top of page

کەروێشکێکی خەواڵو ... گۆڕینی : محەمەد بەرزی

منداڵە ئازیزەکان ، جارێکیان کەروێشکێکی بچکۆلانەی خرپنی خەواڵووی زۆر جوان ، دەستیکرد بە باوێشکدان ، یەک لەسەر یەک باوێشکی دەدا ، کەروێشکە بچکۆلەکە ، کە باوێشکی دەدا ، ئەوەندە دەمی دەکردەوە ، بەجوانی دانە وردە سپییەکانی پێشەوەی و ناودەمە خڕە مۆرەکەی دیاربوون . ئەوەندە باوێشکیدا تا لەپڕ ھەنگێک بە گیزە گیز فرییە ناو دەمییەوە ، ئەویش یەکسەر قووتیدا .

لەم کاتەدا کوندەپەپوویەک چاوی لەو دیمەنە بوو ، بۆیە بەسەرسامییەوە ووتی : ( ئای لەو ھەنگە چۆن خۆیکرد بەدەمی داپچڕاوی ئەو کەروێشکە بچکۆلەیەدا !! ) .. ئنجا ھاواری لە کەروێشکەکەکرد: ( پێویستە لە کاتی باوێشکدا دەست بە دەمتەوە بگریت ) .. کەروێشکە بچکۆلەکەش لە وەڵامدا وتی : ( ئێمەی کەروێشک دەست بە دەممانەوە ناگرین ) . ئنجا کوندە پەپووەکەش وتی : ( کەواتە ئێوەی کەروێشک گەوج و گەمژەن ) ... پاشان هەڵفڕی ودوورکەوتەوە .

کەروێشکەکە ویستی کوندە پەپووەکە بانگبکاتەوە ، هەر دەمە پچکۆلەکەی کردەوە ، هەنگەکە خلیسکایە ناو گەروویەوە و لە وێدا بۆ خۆی نووست .

کەروێشکەکە کەوتە قرخە قرخ و تفکردنەوە ، تا هەنگەکە بێتە دەرەوە ، بەڵام هەنگەکە نەهاتە دەرەوە . ئنجا کەروێشکەکە ووتی : ( باشە ئێستا من چیبکەم ؟ ) . پاش تۆزێک سمۆرەیەکی زیتووریای بینی ، کە هێشتا نەنووستبوو .. چرپاندی بە گویێدا و وتی : ( ھەنگێک لە ناو گەروومدا نووستووە ) . سمۆرەکەش ووتی : ( ئەی بۆ خەبەری ناکەیتەوە ؟ ) . کەروێشکەکەش ووتی : ( چۆن چۆنی خەبەری بکەمەوە ؟ . من تەنھا فیکە فیک و گۆرانی دەزانم ، زۆر خەواڵووم ، دەمەوێت بچم بنووم، بەڵام ناتوانم بەم ھەنگەوە بنووم ) .

سمۆرە ژیرەکە ووتی : ( ھەنگ فیکە فیکی پێناخۆشە ، بەڵام زۆر حەزی لە گۆرانییە ، گۆرانی بۆ بڵێ ، بەڵکو ئەمە خوایە خەبەری بێتەوە . حەزدەکەیت منیش لەگەڵتا دەیڵێم ) .. کەروێشکەکە ووتی : ( زۆر باشە ) .

ئنجا ھەردووکیان بەیەک دەنگی سازی خۆشەوە ووتیان :

مناڵێکی ساوا بووم

کەی وەک ئێستاکە وا بووم

دایکم بەخێوی کردم

ئەو نەبوایە دەمردم

بەلای لایە و گۆرانی

ڕای ژەنووم تا بەیانی

بە شیری مەمکەکانی

منی بە بەرهەم هانی

بەڵام ھەنگەکە بەم گۆرانییە خەبەری نەبۆوە و لە ناو گەرووی گەرمی کەروێشکە بچکۆلەکەدا لە خەوی شیرینی خۆیدا بوو ... ئنجا سمۆرە زیرەکەکە ووتی : ( وەرە با گۆرانییەکی تری بۆ بڵێین، بەڵکو ئەمە خوایە خەبەری بێتەوە ) . کەروێشکەکەش سەرێکی بۆ لەقاند و ووتی : باشە ، ئنجا بە چەپڵەوە وتییان :

