top of page

مامۆستا (ع.ع شەونم ) و شیعر بۆ منداڵان .

Updated: Jun 26, 2020


وەرن بۆدنیای مناڵان ، باچەندساتێ مناڵ بینەوە بالەگەورەبوون هەڵبێین و، بەڕەنگاری ساڵ بینەوە ....مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا شەونم ناسراو بە (ع.ع.شەونم) شاعیرێکی دیاروپایەبەرزی کوردە ، لەساڵی 1929 لەشاری هەڵەبجەی جوان وقوربانیی دەستی تاوان لەدایک بووە . مامۆستاشەونم تەنها شاعیرنیەبەڵکو دەنگخۆش و ئاوازدانەرو خۆشنووس وزمانەوان وکەسێکی شارەزاشەلەمێژوودا ، خاوەنی جوانترین وبەناوبانگترین سروودی نەورۆزە بەناوی جەژنەجەژنی کوردستانە جەژنی نەورۆزە ، بەتیشکی ئاگرئەنووسم جەژنەپیرۆزە کەتەنهائەم شیعرەی بەسەتابیکاتەشاعیرێکی گەورەودیار ، کەکاتی خۆی هەرخۆی ئاوازی بۆداناوەو هونەرمەندی گەورە خوالێخشبوو مامۆستائیبراهیم خەیات وتوێتی ، دواتریش لەلایەن هونەرمەندی ناودار مامۆستاڕەزازیەوە بەئاوازێکی جیاوازکراوەبەسروودێکی جوان ، جگەلەمە هەندێک لەگۆرانیەکانی هونەرمەندی دێرین وناسراو کاک عومەرڕەزا کەساڵانێکی زۆرپێش ئێستالەڕادیۆوتەلەفزیۆنی کەرکوک تۆمارکراون لەشیعروئاوازی مامۆستاع.ع. شەونمە وەکو گۆرانی(هاتم هاتم ، پەڵپووبیانووم پێ مەگرە) ، ئەوەی ئێستالێی ئەدوێم لەجیهانەبەرفراوانەکەی شاعیر دەربارەی شیعری مناڵانە ، کەمامۆستا فەرهەنگێکی دەوڵەمەندە لەوشەسازی وشیعروئەدەبیاتی مناڵان ، ئەوخاوەنی جوانترین کۆمەڵەشیعری مناڵانە بەناوی(جریوە) کەلەدووبەشدا چاپی کردووەوبەشی یەکەم لەساڵی 1974 واتە 45 ساڵ پێش ئێستا بڵاوی کردۆتەوە ، لەسەردەمێکا کەشاعیری مناڵانمان زۆرزۆرکەم بوو ، شاعیرئەم بەرهەمە جوانەی خستەبەردەم مناڵانی بێنازی کورد کەدەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو . یەکەم کتێبێکی مناڵان کەکڕیم وئاشنای کردم بەشیعری مناڵان وبەدنیای شیعروئەدەب بەگشتی ئەم کتێبەجوان وبەنرخ وناوازەیەبوو ،شاعیربەزمانێکی زۆرسادەوساکارکەبۆمناڵان تێگەیشتنی ئاسان بێ وبەبڕگەی کورت وپڕمانا شیعرەکانی نووسیوە ، لەپێشەکی کتێبەکەیداکەساڵی 1965 واتە 54 ساڵ پێش ئێستانووسیوێتی ئاواباس لەنووسینی شیعری مناڵ ئەکات : (هەڵبەستی مناڵ بەپێی ڕێباز[اسلوب]پێویسته وشەکانی سادەبن وڕستەکانی ڕەوان بن! تامناڵ بتوانێت لەبەری بکات وبیڵێ. پێویستەکێشەکەی کورت وئاوازەداربێ چونکەکێشی درێژئەبێتەهۆی هەناسەسواربوونی مناڵ ، ئەبێ هەردێڕێک لەهەڵبەستەکە لەنگەری تایبەتی خۆی جیابێت ، وەتالەتوانادابێ ناوەرۆک ومەبەستی هەڵبەست بەکەمترین دێڕبدرێت بەدەستەوە . ) ئەمەقسەی مامۆستاع.ع.شەونمی شاعیرە کە54 ساڵ لەمەوپێش دەربارەی چۆنێتی نووسینی شیعری مناڵ لەپێشەکی ئەوکتێبەدا نووسیوێتی کەتائێستاش بۆنووسینی شیعری مناڵ پێویستمان پێیەتی . لەبەرئەوەی ئەم کتێبە ساڵانێکی زۆرەلەکتێبخانەکاندانەماوەوچاپیش نەکراوەتەوە پێم باشە گەشتێک بەوکتێبەجوانەدابکەین تانەوەی ئەمڕۆش بەوشیعرەبەرزانەئاشنابکەین بزانن شیعرەکان چەندەبەرزوجوان وسادەن وبەزمانی مناڵەوەنووسراون هێندەش پەروەردەیین ومناڵ بەئاراستەیەکی زۆرجواندائەبات وپەروەردەیان ئەکاو فێریان ئەکات چاکەخوازبن ونەفرەت لەڕەوشتی خراپ ولەشەڕخوازی بکەن :

