top of page

هاوڕێیانی فۆلکلۆریستی نەرویجی ئاسبیورنسن و مـۆ.. رەزا شوان

هاوڕێیانی فۆلکلۆریستی نەرویجی ئاسبیورنسن و مـۆ .. رەزا شـوان


دوو هـاوڕێی نەرویـجی (ئـاسبیورنسن و مـۆ) لەو کاتەوە کە لە قوتـابخانە یەکترییان ناسی، بوون بە هـاوڕێ، بەڵام دوو هـاوڕێی دڵسۆزی تا سەر ئێسقـان، لە هـاوڕێتیش زیـاتر، خـۆیان بە (بـرای هـاوخـوێن) دەزانی، تا مـردن لە یەکـتری دانەبـڕان.

ئەم دوو هاوڕێیە، لە ناوەڕاستی سییەکانی سەدەی نۆزدەمیندا، چەند ساڵێک بە جیا و چەنـد ساڵێکـيش پێکەوە، بۆ کۆکـردنەوە و نووسینی چـیرۆک و حیکایەتە خەیـاڵی و ئەفسانەییە میللییەکان و داستانەکانی نەرويج، دۆڵ بە دۆڵ و لووتکە بە لووتکەی چیا بەرزەکان و رۆخ بە رۆخی دەریاکان و رووبارە بەستووەکان و دارستانە چڕەکان و دێ بە دێـی باشـوور و باکـووری نەرویـج، بـە پـێ گـەڕان، لە زاری خەڵـکی گونـدنشـین و شارۆچکە نشینەکانەوە، گوێیان لە گێڕانەوەی چـیرۆک و حیکایەت و نەزیلە و ئەفسانە و داسـتانە میللیەکـانی نەرويـج دەگرتن و دەیـان نووسیـننەوە، هـەر بە دووقـۆڵـيش، بە وردی لێیان دەکـۆڵینەوە، لە دوای تەتـەڵەکـردن و پوخت کردنیان، بە زمانی نەرویجی و تێکەڵکـردنی وشەی دانیمارکی، دایان رشتـنەوە، کە تا ئەو کاـتە نـووسین لە نەرویجـدا بە زمانی دانیمارکی بـوو. لە (٣٥) پەرتـووكی بچـووکـدا بڵاویـان کـردنەوە، لە نێـوان ساڵانی (١٨٤١ـ١٨٤٤) یەکەمین کۆمەڵەیان بە ناوی (چیرۆکە نەرویجییە میللیەکان) دا بڵاوکـردوە. لە دوای چەنـد ساڵـێک، ئەو چـیرۆکەکـانی پەرتـووکە چووکانەیان، لە سێ بەرگی گەورەدا دووبـارە چاپکردنەوە. چـیرۆک و ئەفـسانە و داستانەکـانی نەرویجـیان لە بیرچوونەوە و تێاچوون رزگاریانیان کردن. بەشێکی زۆری ئەم چـیرۆکانە لە زمانی نەرویجی و ئینگـلیزییەوە، وەریانیان گـێڕاون بۆ سەر زیـاتر لە سی زمـانی جیهـانی. چەنـد چـیرۆکێکیشیان وەریـان گێڕاون بۆ سەر زمانی کوردی. سێ تەگـە و دێـوێک.

ئەگەرچی ئەم دوو هاوڕێیە (ئاسبیورنسن و مـۆ) لە کۆکردنەوەی چیرۆکە فۆلکلۆرییە میللییەکـانی نەرویجـدا، شێوازێکی هاوشێوەی (برایانی گریـم) ی ئەڵمانیان بەکارهێنا. بەڵام لە بەرهەمهێنانیاندا، جیاوازی هەیە، بە هـۆی شوێنی چـیرۆکەکـانەوە. چـیرۆکە میللییەکانی نەرویـج، جـیاوازن لەوەی كە جـوانییەکی سفـتیان هـەیە و رەنگـدانـەوەی سەرهەڵدانیان لە دۆڵە تەسک و قووڵەکان و لە دارستانە چڕەکان و لە لووتکە بەرز و سەختەکانی چیاکان، لە رووبارە بەستووەکانی نەرویجـیان پێـوە دیـارە.

بە کورتی ژیانی ئـەم دوو هـاوڕێ فـۆلکـۆریستە نەرویجـییەتـان پێ دەنـاسێنین.

