کەڵەنووسەری ئەدەبی منداڵانی کورد مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین.. رەزا شـوان
- raza shwan
- Sep 9, 2020
- 9 min read
کەڵەنووسەری ئەدەبی منداڵانی کورد مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمین
نووسینی : رەزا شـوان

مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، نووسەرێکی ناوداری کوردە، پێشڕەوی ئەدەبی تازەی منداڵانی کوردە. کەڵەنووسەرێکی هـۆنراوە و چـیرۆکی منداڵانە، ئەستێرەیەکی هەمیشە گەش و ورشەداری ئاوانەبووی ئاسمانی ئەدەبی منداڵانی کوردە. شوێن پەنجە و شەقڵی شێوازی نوێی لە ئەدەبی منـداڵانی کورد دا، هەردەم تـازەیە و هەرگـیزیش کاڵ نابێتەوە. مامۆستا فەرەیدون، گەنجینەیەکی پڕ لە گەوهـەری هـێندە بەنرخی بۆ منداڵانی کوردمان جێهـێشتووە. دەبوایە تا ئێستا چەنـد خوێندکارێکی باڵای بەشی زمـان و ئەدەبی کوردی، لێکـۆڵـینەوە و شیکـردنەوەیان بۆ هـۆنراوە و چـیرۆکەکانی بنووسیایە و بیانکـرنایە بە توێشەبەرەی ماستەرنامە و دکـتۆرانەمەکانیان و بڕوانامەیان لێ وەربگـرتنایە. مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمین، مرۆڤـێک بوو پـڕاوپـڕ لە دڵسـوزی و لە کوردایـەتی، کوردستان پەروەرێکی سەرسەخـتی تا سەر ئێسقان بـوو. هەموو ژیان و کاتێکی خۆی بۆ خـزمەتی کـورد و کوردستان بەخـت کردبـوو. کوردێکی زۆر پـاک و بێ بـاک بـوو، شۆڕەسوارێکی دلـێر و بوێـر و چاونەترسی گۆڕەپـانی کوردایەتی و مەردایـەتی بـوو. تێکـۆشەر و پێشـمەرگە و سیاسییەکی ناسراوبوو. ئـاوات و خۆزگـەی هـەرە گـەورەی یەکـێـتی و یەکـڕیزی گەلەکەمـان بـوو.
مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین لە (٢٩/٤/١٩٣٣) لە (گەڕەکی مەڵکەندی) لە شاری (سلـێمانی) لە باشووری کوردسـتان، لە بنەماڵـەیەکی ناسراوی سلـێمانی لەدایکـبووە. خوێندنی سەرەتایی لە (قوتابخانهی مهڵكهندی) و ئامادەییش لە (ئامادەیی سەلاحەدین) لە سلـێمانی تەواو کـردووە. لە ساڵی (١٩٥٣) دا، (خـانهی مامۆستایـانی) ی لە شاری بەغـدا تەواو کـردووە. بـووە بە مامۆسـتاو لە قـوتابخـانەکـانی شاربـاژێـڕ و چـوارتا و شاری سلێمانی وانەی بە قوتابیان وتۆتەوە. مامۆستایەکی لێهاتوو و سەرکەوتوو بوو.
(نووسەر) لە هـاوینی ساڵی (١٩٧٠) لە (هـۆڵی خولـود) لە بەغـدا، لە رۆژی بەستنی یەکەمین کۆنگرەی دامەزرانـد و هەڵـبژاردنی یەکەمین دەستەی بەڕێـوەبـەری (یەکـێتی نووسەرانی کـورد) مامۆستا فـەرەیـدون عـەلی ئەمیـنم نـاسی. پیـاوێکی جـوان رێـک و رووخسار شیرین و هـێمن و لەسەرخـۆ بوو. سادە و خـاکی بـوو. قسەزان و خۆشـدوو بوو. بـڕوابەخـۆ و گەشـبین بوو. خـاوەن هەڵـوێست بـوو، راستگـۆ و راشکـاو و قـسە لە روو بـوو. مامە حەمـەیی لە بەردەم کەسـدا نەکـردووە.