شیعری (چۆلەکە)

جووک جووک چۆلەکە

چۆلەکەبچکۆلەکە

بە لەرزە لەرزی باڵا

دیارە کەوتە سکاڵا

ئەڵێ وەک تۆ مناڵم

زەڕنەقووتەی ئەمساڵم

خۆتۆ خاوەنی هەستی

هەوڵ ئەدەی بۆسەربەستی

بۆچی بەردئەهاوێژی؟

خوێنی پاکم ئەڕێژی؟

جووک جووک ئەی هاوار

دۆستم نیەسەروخوار

بۆسەرئەڕوانم داڵە

خوارەوەشم مناڵە

جووک جووک دانی ئاش

کەوتەبەینی دووبەرداش

گیاندارێکی بێ هێزم

کەس ناڵێ ئەتپارێزم

..............

کۆڵان

دایە ناچم بۆکۆڵان

یاری ئەکەم لەداڵان

کۆڵان پیس وناخۆشە

مناڵ جنێوفرۆشە

بەخۆڕایی لێم ئەدەن

کەل وپەلیشم ئەبەن

دایکیشیان بەپێکەنین

پێیان ئەڵێن ئافەرین

کەی دایکن ئەوانە

تەمێ لایان تاوانە

مناڵ ئەکەن بەچوختی

گۆشی ناکەن بەپوختی

دایک ئەبێ وەک تۆبێ

تیشکی سەری ئاسۆ بێ

...................

بەبە

بەبە ! بەبە بچکۆلە

مەگری مەگری بەرخۆلە

بنوە لەناوجۆلانە

گەرم وگوڕە هێلانە

دایەدەستی گیراوە

منی لای تۆ داناوە

منیش هەرچەن مناڵم

خەریکی ئیشی ماڵم

هانێ مووروو هاخڕخاڵ

ها بابەتی گڕوگاڵ

بەبە ،پێ بکەنە ژیربە

بەس چاوەڕوانی شیر بە

ئەم گریان وهاوارە

پیشەی کفت وبێ کارە

کەگەورەبووی بەبەگیان

دادێ نابەخشێ گریان

ئەوسا دایەو مەمۆڵە

خەوە خەوە بەرخۆلە

.......................

بووکەکەم

بووکەکەم ، بووکەکەم

بووکەئێسک سووکەکەم

ئش . ئش .نایلۆنی بێ هۆش

ئەی خۆشەویستی ڕووخۆش

پیلان ناکەی وەک زینو

نەبرسیتە نەتینوو

من لەئێستاوەدیارە

خەمم هەزارهەزارە

نازانم هاوڕێی باشم

چۆن ولەچی داتاشم

ئش ئش باڵاکە باڵا

تۆهاوڕێمی لەماڵا

چۆنم ئەوێ وائەکەی

یەک یەک خەمم لائەبەی

هەردوودەستم لەمل کە

گوێ بۆلای لایەم شل کە

ئش ئش ئەمڕۆ بێ گیانی

ئاگای دنیا نازانی

ڕۆژێ ئەبێ کۆرپەگیان

گەورەئەبم بۆژیان

ژیان ئەبەخشم بەتۆ

بۆبزوان وگفت وگۆ

پەیکەردڵپاک وجوانی

ئای داخەکەم بێ گیانی

...................

