەکەیانی دەبینی ، ئازار و سویێ ئەو ڕۆژە ناخۆشەی بیردەکەوتەوە ، کە کلکی تێدا سووتابوو ، بۆیە رایدەکرد و لەو ناوەدا نەدەمایەوە .
ئێستا بزنەکان زۆر زۆر شاد و دڵخۆشن ، زوو زوو بە یەکتری دەڵێن :
ئەوەی ژیر و دانابێ
قەت تووشی بەڵا نابێ
جار جارێکیش بزنە زیرەکە گەورەکەیان، بە بزنە بچکۆلەکانی برای دەڵێت : ( دەی وەرن با بڕۆین بۆ چاوشارکیێ و یاری ) .
******
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە کتێبی ( بازن ) ەوە وەرگیراوە ، کە لە نووسینی خۆمە و ساڵی ٢٠٠٢ چاپکراوە ،
Σχόλια