top of page

کاکەی فەلاح و شیعری منداڵان

نوسینی: تەها عومەر


کاکەی فەلاح شاعیرێکی گەورەودیاری کوردەوناوێکی درەوشاوەیە لەدنیای ئەدەبی کوردیدا ، ئەوبەتەنیا شاعیرێکی هەڵکەوتوو نیە ، بەڵکو لەهەمانکاتا ڕۆژنامەنووسێکی کارامەو نووسەرێکی لێهاتوو ، هەروەهاشاعیرێکی گەورەی دنیای مناڵانیشە ، کاکەی فەلاح خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی جوان وناوازەیە کەکاتی خۆی زوربەیانی لەچاپخانەکەی خۆیدا کەناوی چاپخانەی کاکەی فەلاح بوو لەچاپداوە . چەند دێڕێک لەسەرژیانی شاعیر : کاکەی فەلاح ناوی تەواوی (حەمەحەمەئەمین قادرەولەساڵی 1928 لەقەزای چوارتالەخێزانێکی هەژار لەدایک بووەوهەرزووهۆگری دنیاجوانەکەی ئەدەب وشیعروڕۆژنامەگەری بووەودواترچۆتەدنیای سیاسەتەوەوتێکەڵی خەباتی سیاسی بووەولەوپێناوەدا ساڵانێکی زۆر زیندانی کراوەو شیعری (شەش پەپوولەکەی گۆشەی باخەکەم ) کەلەلایەن هونەرمەند مەرزیە فەریقیەوەکراوەبەگۆرانی لەزینداندابۆشەش مناڵەکەی خۆی نووسیوە ، کەسێکی نیشتمان پەروەروخەمخۆری میللەتەکەی بوو شیعرەبەناوبانگەکەی (خۆشم ئەوێ وڵاتەکەم) لەلایەن هونەرمەندی خوالێخۆشبوو ئیبراهیم خەیاتەوەکراوەبەسروود . مامۆستاکاکەی فەلاح پاش ساڵانێکی زۆری خزمەت کردن لەساڵی 1990 لەتەمەنی 62 ساڵیدا کۆچی دوایی. :

کاکەی فەلاح وشیعر بۆمناڵان : وەرن بۆدنیای مناڵان باچەن ساتێ مناڵ بینەوە بالەگەورەبوون هەڵبێین وبەڕەنگاری ساڵ بینەوە گەروڵاتانی دنیا خاوەنی چەندین شاعیرونووسەری ناوداربن لەبواری بەرهەمی مناڵاندا ، ئەوائێمەی کوردیش خاوەنی چەندین شاعیری گەورەی وەکو کاکەی فەلاح و ع.ع شەونم ولەتیف هەڵمەت و بێکەس وزێوەرو گۆران وپیرەمێردوچەندینی ترین کەلەبواری شیعری مناڵانداخاوەنی چەندەها شیعروسروودی بەرزن ، مامۆستاکاکەی فەلاح لەم بوارەداگەورەترین پشکی هەیەوخاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی شیعریی جوانە کەئەمانەن :

1_چرۆ (شیعربۆمناڵان )ساڵی 1965 .

2_ شێری ساختە (چیرۆکەشیعربۆمناڵان)ساڵی 1968 .

3_ جگەرگۆشەکان (شیعربۆمناڵان) دووجارچاپکراوە ساڵی 1978 و 1980 .

4_ چۆلەکە پاساری(شیعربۆمناڵان)ساڵی 1983 .

5_ئۆپەرێتی ماڵ وقوتابخانە (ئۆپەرێتێکی شیعرییە)ساڵی1984 .

6_سروود بۆقوتابیان (سروودی شاعیرانەو کۆی کردوونەتەوە) ساڵی 1968 .

7_چۆلەکەبچکۆلەکە (چیرۆکی وەرگێڕدراوبەشیعر) ساڵی 1981 . دواترهەمووئەم بەرهەمانە لەکتێبێکداکۆکراوەتەوەبەناوی (پەپوولەکان) ولەلایەن ڕووناک خانی کچی شاعیرەوە ساڵی 2009 چاپ کراوە . مامۆستای شاعیر لەوشیعرانەی دازۆربە لێزانی ووەستایانەوشارەزاییەوەچۆتەناودنیاپاک وجوانەکەی مناڵانەوەوبەزمانێکی سادەووشەی ئاسان وبڕگەی کورت کەمناڵ تووشی بێزاری وتەنگەنەفەسی نەکا شیعرەکانی داڕشتووەکەزۆرئاسان بن بۆخوێندنەوەولەبەرکردن . ئێستا گەشتێک ئەکەین بەوبەرهەمەجوانانەداوتێرلەبۆنی گوڵاوی ئەوشیعرەبەرزوناسکانەهەڵئەمژین وبۆچەن ساتێک ئەگەڕێینەوەبۆدنیاجوان وپاک وپڕلەبەرائەتەکەی مناڵی ، بەهیوای گەشتێکی خۆش : لەشیعری (چۆلەکە) دا ئەڵێت :