پیـتەر کریستـین ئاسبـیورنسـن: لە ( ١٥/ یانـوار/١٨١٢) لە شاری کریستیانیا (ناوه‌ كۆنـه‌كه‌ی ئـۆسڵـۆ) لە دایکـبـووە. بـاوکی کـرێـکاری دروستکـردنی شـووشـە بـوو. چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی (کریستینا بـۆرگەر) دوایش قوتابخـانەی (كاتـه‌دراڵ) بەڵام خوێندنی لەم قوتابخانەیەدا پێخۆش نەبوو، نەیتوانی لەناو کوڕانی پێاوە دەوڵەمەندەکان و قوتابیانی چـینی بەرزدا هـەڵبکا، بە هـۆی زۆر ئامـادە نەبـوونی، لـەم قـوتابخـانەیەدا دەریان کرد. ناردیان بۆ خولێکی خوێندن لە (رینگەریکە) لێرەدا بە (یۆرگن مۆ) گەیشت و یەکـتریان نـاسی و بـوون بـە دوو هـاوڕێی گـیانی بە گـیانی. دوای تـەواو کـردنی ئـەو خـولە بـۆ مـاوەی سـێ ساڵ لـە (رینگـریکە) بـوو بـە مامۆسـتای ماڵـداری. دەرفـەتێکی باشی بۆ نووسین بۆ رەخـسا، بە تایبەتیش بۆ نووسینی چـیرۆکە میللییەکان. بۆ مـاوەی چـوار ساڵـیش پاسەوانی دارسـتان بـوو. لە ساڵی (١٨٣٣) لە زانکـۆی ئۆسـلۆ، دەستی بە خوێندنی بایـۆلـۆژی کرد و تـەوای کرد.

لە تەمەنی (٢٠) ساڵییەوە، دەستی بە نووسینی چـیرۆک و بە کـۆکـردنەوەی چـیرۆکە ئەفـسانەییە ئەنـدێشەییەکـان و داسـتانە میللییەکـانی نەرویـج کـرد. بۆ ئەم مەبەستەش بە پـێ، بە درێـژی و بە پـانی نەرویجـدا گـوزەری کـرد. ئاسبـیورنسن لـە ساڵی (١٨٥٦) وەکـو زانـایـەکی ناسـراوی نەرویـج، لـە بـوارەکـانی زینـدەوەرنـاسی دەریـایی و رووەک و ئـاژەڵان، ناوبانگی دەرکرد. وەک مامۆستایەکی زانـاش وانـەی رێگـاکانی پاراستی داری دارستانـەکـانی دەوتـەوە. وەکـو نووسەرێکی بـواری ئـەدەبی منـداڵانیـش، چەنـدین چـیرۆکی بـۆ منـداڵان نـووسـیوە.

ئاسبیورنسن لـە ساڵی (١٨٤٥-١٨٤٨) دا، کۆمەڵـێک چـیرۆکی خەیـاڵی لەژێـر نـاوی (چـیرۆكه ئەفسانەییە نەرویجییەکان و داستانە میلـلییەکان‌) دا بڵاوکـردەوە. پەرتووکی (ره‌سه‌نی جـوره‌كـان)ی (تـشارلـز دارویـن) یشی وەرگـێڕایە سەر زمـانی نەرویـجی. ئاسبیورنسن، ئەنـدامی کۆمـەڵەی شاهـانەی نەرویـج بـوو بـۆ زانیـاری و ئەدەبیـات.

پیتەر کریستین ئاسبیورنسن، لە شاری ئۆسڵۆ لە رێکەوتی ( ٦/ یانـوار/١٨٨٥) کۆچی دوایی کرد. پەیکەرێکی بە نرخـیان لە ئۆسڵـۆدا بۆ دروست کردووە، چەنـدین شەقـام و رێگا لە ئۆسڵۆ و شارەکانی تردا، بە ناوی (پیتەر کریستین ئاسبیورنسن) ەوە ناونراون. لە ساڵی (٢٠٠٨) یشەوە، وێنەکەیـان لەسەر پـارەی (50 كـرۆن) ی نەرویجی دانـاوە.

