هونەرمەند (عەتاچاوشین) وشیعری منداڵان
- alihamarashid
- Aug 4, 2020
- 3 min read
Updated: Aug 5, 2020
نوسینی: تەها عومەر
:
زۆرکەمن ئەوھونەرمەندانەی کەتوانا وبەھرەی شیعرنووسینیان تێدایە ، بەتایبەتیش گەرشیعرەکان تایبەت بن بەدنیای جوانی منداڵ ، یەکێک لەوھونەرمەندانەی کەلەوبوارەدا جێ دەستی دیارەو لەدوای خۆی کۆمەڵێک بەرھەم وشیعری جوانی منداڵانی بۆ بەجێ ھێشتووین ھونەرمەندی بەھرەمەندی کۆچ کردوو کاکە( عەتا چاوشین ) ە .
شاعیروھونەرمەند کاک عەتاچاوشین خاوەنی تاقانەدیوانێکی چاپکراوە بەناوی (کێ ڕاسپێرم) ، ئەم دیوانەشیعرییە بچووکە ساڵی 2003 چاپ کراوە بەشێکی ئەم دیوانە تایبەتە بەشیعری منداڵان کە کۆمەڵێک شیعری زۆرجوان وناسکی منداڵانی لەخۆگرتووەو ئێمەش لێرەدا باس لەوبەشەی دیوانەکە دەکەین :
ھونەرمەند لەم بەشەدا منداڵانی کوردی فەرامۆش نەکردووەو ھەستی بەوڕاستییە کردووە کە منداڵی کورد چەندە بێنازە و بەپێی پێویست کاری بۆ نەکراوەو ئەوەش کەشاعیران ونووسەران وھونەرمەندان بۆمنداڵی کوردیان کردووەونووسیوەو بەرھەمھێناوە ھێشتا بەس نییەو تینوێتیی منداڵی کوردی نەشکاندووە .، بۆیە قۆڵی لێھەڵماڵیوەو کۆمەڵێک شیعری زۆرجوان و ناسکی پێشکەش بەمنداڵانی كورد کردووە .
لێرەدا ھەوڵ ئەدەین بەھەندێک لەوشیعرانەتان ئاشنا بکەین و چەند نموونەیەکتان بخەینە پێش چاو :
لەشیعری (یەک بوون)دا بەدەربڕینێکی سادەوشێوەزاری منداڵەوە ئەم شیعرەجوانەمان پێشکەش دەکات :
کۆتری سپی ئاشتی خوازم دۆستی خەندەو مەکرو نازم ھەتا دڵ حەز کا دڵپاکم گوڵی ڕازاوەی ڕووی خاکم ڕوناکی ئەم سەرزەمینەم دوژمنی ناپاکی وکینەم گوێ ڕایەڵی ئامۆژگاریم ناحەزی جەنگ و زۆرداریم
لە شیعری (پەپولەکان)یشدا بەم پەیڤە جوان وڕازاوانە ڕازی دڵی منداڵمان بۆدەخاتەڕوو :
پەپولەکان وا وەرن لای ئێمە شادی بەرن ئێمە ھەڵاڵەی گوڵین شادی وئارامی دڵین دنیای ئێمە جیاوازە ھەرپێکەنین و نازە دڵمان ساف و بێگەردە وەک بەفری شاخ و ھەردە ڕوخسارمان سوورو ئاڵە بەستەشمان گڕوگاڵە بۆداھاتوو گەش بینین وەک گوڵی یاسەمینین تەماشاکەن ڕۆح سووکین بەوە نابێ بچووکین ئاواتی دڵمان زۆرن ڕازاوەو ھەمەجۆرن ئێمە بۆجیھان چراین ھەموو وەک خوشک وبراین ئێوەش وەرن میوان بن چرای ناو دیوەخان بن
گەر سەیری ئەم شیعرانەبکەین دەستبەجێ ئەزانین کەئەم شیعرانەی شاعیرو ھونەرمەند وەکو شیعرەکانی تری نین ، لەم شیعرانەدا بەزمانێکی سادەی منداڵی و بەدەربڕینی زۆر ئاسان و وشەی سادەوساکار کە تێگەیشتنیان زۆرئاسانەو ھەروەھا بەبڕگەی کورت و دوور لە تەم ومژو وشەی ئاڵۆز بۆمنداڵان دەدوێ وتێکەڵ بەودنیاجوانە دەبێت .
بەشی زۆری شیعرەکانی پەروەردەیین ومنداڵ بەرەو ڕێبازێکی جوان وڕاست دەباوھانیان دەدات بۆزانست وخوێندن و کاری چاکەو فێری مرۆڤایەتی وھوشیارییان دەکات وڕێگای ڕاستیان نیشان دەدات .