بالە خەوان تەمەڵە

پشیلەی سەر مەنجەڵە

دوێنێ بالە نەوەستا

چێشتەکەیان پێبگا

دەستی چڵکنی تێنا

پلە گۆشتی دەرهێنا

پلە گۆشت کەوتە خوارێ

دەستی سووتا بە جارێ

بالە ڕایکرد بۆ کۆڵان

ئیهی ئیهی ئەیزیڕان

ئیهی ئیهی زەهری مار

بەسە نەوس و پەلامار

ئەمجارەش ھەنگەکە خەبەری نەبۆوە ، لە ناو گەرووی گەرمی کەروێشکەکەدا بۆخۆی پرخە پرخی دەھات . پاشان سمۆرە ژیرەکە ووتی : ( لەوەدەچێت ھەنگەکە حەزی لەمجۆرە گۆرانیانە نەبێت ، وەرە با گۆرانییەکی بۆ بڵێین ناوی گوڵی تیابێت ، چونکە ھەنگ زۆر حەزی لە گوڵە ، ھەمیشە لەسەر گوڵ دەنیشێتەوە و بۆن و ھەڵاڵەی گوڵ دەمژێت ، لە گوڵیش ھەنگوین دروستدەکات ) ... کەروێشکەکەش ووتی : زۆر باشە

ئنجا ھەردووکیان ھەستانە سەر پاشوویان ، بە دەستە بچکۆلە جوانەکانیان کەوتنە چەپڵە لێدان ، بە دەنگە ناسکە زۆر خۆشەکەیان کەوتنە گۆرانی :

ئەی گوڵە مێخەک .. مێخەکی بۆن خۆش

جوان و ڕازاوە .. ئاڵ و واڵا پۆش

دیمەنت بۆ من .. لابەری خەمە

ساتێ نەتبینم .. زۆر لام ستەمە

گوڵێکت زەردە و ... گوڵێکت ئاڵە

تاک تاکە گوڵت .. پەمەیی کاڵە

هەندێ گوڵیشت .. شینی ژەنگارە

لاسک و گەڵاکەت .. سەوزە خۆ دیارە

بەم گۆرانییە ھەنگەکە خەبەری بۆوە ، کاتێک کەروێشکەکە گۆرانی دەووت و دەمی دەکردەوە ، ھەنگەکە خێرا لەدەمی دەرپەڕییە دەرەوە... کەروێشکەکە بە شادییەوە ووتی : ( ئۆخەی خوایە ڕزگارم بوو ) . ئنجا بە خۆشی و شادییەوە باوەشێکی گەرمی بە سمۆرەکەداکرد و بەدڵ سوپاسیکرد ، زۆریش خەویدەھات ، گوێچکەکانی شل شلکرد ، چاوەکانی نووقان و دەستەکانی خستە ژێر چەناگەی و ویستی باوێشکبدات و بنووێت . لەم کاتەدا ئامۆژگارییەکانی کوندەپەپووەکەی بیرکەوتەوە ، لەدڵی خۆیدا ووتی : ( کوندە پەپووە پیرەکە ڕاستیکرد ، پێویستە لە کاتی باوێشکدا دەست بە دەممانەوە بگرین ، تاوەکو ھەنگ و مێش و مێشوولە و مێرووی تر نەچنە ناو دەممانەوە و کوندەپەپووش گاڵتەمان پێنەکات ) . لە پڕ کەروێشکەکە باوێشکێکیدا ، گورج دەستە بچکۆلەکانی گرت بە دەمییەوە ، ئنجا بە جوانی دەمی داخست، چاوەکانی نووقاند ، گوێچکەکانی شۆڕکردەوە ، لووتی دانەواند و لەسەر چەپۆکە بچکۆلەکانی خۆی متکرد ، پاشان خپ خەوی لێکەوت .

تێبینی : ئەم چیرۆکە لە کتێبی ( بازن ) ەوە وەرگیراوە ، کە لە نووسینی خۆمە و ساڵی ٢٠٠٢ چاپکراوە .





 
 
 

Comments


bottom of page