یـۆرگـن ئینگـبریتسن مـۆ: لە (٢٢/ ئه‌پـریـل/١٨١٣) لە شـارۆچـکەی (رینگـریکە) لە نەرویـج لەدایکبـووە. بـاوکی جووتیـارێکی دەوڵـەمەنـد و ئەنـدام پەرلەمـان بـوو. یۆرگـن مـۆ لە (٢٧/ ئـادار/١٨٨٢) کـۆچی دوایی کرد. لە ژیـانیـدا چەنـدین خەڵاتیکیان پێـشکەش کـرد. مـۆ زانایـەکی ئاینی بەرز و ناسراوبوو، نووسەرێکی هەڵکەوتـوو بوو، یەکـێک بـوو لە شاعـیرە بەنـاوبانگەکـانی نەرویـج. مـۆ بۆ مـاوی (٢٠) ساڵ، لە کەنیسەکـانی شارەکانی ئۆسڵـۆ و کریستیانسانـد و درامـین، قـەشە و رێنماییکەرێکی ئایـنی بـوو. نـووسەرێکی بـواری ئـەدەبي منـداڵان بـوو. چەنـدیـن چـیرۆکی بـۆ منـداڵان و مێردمنـداڵان نووسیوە. مۆ هەمـوو ساڵێک بە پێ بە هەموو لایەکی وڵاتەکەی دەگەڕا، بۆ کۆکردنەوەی فۆلکلۆر و داستان و چیرۆکە خەیاڵی و ئەفـسانەییەکانی نەرویج. لە پەرتووکەکەی (له‌ بیـر و له‌ دڵـدا) كه‌ له‌ ساڵی (١٨٥١) دا چاپکراوە، باس لە بیرەوەرییەکـنی تـافی منـداڵیی خـۆی، لە زێـدی لەدایکـبوونی دەکـا. یۆرگن مۆ و پێتەر ئاسبیورنسن، لە پێشا بەوە دەستیان پێکرد، نووسینەکانی خۆیان بۆ یەکـتری دەناردن و را و بۆچـوون و تێبینییەکـانیان، دەربارەی نووسینەکـانی یەکـتری دەنووسین و هەڵەکـانیان راسـت دەکـردنەوە. یـۆرگـن مـۆ، ئەنـدامێکی کۆمەڵـەی شاهـانەی نەرویـج بـوو بـۆ زانیـاری و ئـەدەبیات.

مـۆ لە تەمەنی (٢٢) ساڵیدا، بە کرداری دەستی بە نووسینەوەی ئەو چیرۆکە خەیاڵی و فـۆلکـلۆری و داستانە میللیاینە کرد، کە لە خەڵکی شارۆچکەی رینگـریکە بیستبوون.

لە نیوەی سییەکانی سەدەی نۆزدەمیندا، هەردوو هـاوڕێ، نـووسەر و فۆلکـلۆریست و کۆکەرەوەی حـیکایەت و چـیرۆکە فـۆلکـلۆری و ئەفـسانەیی و داستانەکـانی نەرویـج، یـۆرگن مـۆ و پێتەر ئاسبیورسن، پێکەوە ئەو چیرۆکانەی کۆیان کردبوونەوە، دەستیان بە لێکۆڵینەوە و پوختکردن کردن و نووسینەوەیان بە زمانی نەرویجی و بە شێوازێک جـوان، نووسیـیاننەوە و لەژێـر نازنـاوی (ئاسبـیورنسن و مـۆ) دا، کە لەسەر هەمـوو چیرۆک و پەرتووکە هاوبەشەکانیان ئەم نازناوەیان نووسیوە، خەڵکییش هەر بەم دوو ناوە ناویان دەبەن. چیرۆکەکانیان بە ناوی (چیرۆکە میللییەکانی نەرویج) ەوە چاپ کرد و بڵاویـان کردنەوە. لە سەرەتادا هەنـدێ لە نووسەرانی نەرویـج، رەخـنەیەکی زۆریان لێـیان گـرتن و سووکـایەتیـیان بـە نووسینەکـانیان و بـە شـێوازی داڕشـتـنیان کـردن و مانـدووبوونیان بێ بایـەخ کـردن، بە تایبەتیش لە بەکارهـێنانی دیالێکـتەکەیـان (بـووك مـۆڵ) کە تێکەڵ بە وشەی دانیمارکی کـرابوون، چونکە تا ئەو کـاتە دانیمارکی زمـانی نووسین بـوو لە نەرویجدا. گوایـە وشەکـانی دیالێکـتە بەکارهـێنراوەکەیان، وردبینی و جوانیان تێدانین. لە ئێستادا ئەم دوو دیالێکتە سەرەکییە (بووك مـۆڵ) و (نی نـۆرسك) زمانی نەرویجییان پێکهـێناوە، دیالێکتی نی نۆرسک (نەرویجی تازە) زیاتر بۆ نووسین و خوێنـدنەوە و فـێرکرن بەکـاردەهـێنرێ و دەقـی گرتـووە. زۆربەی خەڵکی نەرویج دەستخۆشییەکی زۆریان لە هاوڕێیان ئاسبیورسن و مـۆ کردن و بڵاوکردنـەوەی ئەو چـیرۆکەکانیان بە مـژدەیـەکی گرنگی ئـەدەبی نەرویـجی ناوبردن، کە وڵاتـەکەیـان بوو بە خـاوەنی فـۆلکـلۆریستی پسـپۆر، شانـازییان پێـوە دەکـردن، کە کەلەپـووری دۆڵـە تەنگەبەرەکـان و رووبـارە شەخـتەییەکـان و جـوانیەکـان و هەمـوو نیهـێنییەکانی نەرویجـیان لە تیاچـوون پاراسـتن. و ناوبانگـیان لە (بـرایـانی گـریـم ) ی ئەڵمانی بە کەمتر نەزانین. چـیرۆکە نەرویجییەکانیش زیـاتر پەیوەنـدییان بە ژیان و بە فـۆلکـلۆری ئەوروپـاوە هـەیە. چـیرۆکەکـانیان بە سامـانێکی گـرنگی فـۆلکـلۆری و ئـەدەبی نەرویـج نـاوزەنـد کردن و مـاندبـوونیان زۆر بـەرز نرخانـدن. لـە راستیشـدا، ئاسبیورنسن و مـۆ، نەک هـەر خـزمەتـێکی زۆری ئـەدەبی فـۆلکلۆریییان کـرد، بەڵکـو خـزمـەتـێکی زۆری زمـانی نەرویجـیشیان کـرد و رۆڵـیان هـەبـوو لە گەشەکـردن و لە پێشکەوتـنی. کـارتێکـردنێکی زۆریـان لە ناسـنامەی رۆشنـبیری نەرویـجـدا کـرد. لە ساڵی (١٨٥٦) دا، ئه‌و کۆمەڵە چیرۆکە فۆلکۆرییە نەرویجییەیانەیان وەرگـێڕان بۆ سەر زمانی ئینگـلیزی.