مامۆستا فەرەیدون لە ساڵی (١٩٧٠) دا چۆتـە بەغـدا، وەکو (لـێکۆڵـەری زانسـتی) لە (وهزارهتی کاروبـاری باکوور ) دامەزراوە. داتـر گوێـزرایەوە بـووە بە (بەڕێوەبەرێتی گشتی خوێـندنی کوردی) لە بەغـدا، کە سـەر بە (وەزارەتی پـەروەردەی عـێراق) بوو. کـرا بـە (بەڕێـوەبەری هـۆی فـێرکردن). ئەنـدامی لیـژنەی دانـانی وەرگـێڕانی حـەوت پەرتـووکی کوردی بـوو، کە لە قوتابخـانەکانی کوردسـتان دا دەخوێنـدران.
مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمـین لە ساڵی (١٩٧٢) دا، لهگـهڵ خـاتوو (ناهـیده جەمـال تاڵەبـانی ـ خوشکی دکتۆر موکەڕەم تاڵەبانی ) دا، هاوسەرگیری کرد. دوو کوڕیان هەیە بە ناوی (دكتـۆر. ئاسـۆ ـ ١٩٧٣ ـ پارێـزگـاری پێـشووی سلـێمانی). ( ئـالان ـ ١٩٧٦ـ پ. ف. ی : سـەرۆکی زانکـۆی پـۆلیتەکـنیکی سلـێمانی یە)
مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمین لە ساڵی (١٩٧٥) بووە بە (سهرپەرشتیاری پەروەردە لە قوتابخانەکانی سلێمانی)، هەر لە هەمان ساڵدا (١٩٧٥) لە (زانکۆی موستەنسرییە) لە بەغـدا (بڕوانامەی بەکالـۆریۆس) ی لە (پـهروهرده و سەرپەرشتی) دا وەرگـرتووە. دەبێت بە (سەرپەرشـتیار و بە لێکـۆڵەری زانسـتی). مامۆستا فەرەیـدون، لە ساڵی (١٩٨٢) لەسەر داخـوازی خـۆی (خانـەنشـین) دەکرێت.
لە ساڵی (١٩٨٥) لە (بەشی کوردی ـ كۆلـێژی پەروەردە) لە زانکۆی بەغدا، مامۆستای وانـەبـێژ بـووە. تـا ساڵی (١٩٨٩) بـەردەوام بـوو. بـەڵام بـە هـۆی ئیـفـلـیجی و ئـازاری پـشـتی و پێیەکـانییەوە نەیتـوانی لەوە زیـاتر بمـێنـێتەوە.
مامۆستا فەرەیـدوون عەلی ئەمین، مامۆستایـەکی دڵسـۆز بـوو. لای قـوتابییەکـانی زۆر بەرێـز و خۆشـەویسـت بـوو. ئـەو هـەر ئـەوە نەبـوو کـە وانـەی پێ دەوتنـەوە، بەڵکـو بە هەستێکی پاکی کوردایـەتی و کوردسـتان پەروەریـش، زاخـاوی بـیر و هـۆشی داون، بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کـورد و کوردسـتانی نیشـتمانی شیرینمان، گۆش و پەروەردەی کردوون. هەمیشە هـانیانی دەدا کە بخـوێنەوە و بنـووسن. ئەو بەو هەستەوە لە منـداڵە چاوگەشەکانی کوردی دەڕوانی، کە هـیوا و نەوەی داهاتووی کورد و کوردسـتانـن. مامۆسـتای کۆچکـردوو (نـوری عـەلی ئەمـین) کـە هـاوڕێیەکی نـزیکی مامۆسـتا فەرەیـدون عەلی بوو. دەڵێ:" لە یـادمە هەموو جارێ کە دادەنیشـتین، دیوت: گەلەکەمـان هـەر بە خـوێنـدن، لە دەسـت کوێـرەوەری و نەبـوونی و نەخوێنـدەواری و براکوژی رزگـاری دەبێـت و رێی راست و سەرکەوتن بەدی دەکات، تامی بەخـتیاری و سەرفـرازی دەچـێژێت." بـۆیـە هەمیـشە دەیـوت: (ئـاخ! خـوێـنـدەواری داخ خـوێـنـدەواری .... بـۆ کـورد دەبـیـتە مایـەی بـەخـتــیـاری)
مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، چەند نەوەیەکی بە بیری کوردایـەتی و بە کوردستان پەروەری پێگەیـاند. کە لە ئەمڕۆدا مامۆسـتای بـاڵان و کـاربەدەستن. بـەڵام لە ئـاستی توانای مامۆستا فەرەیـدون دا، هەمیشە خۆیـان بە قوتـابی ئەو دەزانن. بە شانازییەوە دەڵێن کە: ئەلـف و بێـی کوردایـەتی، لە مامۆستا فەرەیـدونەوە فـێربووین. بە ئەوپەڕی رێـزەوە نـاوی دەبەن و یـادی دەکەنەوە.