چۆلەکەی سەرگوێسوانە

چەن بچکۆلەوچەن جوانە

چەن دڵگیروئێسک سووک

پووش هەڵئەگرێ بەدەنووک

بۆبێچووی خنجیلانە

هەڵئەبەستێ هێلانە

بۆبێچووی زەڕنەقووتە

بێ پەڕ کەڕووت وقووتە

ئای ئای واچاوم لێیە

دایکەکە دانی پێیە

بێچووەکەی بەقونەقون

جووک جووک ئەڵێ بەشی من .

لە(پشیلەسوورە) دائەڵێت :

پشیلەسوورە خت خت

بۆخۆت لێ کردووم بەشت

ئەی خاوەن چڕنووک وقەپ

لەتۆنایەگاڵتەوگەپ

بڕۆمیاومیاوی چیتە

سەرزلەی سمێڵ قیتە

هەتادوایی لە(مریشکەڕەشە) دائەڵێت :

مریشکەڕەشە ! کش کش

بۆکلک وباڵ ئەکەی فش

بۆشەڕئەکەی لەگەڵ من

دایکی جووجەڵەی خرپن

لەشیعری (پەروەردەی باخچە) داکەکراوەبەگۆرانیش ئەڵێت :

من وەک ئەوگوڵەباخەم

پەروەردەی ناوئەم باخەم

چۆلەکەم ئەجریوێنم

یاری ئەکەم ئەخوێنم

پەپوولەی ڕەنگاوڕەنگم

وێڵی باخچەی قەشەنگم

لە (گوڵی باخچە) داکەئەمیش کراوەبەگۆرانی ئەڵێت :

گوڵی باخچەی مناڵان

بۆنیان ئەگاتەماڵان

پەروەردەی ئەم چیمەنەن

گەشاوەی زەردەخەنەن

دێن وئەچن فریشتەن

چۆلەکەی ئەم بەهەشتەن

لە(خۆزگەوجەژن) داکەئەمیش کراوەبەگۆرانی ئەڵێت :

دایە ! دایە ! بەم چەشنە

هەمووساڵێ هەرجەژنە

مناڵەوخۆی گۆڕیوە

ئاڵاو واڵای پۆشیوە

جەژن وجەژنانەوخۆشی

لادێ وشاری داپۆشی

لەکۆتایی شیعرەکەشداچەندەجوان وشارەزایانەولەزمانی مناڵەوە ئەڵێت :

خۆزگەتەمەن وژیان

جەژن ئەبوودایەگیان

سەیرکەن لەشیعری ( حەفتانە) داچەندەجوان ڕۆژەکانی هەفتەی داڕشتووە :

شەممە/ هەرچەن بخوێنم کەمە

یەکشەممە/ خوێندن نادەم بەگەمە

دووشەممە/مەکتەب گوێ وچاوودەمە

سێشەممە/خوێندەواری ڕێگەمە

چوارشەممە/ڕەوشتی جوان پیشەمە

پێنجشەممە/ نەزانین هەوروتەمە

هەینی/ تەمەڵ زۆرکوێرەزەینی

لەشیعری ( لەسەرەتای ساڵەوە) کەبەگوێی هەموومان ئاشنایەوکاتی خۆی لەمەنهەجی زمانی کوردیدائەخوێنرا ئەڵێت :

براکانم خوشکەکانم

هاوڕێ خۆشەویستەکانم

دەرگای مەکتەب کرایەوە

پشووی هاوین بڕایەوە

جانۆرەی قوتابخانەیە

کەبۆزانین هێلانەیە

بەیەکتر شادئەبینەوە

ڕێگای خوێندن ئەگرینەوە

لەشیعری (بەرخەکەم) داکەئەمیش کراوەبەگۆرانی ئەڵێت :