خواردن

بابە بابە دەست ئەشۆم

لەگەڵ ئێوە نان ئەخۆم

لەبەردەمی خۆمەوە

ئەخۆم وئەخۆمەوە

دەستم ڕاناوەشێنم

چێشتەکەناڕژێنم

کەوچکەکەم پڕناکەم

سنگ وبەرۆک تەڕناکەم

کاتێ پارووئەگلێنم

دوولێوم ئەنووقێنم

پاروی بچوک قوت ئەدەم

ئینجا پاروی ترئەکەم

هێمن ونەرم ونیان

بێ دەنگ ئەبم لەسەرنان

نەوەک پڕیشکی دەمم

بپرژێتە بەردەمم

فڕەفڕو هەڵ لووشین

یاقرقێنە ، یاپژمین

تەقەی کەوچک وچنگاڵ

پەرداخ وقاپی بەتاڵ

لەگەڵ هەڵپەی شێتانە

ناشیرینن ئەمانە

کەچێشت هاتەکەمایی

دەس هەڵئەگرم ئەسپایی

تێریش نەبم دام ناوە

بۆخۆم بکشێمەدواوە

بابەشارەزای خوانم

گشت وێڵێکی ئەزانم

..................

یاری

لاچۆ لاچۆ دەی بڕۆ

یاری ناکەم لەگەڵ تۆ

تۆئەڵێی شێت وهاری

نازانی چۆنە یاری

دارئەکێشی بەسەرما

جل ئەدڕێنی لەبەرما

بەبازئەچیتەسەرکۆڵ

فڕێ ئەدەی بەردوخۆڵ

یاپاڵ ئەنێی لەناکاو

زامارئەکەی دەم وچاو

وەکو من نیت بزێوی

فێری شەڕەجنێوی

هەتا وابی دەی بڕۆ

یاری ناکەم لەگەڵ تۆ

یاری دنیای بەهەشتە

یاری کەران فریشتە

.............

دەرگا

1_ تەق . تەق .کوێیە ڕێگایە نا .

نا دەنگی دەرگایە ئەوە کێیە؟

2_ منم من

1_ تۆکێی دۆستی یادوژمن

2_ میوانم دۆستی ئێوەم

بیکەرەوە چاوەکەم

1_ بڕۆ کەس نیەلەماڵ

پاسەوانێکم مناڵ

2_ بژی ڕۆڵەی گورج وگۆڵ

پاسەوانی ماڵی چۆڵ

خۆبابەیە وەستاوە

دەنگی لەمن گۆڕاوە

دیارەبابەلەپێشا

وریایی منی کێشا

بابەبابە بم بەخشە

فەرموودەتم لانەخشە

دەرفەت نادەم بێگانە

فێربێ بەم دەرگاو بانە

..................

مامەی کۆڵان

مامەی کۆڵان داماوە

داماوی دەست وچاوە

سەیری کەن ڕووت وقووتە

لەم دنیایە نابووتە

کەساسێکە بێچارە

مەینەتی لەسەربارە

ئەڕواوئەسووڕێتەوە

بۆنان ئەپاڕێتەوە

داستانی تۆماری

پڕەلەشەرمەزاری

نانی ئەوێ بۆژیان

ژیانی مان و نەمان

توخوابەردی تێ مەگرن

مناڵ ڕێگەی پێ مەگرن

سزاوتاڵاوی ئێوەش

بانەبێتە باری لەش

مامەی لەرزۆک وبێ کەس

دڵسۆزێکی هەیەو بەس

ئەویش کێیە ئەزانن؟

خاوەن بەزەییەکانن

سایەوپەنای کەساسان

بەزەییەودڵسووتان

.................