مامۆستا فەرەیدون، بەم جۆرە ئامۆژگاری و رێنمایی و ئاراستەی قوتابییەکانی دەکرد: "رۆڵە جگەرگۆشەکان، نیشتمان چاوەڕێی هـیمەت و بازووی ئێوەیە، دڵپاک بن لەگەڵ یـەک، دووربـن لە کـیـنە و دژایـەتی، هـەوڵ بـدەن و پێـبگەن و بـبنە پێـشـڕەو"
مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمین، یەکێک بوو لەو کوردپەروەرە سەرگەرمانەی کە لە ساڵی (١٩٥٧) دا کۆمەڵەی ئازادی و ژیانەوە و یەکێتی کورد (کاژیک) یان دامەزراند.
لە ساڵی (١٩٦٧) دا، پەیوەندی بە (کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان)ەوە کرد، لە ساڵی (١٩٨٤) دا، لە ناوچـەی (مـاوەت) ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، پەیوەنـدی بە هـێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد و بوو بە پێشمەرگە. یەکـێک بوو لە ئەندامانی دەستەی نووسەرانی گۆڤـاری (دەنـگی پێـشـمەرگە) کە لە شاخ دەردەهـێنرا. پێشتریش لە سـاڵی (١٩٦٢ـ ١٩٧٠) (پێشمەرگە) بووە. لە ناوشاريشدا هەر پەیوەندی لەگەڵیاندا هەبوو.
ئـەوەی ئێمە لەم نووسیـنەدا مەبەستمانە، بەسەرکـردنەوەی توانـا و داهـێنانی مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمینە، لە بـواری ئـەدەبی منـداڵانی کورد دا. کە بەشـی هـەرە زۆری هۆنراوە و نووسینەکانی بۆ منداڵان تەرخان کردبوون. چونکە منـداڵان بە لای مامۆستا فەرەیدونەوە: "منداڵان پێوەری سامان و سەرمایەی نەتەوەن، ئەو نەتەوە دەوڵەمەندە کە منـداڵانی بە جـوانی پـەروەردە کـراون"
مامۆستا فەرەیدون زۆر بە جوانی و بە دروستی، هـۆی پێشکەوتنی گەلانی دەستـنیشان کـردووە. ئەوە راسـتە کە لە ئەمـڕۆدا، رادەی دەوڵەمەنـدی و پێشـکەوتـن و شارسـتانی گـەلان بـەوە دەپێـورێ کە تا چ رادەیـەک ئاوڕیـان لە منـداڵەکـانیان داونەتـەوە، گـەلانی هۆشیار، پانتـاییەکی زۆری کـات و کاریـان، بۆ گۆشکـردن و پـەروەردەکـردنی دروستی منـداكەکـانیان تەرخـان کـردوون. بە لای ئێمەشەوە منـداڵە چاوگەشەکانمان، گرنگـترین و بەنرخـترین سامـان و سەرمـایەی گـەلی کوردمـانن، کە لە سامـانی نـەوت وزێـڕ و دوڕ و گەوهـەر و لە هەمـوو سامـانێکی تر زۆر گـرنگـتر و بەنـرخـترن.
هـۆنراوە جوان و شیرینەکانی مامۆستا فەرەیـدون بۆ منداڵان، زۆر لە گـەزۆ و نوقـڵ و هەنگوین شیرینترن. چیرۆکە خۆشەکانی خۆشی و شادی و گەشییەکی زۆر بە منداڵانی کورد دەبـەخـشن. چونکە بە حـەز و زمـانی سادەی ئـەوان نووسـیونی.
مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمین، ریچکە شکـێنە و توانی وەرچەرخانێکی لە ئـەدەبی منداڵانی کورد دا بکات. بەرگی کلاسیکی لێ داماڵێ و بەرگێکی نوێی لەبەر بکات. ئەو پێشەنگ و پێشڕەوی قۆناغـێکی نوێی ئەدەبی منداڵانی کوردە. کە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو سەری هەڵـدا. بوو بە سەرمەشـقی نووسەرانی ئەم بوارە.
بەو پێیەی کە مامۆستا فەرەیدون مامۆستا بووە. زیاتر لە جیهانی وەنەوشەیی سەیر و سەمەرە منداڵانی کورد نزیک بۆتەوە و تێکەڵیان بووە و گـوێی لە راز و نیازی پاکیان گرتـووە، لە هـیوا و حەز و خـۆزگە و خەونە سەوزەکانیان تێگەیشتووە، فێری زمـانە ناسک و ساکار و شیرینەکەیان بـووە و خـۆی مەسـتی بـزە و قـاقـای خۆشـیان بووە. زیاتر لە هەست و سۆز خواست و ئارەزووەکانیان تێگەیشتووە. هەر ئەم نزیکبوونەوە و تێکەڵ بوونەی بوونە، بە خوولیایی ئەدەبی منداڵان و ئیلهـامی پێبەخـشیون و بوونە بە هەوێنی بابەتەکـانی هـونراوە و چیرۆکەکـانی بۆ منـداڵان. شایـەنی باسیشە مامۆستا فەرەیـدون زمانـزانێکی زمـان پاراو و بە توانا بوو. شارەزاییەکی باشیشی لە بنەماکانی ئـەدەبی سەرکەوتووی منـداڵان هەبوو. بە کوردییەکی پەتی و تەڕ و پاراو، بە زمانێکی شیرینی بێ گـرێ و گـۆڵ و بـە شـێوازێـکی ساکـار و ئـاسان و نـاسکی نـزیک لە زمـان و توانـای وەرگـرتنی منـداڵان، هـۆنـراوەکانی هـۆنیونـەتەوە و چـیرۆکەکـانی نووسـیون. بیـرۆکەکـانی نووسینەکـانیشی نامـۆ نیـن. لە ژینگـەی کوردسـتان و لە حـەز و خواستی منداڵانی کوردەوە هەڵهـێنجاندوون. ئەم راستییانەش لە فۆرم و ناوەڕۆکی نووسینەکانیدا رەنگـیان داونـەتەوە. مامۆستا فەرەیـدون لە چـیرۆکەکـانیدا، لایەنی جەڤـەنگـیشی پشـت گـوێ نەخـستـووە. لە زۆر لە چـیرۆکەکـانیدا، خەنـدە دەخـاتە سەر لێوەکـانی منـداڵان و دەیانهـێنـێتە قـاقـا و پێکـەنین.
مامۆستا فەرەیـدون ، بە باشی زمانی عەرەبی و ئینگـلیزی دەزانی. کۆمەڵێک هـۆنراوە و چیرۆک و چیرۆکەشیعـری بۆ منـداڵانی کورد، لە زمـانی ئینگـلیزییەوە وەرگـێڕاوە بۆ سەر زمـانی کوردی. کە تـام و چـێژێکی کوردی ئەوتـۆی پێ بەخشیوون، زۆر لە دەقـە ئینگـلیزییەکەیان شـیرینـتر و بە تـامـترن.
