(لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان) نوسینی:عەلی حەمەڕەشید
- alihamarashid4
- Jun 16, 2021
- 3 min read
(لە پێناو بەرەوپێشچوونی ئەدەبی منداڵان) ناونیشانی بابەتێکمە کە لەژمارە(١) گۆڤاری(ئاوزین)دا بڵاوبۆتەوە کە گۆڤارێکی تایبەتە بە ئەدەبیاتیی منداڵان و لە شاری سنە و لە زانکۆی کوردستان دەردەچێت.... یەکەمین ژمارەی گۆڤاری فەرهەنگی-ئەدەبی خوێندکاریی ئاوزین-سەر بە ئەنجوومەنی زانستیی خوێندکاریی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی کوردستان، تایبەت بە ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی کورد بڵاوکرایەوە. ئەم تایبەتنامەیە، وەک یەکەمین گۆڤاری تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی کورد، لە ١٠٢ لاپەڕە پێکهاتووە و هەڵگری چەندین بابەت و وتاری تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی کوردە کە لەلایەن نووسەران و توێژەرانی ئەو بوارە ئاراستە کراوە.
بابەتەکانی ئەم گۆڤارە بریتین لە چەندین باس و تەوەری تایبەت بە ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان کە سەر دێڕەکانی لە خوارەوەدا دەبینرێت:
۱- #ئارش_مێهرەبان سەرنووسەری گۆڤار لە سەروتاری گۆڤارەکەدا لە ژێر ناوی " لە گڕووگاڵەوە بۆ هەستانەوە" ئاماژەیەکی کورتی داوەتە ڕەوتی نووسینی گۆڤاری تایبەت بە منداڵان و دەسپێکی ئەم ڕەوتە لە گۆڤاری گڕووگاڵی منداڵی کوردەوە تا بە ئێستا.
۲- دوکتۆر #یەعقووب_خزری دکتۆرای دەروونناسی لە بابەتێکیدا لە ژێر ناوی " ئەوپەڕ چیرۆک، بیرڕەخنەکارانە و پێکهاتەی دەروونناسانەی منداڵ" کاریگەرییەکانی بیری ڕەخنەکارانەی بە سەرنجدان بە پێکهاتەی دەروونناسانەی منداڵ تاوتوێ کردووە.
۳- #جەبار_شافێعیزادە، نووسەر و توێژەری بواری منداڵان و مێرمنداڵان لە وتووێژێکی بڵاونەکراوەی لەگەڵ خاتوو #سورەیا_قزل_ئەیاغ نووسەر و توێژەری دیاری ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵان و بەرپرسی شۆرای کتیبی منداڵان کە بۆ یەکەم جار لەم گۆڤارەدا بڵاو دەبێتەوە، لە ژێر ناوی " بازنەی چوارسووچ، کایە لە سێبەری سامناکی سیاسەتدا" کۆمەڵێک پرس و بابەتی تایبەت بە کایەگەلی کوردیی منداڵانیان هێناوەتە بەر باس و چوارچێوەی وتووێژەکەیانەوە کە #سەعیدە_دەیهیم ماستەری زمان و وێژەی فارسیی زانکۆی کوردستان هێناویەتییەوە سەر زمانی کوردی.
۴- بابەتی چوارەمی گۆڤاریش وتووێژی #جەبار_شافێعیزادە لەگەڵ خوالێخۆشبوو #سورەیا_قزەل_ئەیاغە کە بە زمانی سەرەکی (فارسی) دانراوەتەوە.
۵- #ئەحمەد_شەبانی، مامۆستای قوتابخانە و پسپۆڕی بواری فەلسەفەی پەروەردە، وتارێکی لە فلیپ ج. سمیت لە ژێر ناوی "فەلسەفەی پەروەردە" وەرگێڕاوە کە چێیەتییەکانی فەلسەفەی پەروەردە و هەندێ باسی پەیوەندیدار بەو بوارەی باس کردووە.
۶- #ڕۆستەم_خامۆش لە یادداشتێکیدا بە نێوی " گرینگیی ڕەخنە لە ئەدەبی منداڵاندا" ڕەهەندەکانی تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی باس کردووە.
۷- "چۆن بۆ منداڵان بنووسین؟"یادداشتێکی دیکە لە نووسەر و شاعیری بواری منداڵان و مێرمنداڵان #ئەمین_محەمەدە کە ڕێوشوێنی تایبەت بە نووسین و ئاخافتن بە زمانی منداڵانی تاوتوێ کردووە.
۸-- #ئیدریس_ناریزادە، مامۆستای قوتابخانە و چالاکی بواری فەرهەنگنووسیی بۆ منداڵان، لە وتارەکەی لە ژێر ناوی "بنەماکانی فەرهەنگنووسی و پێگەی فەرهەنگی وشەی منداڵان لە زمانی کوردیدا" باس و بابەتی پەیوەندیداری بە فەرهەنگنووسیی تایبەت بە منداڵانی باس و لێکداوەتەوە.
۹- "فۆلکلۆری کوردی و ئەدەبی منداڵانی کورد" بابەتێکی دیکەی ئەم گۆڤارەیە کە #زیاد_ڕەشاد_قادر، باسی لەسەر کردووە و هێناویەتە ئاراوە.
۱۰- "#عەلی_حەمە_ڕەشید_بەرزنجی"بە یادداشتێک لە ژێر ناوی " لە پێناو بەرەو پێشچوونی ئەدەبی منداڵان" گرینگایەتیی ئەدەبی منداڵان و ڕۆڵی نووسەر و شاعیری ئەو بوارەی هەڵسەنگاندووە.
۱۱- #زانا_قەزوینە، نووسەری بواری منداڵان و مێرمنداڵان، چیرۆکێکی فۆلکلۆری کوردی بە زاراوەی کەلهوڕی هێناوە و بە نێوی" نگاهی بە داستان فولکلور "مەلووچک زەردە" با توجە بە فرم و محتوای آن" لایەنەکانی ئەم چیرۆکەی لە ڕوانگەی فۆرم و ناوەڕۆکییەوە باس کردووە.
۱۲- "گرینگایەتیی نووسین بۆ منداڵان بە شێوازی بڕێڵ"بابەتێکی دیکەیە کە #سۆزی_موفاق_غەفوور بە مەبەستی گرینگیدانی زیاتری نووسین بۆ منداڵان و مێرمنداڵان بە شێوازی بڕێڵ ئاراستە کردووە.
۱۳- #کامیل_کیانپوور و #فاتێح_سلێمانی لە بابەتێکی هاوبەشیاندا چیرۆکێکی فارسییان بە نێوی "پەیمانی جنۆکەیی" بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و لایەنی فەلسەفەی ئەخلاقی و ڕەهەندەکانی ئەم چیرۆکەیان باس کردووە.
۱۴- دوایین بابەتی ئەم گۆڤارە #ئوسامە_بووتیمار نووسیویەتی کە لە ژێر ناوی "لێکدانەوەی چیرۆکی سیندرێلا، بە جەخت لەسەر گێڕانەوە کوردییەکان" جەختی خستوەتە سەر ڕەنگدانەوەی ئەم چیرۆکە لە نێو ئەو گێڕاوەنەوە کوردییانەی کە تایبەتن بە منداڵانەوە.
Comments