تەنگانە

دەسەسڕم نەهێنا

لەماڵەوە بەجێ ما

خوایە چۆن لووتم بسڕم

وەختە یەخەی خۆم بدڕم

بیسڕم بەداوێنا؟

بەسەرقۆڵی خاوێنا؟

نا . ئەوەخۆی چەپەڵە.

پیشەی گێل وتەمەڵە

من کە ژیرو خاوێنم

چۆن شەرمی خۆم ئەشکێنم

چار نیە ئەبێ ئێستا

داواکەم لەمامۆستا

ڕێم بدابڕۆمەدەر

ئەم داخە دەرکەم لەسەر

کەتنی ئەمڕۆ تاماوم

گوم نابێ لەبەرچاوم

کەل وپەلی تەنگانە

هەرزانیش بێ گرانە

..............

خوازتن

هاوڕێ کەل وپەل مەخوازە

بەسە داوای بێ ئەندازە

دەمێ ئەڵێیت پەڕەم بەرێ

دەمێ ئاتوخوادادەرێ

دەمێ قوتابیەکەی پێشم

ڕاستەم بەرێ خەت ئەکێشم

هەتاکو کەی زمانی لووس

بۆخەت کوژێن یابۆپێنووس

ئەڵێ ی ساوای دووساڵانی

یا کەنەفتی بەرماڵانی

بێنە ! بێنە دەست پێ ئەکەی

وانەکەمان لێ تێک ئەدەی

منیش یەکێکم قوتابیم

دوکان وبازاڕی تۆ نیم

ڕۆژێ نیە دوو ڕۆژ نیە

خوێندن ئاوابێ بۆ چیە؟

ئەگەرقوتابیت بخوێنە

کەل وپەلی تەواو بێنە

هەرکەس چاوی لەم ولەوە

سەرگەردانی دنیای خەوە

بەداخەوە تەنها بەشی یەکەمی کتێبی (جریوە) م لەبەردەستابوو ، بەشی دووەمەکەیم لای هاوڕێیەکم بوو فەوتاندی ونەیدامەوە ، تەنها ئەم شیعرەم لەبەشی دووەم بیرماوەئەیکەمەدواشیعر:

بالە

بالەخاوە تەمەڵە

پشیلەی سەرمەنجەڵە

ڕۆژێ بالەنەوەستا

چێشتەکەیان پێ بگا

دەستی چڵکنی تێ نا

پلێ گۆشتی دەرهێنا

دەستی سووتا بەجارێ

گۆشتەکە کەوتە خوارێ

ئیهی ئیهی زەهری مار

بالە بەسیە پەلامار .

ئەمەگەشتێک بووبەدنیای جوانی کتێبی جریوەی مامۆستا ع.ع. شەونمی شاعیری داهێنەردا ، کتێبێکی تری هەیە بەناوی (پیران وپەندیار) کەکتێبێکی قەبارەگەورەی 488 لاپەڕەییەو هەمووی پەندوئامۆژگاری و وتەی جوانە بەشیعر ئەوەهەڵئەگرم بۆکات ودەرفەتێکی تر . مامۆستا ع.ع. شەونم ئێستالەژیاندایەهیوادارم ئاوڕ لەوشاعیرەگەورەودیارەبدرێتەوەومافی خۆی پێ بدرێ ، هیوای تەندروستی وتەمەن درێژی وبەرهەمی جوان بۆمامۆستا ع.ع. شەونمی شاعیرونووسەرو زمانەوان ومێژووناس وئاوازدانەروڕۆشنبیرومرۆڤ ومرۆڤ دۆست ئەخوازم .

  • تێبینی:کتێبی( جریوەکان) کە کۆ بەرهەمی مامۆستا( ع.ع شەونم )ەو هەموو شیعرەکانی مامۆستای تێدایە و برای شاعیر کاک ( ئەمین محەمەد) بە ئاگاداری خۆی کۆی کردۆتەوە و ساڵی (٢٠١٢) چاپکراوە..نەکەوتە بەردەستم و دوای نوسینی ئەم بابەتە ئاگاداریان کردم کە ئەو کتێبە هەیە..

تەها عومەر 16 | 5 | 2019

Comments


bottom of page