پادشا و دوو هەڵۆ
- Mohammad
- Dec 3, 2020
- 3 min read
نووسینی : شرەیا شەرما ... گۆڕینی : محەمەد بەرزی
منداڵە خۆشەویستەکان ، لە سەردەمێکی کۆندا ، پادشایەکی میهرەبان و دڵسۆزی زۆر باش هەبوو ، کە بە دڵ باڵندەی خۆشدەویست . لە باخچەی کۆشکەکەیدا هێلانەی زۆر گەورەی هەبوو . لە وڵاتەکەیدا ، هیچ کەسێک بۆی نەبوو ئازاری باڵند و ئاژەڵ بدات . ڕقی لەو کەسانەش بوو ، کە ئازاری دەدان و گۆشتییان دەخواردن . جا لەبەر ئەوەی ئەم پادشایە ، ئەوەندە پادشایەکی دڵنەرمی خاوەن بەزەیی بوو ، ڕۆژێکیان پیاوێکی بازرگان ، دوو هەڵۆی جوانی بە دیاری بۆ هێنا . پادشاکەش بەو دیارییانە زۆر شادو کامەران بوو ، هەر بۆیە زۆر سوپاسی بازرگانەکەی کرد . پاشان فەرمانی بە پیاوێکی ڕاهێنەری شارەزای خۆی کرد ، تا بە چاکی مەشق و ڕاهێنان بەو دوو هەڵۆ جوانانەی بۆ بکات و هەموو پێویستییەکانیان بۆ دابین بکات ، تا لەگەڵ ئاو و هەوای وڵاتەکەیاندا ڕابێن و لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا بـەکاریـان بهێنێت .
ڕۆژێک پادشا ویستی بە چاوی خۆی فرینی هەڵۆکان ببینێت ، دەشیزانی یەکێک لە هەڵۆکان ، دەیتوانی زۆر بە خێرایی لە بەرزایی ئاسماندا بفڕێت . پیاوە شارەزاکەش گورج ئەو هەڵۆیەی لە هێلانەکەی دەرهێنا و خێرا بەرەڵلایکرد . هەڵۆکەش وەک بروسکە تیژ فڕیی بۆ قوڵڵایی ئاسمان ، پاشان زۆر بە خێراییش ، گەڕایەوە بۆ سەر دیواری هێلانەکەی .
پادشاکە لە خێرایی هەڵۆکە زۆر سەرسامبوو ، هەر بۆیە بە ئافەرین و چەند لیرەیەکی ئاڵتوون ، پاداشتی ڕاهێنەرەکەی کرد . پاشان پادشاکە هەواڵی هەڵۆکەی دووەمی پرسیی . پیاوە شارەزاکەش زۆر بە خەمبارییەوە وتی : ( لەو ڕۆژەی ئەم هەڵۆیانە هاتوونەتە ئەم کۆشکەوە ، هەڵۆی دووەم ئەوەندەی حەزی لە دانیشتنە ، ئەوەندە حەزی لە فڕین و گۆڕانکاری نییە . کاتێکیش دەفڕێت ، زۆر بەرزنابێتەوە و خێرا لەسەر لقی نزمی ئەو درەختەی بەرامبەرمان دەنیشێتەوە و زەق زەق تەماشای دنیا دەکات . ئەوەتا تۆزێک پیش ئێستا فڕیی و لەسەر لقی دارەکەی بەرامبەرمان نیشتۆتەوە ، ئیتر لەو شوێنەدا جووڵەی بۆ ناکات .. هەوڵی زۆریشم لەگەڵیدا داوە ، تا وەک هەڵۆی یەکەم بفڕێت بۆ ئاسمان ، بەڵام بە داخەوە لەسەر لقی ئەو دارە دادەنیشێت و خۆی ناڕەنجێنێت و نایەوێ لەوەش زیاتر بەرزببێتەوە!! ) .. ئنجا پادشاکە وتی : ( خەمت نەبێت ڕاهێنەرێکی شارەزاتر دەدۆزمەوە ، تا باشتر مەشق بەو هەڵۆیە بکات ، تا ئەویش وەک هەڵۆی یـەکەم بتوانێت بفڕێت بـۆ بـەرزایی ئـاسمان ) . پاشان پادشا بۆ ئەوەی کەسێکی شارەزاتر بۆ مەشق پێکردنی هەڵۆکەی بدۆزێتەوە ، ئاگادارییەکی بە ناو شاردا بڵاوکردەوە . لە ئاگادارییەکەدا نووسرابوو : ( پادشای وڵات پێویستی بە ڕاهێنەرێکی شارەزایە ، کە بتوانێت هەڵۆکەی لە بەرزایی ئاسماندا ، فێری فڕین بکات ) . پیاوێکی پیر ، کە بەو ئاگادارییەی زانی ، گورج هات بۆ کۆشکەکەی پادشا ، زۆر بە ڕێزەوە وتی : ( گەورەم : من دەتوانم وا لەو هەڵۆیە بکەم وەک هەڵۆکەی یەکەم ، بفرێت بۆ قوڵڵایی ئاسمان ) . ئنجا پادشا داوای لە سەرۆکی شارەزاکانی کۆشکەکەیکرد ، ئەو پیاوە ببات بۆ لای هەڵۆکەی ، تا دەست بە مەشق پێکردنی بکات . پاشان پادشا بە پیاوە پیرەکەشی وت : ( سبەینی دێمەوە ، تا بزانم توانیوتە گۆڕانکارییەک لە هەڵۆکەدا بکەیت ) .
ڕۆژی دوایی پادشا هاتەوە ، زۆر سەری سوڕما ، کاتێک هەڵۆکەی بینی ، وەک هەڵۆکەی یەکەم ، بە هەموو هێز و تین و تاوی خۆیەوە ، وەک با گڤەی کرد و فڕیی بۆ بەرزایی ئاسمان ، زۆر بە خێراییش گەڕایەوە بۆ سەر دیواری هێلانەکەی .. پادشاکە بەو دیمەنە ڕووی گەشایەوە و زۆر دڵی خۆشبوو ، بۆیە هەر زوو بە زوو ئافەرینی پیاوە پیرەکەیکرد و چەند لیرەیەکی ئاڵتوونیشی پێشکەشکرد . ئنجا بە ڕوویەکی خۆشەوە پرسیاری لە پیاوە پیرەکە کرد و وتی : ( باشە تۆ چۆن توانیت بە تەنها ڕۆژیک ، وا لەو هەڵۆیە بکەیت ، بەوجۆرە جوانە بفڕێت ؟ ) . پیاوە پیرەکەش زۆر بە ئاسانی وەڵامی پادشای دایەوە و وتی : ( ئەوی ڕاستی بێت ، ئەم هەڵۆیەش دەیتوانی وەک هەڵۆکەی یەکەم بۆ بەرزایی بفڕێت ، بەڵام کاتێک زانیم خوویەکی خراپی بە دانیشتنی سەر لقی ئەو دارەوە گرتووە ، خێرا چووم لقی ئەو دارەم لە بندا بڕییەوە ، بە مەش بواری دانیشتنی بۆ نەمایەوە ) ... ئنجا وتی : ( ئێمە زوربەمان وەک ئەم هەڵۆیە باڵمان هەیە و دەتوانیین بۆ هەموو شوێنێک پێی بفڕین . بەڵام بە داخەوە لە جێگای خۆمان دانیشتووین و جووڵەی بۆ ناکەین . یان کە دەشی کەین ، بە تەواوی و تاسەر نایکەین ، هەر بۆیە نە کاریگەرییەکی ئەوتۆمان هەیە ، نە گۆڕانکاریش دەکەین ! ) .
جا منداڵە ئازیزەکان : پەند و ئامۆژگاری ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت : ( کـە بـاڵـت هـەیـە بـۆ فـڕیـن ... بـە کـەسـاسـی دامـەنـیـشـە ) .
******
تێبینی : ئەم چیرۆکە لە ئینگلیزییە کراوە بە کوردی .
٢٨ / ١١ / ٢٠٢٠
Comments