top of page

هونەرمەندێکی بچکۆلە...کیژێ هێمن...ئامادەکردنی:باران


ئەم دیدارە لە ژمارە (١٧٥) ی گۆڤاری هەنگ دا بڵاو بۆتەوە



میوانی ئەمجارەی گۆڤارەکەمان ،منداڵێکی ڕۆح سوک و کارایە لە چالاکییەکانیدا،بەدەنگە خۆشەکەی توانیویەتی کۆمەڵێک گۆرانی تۆمار بکات و بیکات بە دیاری بۆ منداڵانی کوردستان، ،خاوەن بەھرەیە ،ئەویش هونەرمەندێکی ژیکەڵە و وریا و چالاکە چووینە دیدەنی تا بۆ گۆڤارەکەمان بدوێت :

پرسیار: کیژێ گیان تۆ یەکێکی لەو منداڵە بەهرەمەندانەی کە بەدەنگە ناسک و خۆشەکەت توانیوتە دڵی منداڵانی هاوڕێت خۆش بکەیت،حەز دەکەین زیاتر خۆت بناسێنیت ؟

کیژێ : من ناوم (کیژێ هێمن) ە و لە ساڵی ٢٠١١ ) لە شاری سلێمانی لە دایک بووم ، ئێستا قوتابیم لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتی لە قوتابخانەی(ئایندە) لە سلێمانی.

پرسیار:حەزدەکەین بزانین چۆن و بەچ شێوەیەک دەستت کرد بە گۆرانی وتن و کاری ھونەری ؟ کێ هاوکارت بوو؟تا ئێستا چەند گۆرانیت تۆمارکردووە؟

کیژێ: له تەمەنی شەش ساڵیمەوە ده ستم كردووه به گۆرانی ووتن ،مامم ، مامۆستا ياسين ژاژڵەیی هاوكارێکی زور باشم بوو به هۆی ئەوەوە من بەم ئاستە هونەرییەی ئێستام گەیشتووم ، هەروەها دايك و باوكيشم هاوکارو پاڵپشت و هاندەرمن بۆ کاری هونەری ..گۆرانیەکانم حەڤدە (١٧) تراكن ، چواردەیان(١٤) کاری وێنەگرتنیان بۆکراوە، (٣) سێ گۆرانیشم بە شێوازی موشن گرافیک بە وێنەو دەنگ بڵاوکراونەتەوە . گۆرانییەکانیشم بریتین لە(گوڵالە سورە ،خونچەگوڵەکان،کەروێشکەکەم،ساڵی تازە،ساڵی تازەی خوێندن،ئاڵاکەم،کچەجوتیارم،بەیانیان،وەڵاتێ من،پروشەی بەفر،یاریکردن،ئێن ئارتی سێ،میوەکان،سلێمانی،ماسییەسوور،زمانی کوردی) .

پرسیار:یەکەم گۆرانیت ناوی چی بوو؟چۆنت تۆمار کرد؟کەتەواو بوو لە تەلەفزیۆنەوە بینیت و گوێت لەدەنگی خۆت بوو هەستت چۆن بوو؟

کیژێ:گورانی گوڵاڵە سوره، هۆنراوەی ( کاکەی فەلاح ) و ئاوازی زانا تەگەرانی و مۆزیک و تۆمارکردن ،مامۆستا (یاسین ژاژڵەیی ) بوو ،زۆر دڵخۆشبووم كە بۆ یەکەمجار خۆم بينیيەوه لەسەر شاشەی پەلیستانک و ئێن ئارتی سێی منداڵان ، يه كێکە لەو گۆرانيانەم كه بەردەوام بە گوێگرتنەوەی چێژی لێدەبینم.

پرسیار :بێجگە لە گۆرانی وتن لە چ کارێکی هونەریدا بەشداریت کردووە؟

کیژێ:خولیای فێربوونی مۆزیکم هەیە لەسەر ئامێری ڤایەلین مەشق دەکەم، لە کەناڵەکانی ئێن ئارتی سێ منداڵان و کوردسات و گەلی کوردستان بەشداربووم لە دیدارو چاوپیکەوتنی هونەری.

پرسیار :کیژێ گیان پێم ناڵێیت کە کێ ھاندەر و هاوکارت بووە بۆ ئەوەی ئاوا بەمشێوەیە دەربکەویت و بەردەوام بیت؟

کیژێ:مامۆستا یاسین ژاژڵەیی هاوکارم بوو لە ئاوازومۆزیک دانان بۆ گۆرانیەکانم وە هەردوو مامۆستای خامەڕەنگین بە هۆنراوە جوانەکانیان بەرێز مامۆستا فەرهاد ئەحمەد بەرزنجی و مامۆستا عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی وە بەڕێزان کاروان بەشان و زانا تەگەرانی و هێمن موحێدین و دایک و باوک و کەسە نزیکەکانم سوپاسی هەموویان دەکەم پرسیار:کیژێ لەقوتابخانە مامۆستاکانت ،هاوڕێکانت چۆن دەڕواننە تۆ وەک هونەرمەندێکی بچکۆلە و لەچالاکییەکانی قوتابخانەکەتدا بەشدار دەبیت؟



کیژێ: هاوڕێ و مامۆستاکانم هەمیشە هاندەرمن بۆ بەردەوامیم لە کاری هونەری ،لە چالاکی و بۆنەکانی قوتابخانەکەشمدا بەشدارم سوپاسی دەستەی کارگێڕی ومامۆستاکانم وهەمووان دەکەم .

پرسیار:ئەی بەرهەمی نوێی کیژێ چییە تا لێرەوە باسی بکەیت بۆ هاوڕێکانت؟

کیژێ: نویترین بەرهەمم گۆرانی زمانی کوردی بوو کە بە شێوەی ڤیدیۆ گرافیکی بڵاوکرایەوە، بەهەردوو زمانی شیرنی کوردی کرمانجی و سۆرانی،هۆنراوەی( شکۆیی حەسن تەبلیسی) و( مامۆستا عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) بوو، ئاوازی ( ئارام تیگران ومۆزیکی) مامۆستا( یاسین ژاژڵەیی) بوو.

پرسیار :حەز دەکەیت چی تر بڵێی کە ئێمە لێمان نەپرسی بیت؟ کیژێ:زۆر سوپاسی بەڕێز (زرنگ خالیدی) کە کاری ستۆدیۆی ئەنجامدا و سوپاسی بەڕێز مامۆستا( عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی) دەکەم کە ئەم دیدارەی بۆ ڕەخساندم . لەڕێگەی گۆڤارە جوانەکەی (هەنگ) ەوە سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە هاوکارمبوون.داواکارم لەمنداڵان کە کاتە پشوەکانیان بە زانست و ئەدەب و هونەری منداڵانەوە بەسەر بەرن لەمۆبیل ویارییە بێ سود و شەڕانگیزەکان دووربکەونەوە.

پرسیار: چیت ھەیە بۆ گۆڤارەکەمان؟

کیژێ:زۆر سوپاستان دەکەم کە منتان بەسەر کردەوە ،هیوای بەردەوامی وسەرکەوتینتان بۆ دەخوازم








Comments


bottom of page