کەسایەتی (ئەسکیلادین) کە پاڵەوانی ئەفسانەیی چەنـدین لە چـیرۆکی فۆلکـلۆرییەکانی (ئاسابـیورنسن و مـۆ)ە، هـێمایـەکی جـیاوازە لـە رۆشنبـیریی و لـە ئـەدەبی منـداڵانی نەرویجدا. تا ئەمڕۆش لەسەر زاری هەموو خەڵکی نەرویجـیدان و شانازی پێوەدەکەن. ئەسکیلادین کوڕێکی هەرزەکارە بە زیرەکی و بلیمەتی و رەفتارباشی ناسراوە، هەميشە لە کۆتایی چیروکەکانـدا، دەزگـیرانێتی شـازادە و نیوەی وڵاتەکەی شای باوکی دەباتـەوە. شایەنی باسیشە، دیۆ ودرنج، خێۆ و جنۆکە، چەتەوڵ، جادو و جادوباز، رێـوی، ورچ، شتی ئەفسانەیی، پانتاییەکی زۆریان لە چـیرۆکەکانی ئاسبیورنسن و مـۆ گرتوونەتەوە. ئەمانە ناوەکانی هەنـدێ لە چیرۆکە چاپکراوەکانی هـاوڕێیان (ئاسبیورنسن و مـۆ)ه، بـۆ منـداڵان و مێردمنـداڵانن (نـۆر، رۆژهـەڵاتی خـۆر و رۆژئاوای مانگ، چەتەوڵەکەی کە دڵ لە جەستەیدا نەبوو، ئەو مێردەی کە ئیشی ماڵەوەی کرد، کاتی و دنگلواک، لاسی و داپیرەی، شا فالـیمۆن ـ ورچـە سپییەکە، ئەو کوڕە منداڵەی چـوو بۆ لای بـای شەمـاڵ، منداڵانی مرۆڤ هەمیشە جوانترن، شازادە لیندۆرم، شازادە لەسەر گردێکی شووشەیی، قـەڵای سۆریـا مۆریـا، سێ بزنەکە و دێـوەکە. چـیرۆکەکـانی ئەسکیلادین، سێ شازادە، ورچ و رێـوی،... هتد)

تەنانەت دەرهـێنەر و شانـۆنووسی بەناوبانـگی نەرویجـی (هـێنری ئیبسن) سـوودی لە چیرۆکەکانی ئاسبیورسن و مۆ وەرگرتووە و کردوونی بە هەوێنی هەندێ لە شانۆکانی.

لە مۆزەخانەی (رینگریكه‌) له‌ شاری (هـۆنـۆفـۆس) لە نەرویـج. زۆربەی ئەو شـت و کەرەسـتانە دانـراون، کە ئـاسبیورنسن و مـۆ لە ژیـانیانـدا بەکـاریان هـێـناون. وێنـەی هەردووکـیشیان پێکەوە خـراونـەتە سەر پـوولی پـۆسـتی نەرویـجی.

رەزا شـوان

١٦/ سێپتەمبەر/٢٠٢٠

Comments


bottom of page