ئەی بەرخۆلەی چاوڕەشم

ڕاکە بۆناو باوەشم

وەرەبباعێنەبۆم

ئای چەندەهۆگری تۆم

لە( پۆلیسی هاتوچۆ) داکەئەمیشیان کراوبەگۆرانی ئەڵێت :

ئەی پۆلیسی هاتوچۆ

سوپاسی ئێمەبۆتۆ

بەوەی ئەمان پارێزی

ڕەنجت گرتۆتەئەستۆ

لەشیعری (عەبەخەوخۆش) داچەندەجوان وەسفی مناڵی تەمەڵ وخەواڵوومان بۆئەکات ، سەیری ئەم ڕستەودەستەواژەمۆسیقیانە : مەرحەبا عەبەخەوخۆش

ئەی بەدەردی خەو نەخۆش

هەرچەن ئەبینم نووستووی

زۆرنووستن پەکی خستووی

ئەوەچیتە خەوپەرست

خەوجێنایەڵی بەبست

ئەگەرڕۆژەئەگەرشەو

دەستت کردۆتە مل خەو

تاکو کۆتایی شیعرەکە. لەشیعری ( نەورۆزوبەهار) داکەبەئاوازێکی زۆردڵفڕێنەوەکراوەبەگۆرانی چەندەجوان نووسیوێتی :

مناڵینە بەهارە

نەورۆزویادگارە

نەورۆزجەژنی دێرینە

بۆیە لامان شیرینە

ڕۆژی سەیران وگەشتە

کوردستانمان بەهەشتە

شیعری (پەیام) کە ئەمیش کراوەبەگۆرانیی پێشەکی بەرنامەی ( بەهرەوزانین) کەبەرنامەیەکی پەروەردەیی مناڵان بووساڵانی هەشتاکان لەتەلەفزیۆنی کەرکووکەوەلەلایەن چیرۆکنووس ونووسەری بواری مناڵان (مامۆستامحەممەدڕەحیم ڕەمەزان) ەوەبۆماوەیەک پێشکەش ئەکرا . شیعرەکەئاوادەست پێ ئەکات :

ئێمەبەبەهرەوزانین

ئەرکی خۆمان ئەزانین

بەومەشخەڵەی پێمانە

ڕۆشنکەری ڕێمانە

بێگومان شیعرەکان ئێجگارزۆرن ومن لێرەداناتوانم هەمووی بخەمەپێش چاوی خوێنەرولەهەرشیعرەش پارچەیەکم وەرگرتووەتا نووسینەکە زۆردوورودرێژوبێزارکارنەبێ ، کۆتاشیعریش کەئەیخەمەپێش چاوتان کەدواشیعری شاعیرودوادیاریەتی بۆمناڵان بەرلەکۆچی دوایی . شیعری ( خاڵخاڵۆکە) دواشیعری شاعیرە پێش کۆچی دوایی کەبەزمانێکی سادەی مناڵانەباس لەئەنفال ئەکات بۆمناڵان ، شیعرەکەهێندەبەرزوجوانە واهەمووی ئەنووسمەوە وبەم شاکارەشیعرە کۆتایی بەبابەتەکەم دێنم :

خاڵخاڵۆکە خاڵخاڵۆکە

ماڵی خاڵم لەکوێیە؟

تۆئەیزانی لەشارە یا لەدێیە

بەشوێن تۆدا من فڕینم حەز لێیە

خۆزگە وەک تۆ باڵم ئەگرت

لەم ڕێیە تا بزانم ماڵی خاڵم لەوێیە !

ماڵی خاڵت ئێستە لەوێ نەماوە

کانی وشکە کارێزەکەی بێ ئاوە

دارودرەخت بۆخۆی زەرد هەڵگەڕاوە

بێ دووکەڵە هەمووئەوناوە ناوە

هەرچی مەلە هێلانەیان شێواوە

نەباعە باع شوان شمشاڵی شکاوە

نەشاییەو نە سەیرانەو نە ڕاوە

بۆکوێ ئەچی ؟ کێ ئەڵێ خاڵۆش ماوە ؟

هەتا زووە بابگەڕێینەوە دواوە .

لەکۆتاییدا هەزاران سڵاولەڕۆحی پاک وهەمیشەزیندووی شاعیری پایەبەرزی گەورەومناڵی کورد مامۆستاکاکەی فەلاح تەها عومەر 1 | 5 | 2019

Comments


bottom of page