top of page

پیاوێکی کوێر و پیاوێکی شەل


نووسینی : بەساب گوش .... گۆڕینی : محەمەد بەرزی


منداڵە زیرەکەکان : جارێکیان لە سەردەمی کۆندا ، بە ڕێکەوت دوو پیاو یەکترییان بینی . یەکێکییان هەردوو چاوی کوێر بوو ، ئەوەی تریان قاچەکانی شەلبوون . پیاوە کوێرەکەیان بە گۆچانێکەوە بەسەر ڕێگایەکی بەردەڵانی پڕ لە چاڵ و چووڵیدا دەڕۆیشت . نەشیدەزانی ئەو ڕێگایە ئەوەندە خراپ و وێرانە ، بۆیە زوو زوو قاچی دەکەوتە چاڵەکانەوە ، نەشیدەتوانی بە باشی هەنگاو بنێت و بڕوات . تۆزێک دەڕۆیشت و تۆزێکیش بۆی دەوەستا ، خۆ ئەگەر گۆچانەکەی نەبووایە ، لەوانەبوو تووشی کەوتن و کێشەی زۆر گەورە ببووایە . لە پڕ نووچێکی دا و کەوتە ناو چاڵێکەوە ، زۆر ترسا و نەشی دەزانی چۆن چۆنی لەو ڕێگا پڕ لە چاڵوچۆڵییە ڕزگاری بێت . هەر بۆیە لە دڵێ خۆیدا وتی : ( باشە ئەمە چ جۆرە ڕێگایەکی خراپە ، لەوە دەچێت تووشی کەوتنم بکات و شوێنێکم بشکێت و بە ساخی نەگەمەوە جێگای خۆم . خۆزگە هاوڕێیەکم لە گەڵدا بووایە و ئاوا بە تەنها نەبوومایە ) . پیاوە کوێرەکە داما بوو ، سەرلەنوێ تۆزێک بۆی وەستایەوە ، پاشان بە ناچاری کەوتەوە ڕۆیشتن . پاش تۆزێک هەستیکرد ، شتێک لەلایەوە دەجووڵێت . نەیدەزانی ئەو شتە مرۆڤە ، یان ئاژەڵە . بۆیە لایکردەوە و بە دەنگێکی بەرزەوە وتی : ( ئەرێ بەڕاست تۆ چییت لە لامەوە دەجووڵێیت ؟ ) . خێرا دەنگێک وەڵامی دایەوە و وتی : ( ئەوە منم هاوڕێی خۆشەویست ؟ ) . ئنجا پیاوە کوێرەکە وتی : ( ئەحواڵتان چۆنە ، ئەئ ئێوە باشن ؟ ) . دەنگەکەش لە وەڵامدا و وتی : ( زۆر سوپاسی بەڕێزتان دەکەم ) . پیاوە پیرەکە بەو وڵامە ، دەمووچاوی وەک گوڵ گەشایەوە ، چونکە زۆری پێخۆشبوو ، کە زانی کەسێکی تریش لەسەر ڕێگاکە لە گەڵیدایە . ئنجا لە دڵی خۆیدا وتی : ( بەخوا باشبوو ئەم پیاوەش لەسەر ڕێگاکە هاوڕێمە ، دڵنیام لە ڕۆیشتندا هاوکاریم دەکات و لەو هەموو چاڵی و چۆڵییەشم ڕزگار دەکات و بە سەلامەتیش دەگەمەوە شوێنی خۆم و ئەوەندەش پێویستم بە کۆچانەکەم نامێنێ ) .. ئنجا کوێرەکە بە ڕوویەکی خۆشەوە بە پیاوەکەی وت : ( تکایە دەکرێت لەم ڕێگا ناخۆشەدا ، دەستم بگریت و تۆزێک یارمەتیم بدەیت و ببیت بە چاوساغم و بە ئاسانی لەو هەمووچاڵیو چۆلێیەم ڕزگار بکەیت ؟ ، چونکە ڕێگاکە زۆر وێرانە و من هەردوو چاوم کوێرە و هیچ نابینم ، ئەوەتا زۆر بە گران هەنگاو دەنێم و دەترسم بە سەردا بکەوم و شوێنێکم بشکێت ، هەر بۆیە زۆر پێویستم بە هاوکاریی بەڕێزتانە ) . پیاوەکەی تەنیشتی ئاخێکی قووڵی هەڵکێشا و بە کەساسی وتی : ( خۆزگە بمتوانییایە یارمەتیم بدایتایە .. بەڕێزم من قاچەکانم شەلە و لاقەکانم لە دووم نایەن و بە زۆر خۆم کێش دەکەم و ناتوانم بە چاکی هەنگاوێک بنێم ، ئەوەتا بە لەرزە لەرز دەڕۆم ) . پیاوە کوێرەکە ، کە زانی پیاوەکەی تەنیشتی شەلە و ناتوانێت بە باشی بڕوات بە ڕێگاوە ، هەناسەیەکی هەڵکێشا و زۆر نیگەران بوو ، پاشان بە بێ دەنگی کەوتەوە ڕۆیشتن و لە پیاوە شەلەکە دوورکەوتەوە . لە پڕ پیاوە شەلەکە بانگی پیاوە کوێرەکەیکرد و وتی : ( دە تۆ جارێ ڕاوەستە با شتێکت هەیە پێتانی بڵێم ، ئنجا وتی : من ئامادەم یارمەتیت بدەم ، بە مەرجێک بمکەیتە کۆڵت ، چونکە ڕاستە تۆ کوێریت ، بەڵام کەسێکی بەهێزیت و دەتوانی من بکەیتە کۆڵت . منش چاوەکانم ساغن و لەسەر پشتەوە دەتوانم هەموو چاڵەکانی بەردەمتان ببینم و لە چاڵەکانی بەرپێت بە زوویی ئاگادارتان بکەمەوە ، تا تێی نەکەویت ، بەمەش هەردووکمان بەبێ کێشە ڕێگاکە دەبڕین و بە سەلامەتیش دەگەینەوە شوێنی خۆمان ) .

پیاوە کوێرەکە ئەو قسانەی بە دڵ بوو ، هەر زوو وتی : ( بە ڕاستی ئەمە بیرۆکەیەکی زۆر چاکە ، دەتوانیین بەم شێوەیە یارمەتی یەکتری بدەین ) . ئنجا خێرا پیاوە شەلەکەی گرتە کۆڵ ، شەلەکەش بەسەر کۆڵییەوە زوو زوو کوێرەکەی لە چاڵەکانی بەردەمی ئاگادار دەکردەوە . پاشان لە ماوەیەکی زۆر کەمدا و بە یارمەتی هەردووکیان ، ڕێگاکەیان بێ کێشە بڕیی و بە ساغی و سەلامەتیش گەیشتنەوە شوێنی خۆیان ) .

جا منداڵە ژیرەکان : ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت : بە یارمەتی و کۆمەکی یەکتری ، دەتوانیین ڕێگای دوور ببڕین و بە ئاسانیش بەسەر کێشەکاندا سەربکەوین .

*****

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە نووسینی : ( بەساب گوش ) ە و لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی .


٣٠ / ١١ / ٢٠٢٠






 
 
 

Comments


bottom of page