سەیر بکەن لەشیعری (بۆقوتابخانە)دا چەندە بەجوانی وخۆشییەوە باسی قوتابخانە دەکات بەجۆرێک ھەموو منداڵان حەزی پێ بکەن و ڕقیان لە قوتابخانەو خوێندن نەبێت :
زوو ھەڵدەسم بەیانی بەبێ دەنگی وئاسانی دەست و دەم وچاو دەشۆم خۆم ئەگۆڕم نان ئەخۆم جانتا ئەگرمە دەستم ئەڕۆم بۆجێی مەبەستم قوتابخانەم خۆش ئەوێ زانست فێر ئەبم لەوێ لەپۆلدا وریاو ژیرم شێری بەھۆش و بیرم چەپکە گوڵی مامۆستام کاتێ بۆ پرسیار ھەستام شانازی بابەو دایەم ڕەنجیان بەفیڕۆ نایەم سوپاسی بێ پایانم بۆ ئێوەو ھاوڕێیانم
لەشیعری (جەژنی نەورۆز)یشا منداڵان بە جەژنی نەورۆزدەناسێنێت ودەڵێت :
مژدەم بەنێ گەل و ھۆز مژدانەی جەژنی نەورۆز تەواو بوو سەرمای زستان بەسەرچوو بەفری کوێستان یەکەم ڕۆژی بەھارە نێرگز تاقانەو دیارە مناڵ خۆیان سازداوە ئاھەنگەو دەست گیراوە جەژن وسەیران وخۆشی سەرتاپای دنیای پۆشی
لێرەشدا چەندە بەناسکی ولەزمانی منداڵێکی بچووکەوە( کەروێشک) بەمنداڵان دەناسێنێت :
من کەروێشکێکی خرپنم وریاو گوێ قوت و جرپنم وردیلانەو گورج و گۆڵم ڕۆح شیرین و نەرم و نۆڵم بەتەمەن یەک دوو ساڵانم خۆشەویستی مناڵانم گوێ لەسەرپشت لێرەو لەوێ ھەرقونەم دێ تاکو شەوێ خواردنم سەوزی وگێزەرە جێگەی خەوم بەرسێبەرە
لەشیعری (ڕۆژی مناڵ)یشدا کەئەکەوێتە (1/6) ی ھەمووساڵێک ئاوا ئەوڕۆژەمان پێ دەناسێنێت :
ئەمڕۆ ڕۆژی مناڵە وەك جەژنی سەری ساڵە مناڵانی گشت جیھان ئەیکەن بەئاھەنگ گێڕان ئێمەش خۆمان گۆڕیوە جلی جوانمان پۆشیوە گۆرانی ئاوازی جوان پێشکەش کەین بەکوردستان
لەشیعری (وەرزەکان) دا چەندە جوان و بەم وشە مۆسیقیانە باس لە وەرزەکان دەکات و ئەم تابلۆ جوانانەمان بۆ دەکێشێت :
بەھار :
بەھار وا ھات بە خۆشی بێ بێ ئافات و نەخۆشی بێ ھەوربێ و بارانی پێ بێ زەوی بۆنی خۆشی لێ بێ کانی و ڕووبار ئاویان زۆربێ پێدەشت گوڵی ھەمەجۆر بێ
ھاوین :
ھاوین سەرتاسەر گەرمایە بەڵام میوەی زۆری تیایە جووتیار ئەچێ بۆکێڵگەوباخ بۆ ناو ڕەزو دامێنی شاخ بەرھەمی ساڵ دێنن بە بار بۆخۆیان و بۆ خەڵکی شار شەوی ھاوین لە سەربانین لەئەستێرەومانگ ئەڕوانین
پاییز :
پاییز دێ گەڵا زەرد ئەبێ دنیا پڕ تۆزو گەرد ئەبێ سەرما ئەھێنێ لەگەڵ خۆی ئەبێ خۆمان حازرکەین بۆی جوان خۆمان ئەپێچینەوە ترسی لێ ئەستێنینەوە ھەرچەند پاییز بێ ئامانە سروشتی دڵگیرو جوانە
زستان :
سەرمای زستان بەڕێوەیە ھەر بارانەو کڕێوەیە بەفرو تەرزە (با) ئەیھێنێ قاچ و دەستمان ئەتەزێنێ ھەتا زستان تەواو ئەبێ کۆڵان قوڕو چڵپاو ئەبێ
لەشیعری (بەزم ویاری ) دا کە کراوە بە گۆرانی منداڵان وتۆمارکراوەو تیایدا کۆمەڵێک یاریی جوانی فۆلکلۆریی منداڵانەمان پێ دەناسێنێت دەڵێت :
سازبن بۆ بەزم و یاری بۆڕاوڕاوێن و ھاری چاوشارکێ و قەڵا قەڵا بێ خەم بێ دەردو بەڵا فڕیوەو دەست بە دیوار فیکڵان کۆی بۆ بکەین بۆشار گاڵتەی ماڵە باجێنە چێشتە قولی و چاڵ چاڵێنە تەقەی بەردی ھەڵماقۆ من تێکەوتم ئنجا تۆ ئاخچی وبوخچی و پشت تەقێن ھەلوربلور ئێوە کێن تاوێکیش بۆ خەتخەتێن یان جۆلانەو پەتپەتێن
ھەر لەبەشی منداڵاندا چیرۆکێکی زۆرجوانی بەشیعر ھۆنیوەتەوە بەناوی (چیرۆکی مامەپیرەو شەوی زستان) ، شیعرەکە دوورودرێژەو تەنھا ئەم دوودێڕەی ئەنووسینەوە :
مناڵینە با ئەمشەو بچینە لای مامەپیرە مامەپیرە زانایەو مامۆستایەکی ژیرە قسەی خۆش وشیرینە وەکو خورماو ھەنجیرە ھەزار پەندی لەلایە ھەر پەندێک و سەد لیرە .
بەم جۆرە ئەم ھونەرمەندە بەسەلیقەو دەست وھەست وخەیاڵ جوان وڕەنگینە دنیای گەورەو منداڵانیشی پڕکرد لەوشەو ئاوازی جوان و قەشەنگ ھەزارسڵاو لەگیانی پاکی وڕۆحی شادو ئارام بێ .
تەھا عومەر 4 / 7 / 2020
Commentaires