هـۆنراوەکانی فەرەیدون عەلی ئەمین بۆ منـداڵان، زۆر خـۆشن و بوونـەتە وێـردی سەر زمانی منداڵانی کوردمان. لە بەر ئاسانی و شیرینی ئاواز و ناسکی ترپە و سەرواکانیان بەشـێکـیان کـراون بـە گـۆرانی و بـە سـروود. منـداڵان بـە ئـاوازەوە دەیـان چـڕن. کـام منـداڵی باخچـەی منـداڵان لە کوردسـتان دا هـەیە کـە هـۆنـراوی " ســمۆرە" لەبـەر نەبێت. یا کام منداڵی پـۆلی یەکـەمی سەرەتـایی هەیە کە هـۆنراوەی " کـوڕە کـورد" ی هـۆنـراوی مامۆستا فـەرەیـدونی عەلی ئەمینی لەبـەر نەبێـت و بە ئـاوازەوە نەیـڵـێت. مامۆستا فەرەیـدون، خـاوەنی بیـر و خەیاڵـێکی فـراوان بـوو. وەکـو زۆربـەی شاعـیر و چیرۆکنووسانی جیهانی بۆ منـداڵان. سوودی لە فۆلکلۆر و کەلەپوور و پەندی پێشینانی کودیمـان وەرگـرتووە. لە هەنـدێ لە هـۆنـراوە و چـیرۆکەکـانیدا، ئـەم سـوود وەرگـرتنـە رەنگی داوەتـەوە. بۆ نمـوونە ئەمـانە ناونیـشـانی هـەنـدێ لە چـیرۆکەکـانێـتی: "کـاکە ئـالان مـار هـات ، مـاری ژەنـگ و ژار هـات"، "تـامـی تـامـی گـەنـمـە شـامی" ، " پـشکـۆ و شـێرکـۆ شـەڕیـانە لەســەر دەنـکێ زەنگـیـانـە".
کارەکتەرەکـانی چـیرۆک و هـۆنراوکانی، باڵـندە و ئـاژەڵ بـن، بە لای منداڵانی کوردەوە نامـۆ نین و لە ژینگەی کوردسـتان دا هەن و ناسراو و بینراون. وەکو (منداڵ، ئاسکە، بەرخـۆلە، کـارژۆلە، چـۆلـەکە، سـمۆرە، هـەنـگ، بـۆق، جـووجـەڵە، پەپـوولە، رێـوی، کۆتـر، کونـدەپـەپـوو، دارگـوێـز، زەنگـوڵە، شـاخ، بـەرد، مـریـشـک، ... تـاد)
مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمینی نووسەر و رەخنەگـر، لە ساڵی (١٩٥٤) دا، یەکەمین نووسینی خۆی لە رۆژنامەی "ژیـن" دا کە لە سلێمانی دردەچـوو، بڵاوکردەوە. هەر لە ژیـن دا، چەنـدین نووسینی تـری بڵاوکـردەوە.
مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، لە ساڵی (١٩٧٠) دا، ئەنـدامی دەستەی دامەزرێنەری (یەکـێتی نووسەرانی کورد) بوو. لە یەکەمین کۆنگرەی هەڵبژاردندا هەر لەو ساڵەدا، بە (ئەندامی یەکەمین دەسـتەی بەڕێوەبـەری یەکـێـتی نـووسـەران) هەڵـبژیـرا. کە بەنـدەش (نووسەر) ئەندامی ئەو کۆنگرەیە بووم. یەکێک بووم لەو ئەندامانەی کە دەنگم پێی دا.
مامۆستا فـەرەیـدون (ئەنـدامێکی دامـەزرێنـەری ـ كـۆمەڵـەی رۆشنـبیری کـورد) بـوو.

ئەمانە ناوی (پەرتووکە چاپکراو و بڵاوکراوەکانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین) نن: ١ـ (پاڵـهوانی دواڕۆژ) ئەدەبیـاتی منـداڵان، لە ساڵی (١٩٥٨) دا لە بەغـدا چاپکـراوە. کە بە هـاوبـەشی لەگـەڵ کۆچکـردو مامۆستا (عـومـەر عـەبـدولڕەحـیم ) دا، داینـاوە. ٢ـ (چهنـد سەرنجـێک لە پیرەمـێردی نەمـر) لە ساڵی (١٩٧١) لە بەغـدا چاپکراوە. ٣ـ (پێاوە بچکۆلەکە) چیرۆک هەڵبەست بۆ منداڵان. لە ساڵی (١٩٧٢) لە بەغـدا. ٤ـ (کـارژۆلە) چیرۆک هەڵبەست بۆ منداڵان. لە ساڵی (١٩٧٢) لە بەغـدا چاپکراوە. ٥ـ (پاكـژی) چـیرۆک بۆ منـداڵان. لە ساڵی (١٩٧٤) لە بەغـدا چاپکـراوە. ٦ـ (سـێو) چـیرۆک بۆ منـداڵان. لە ساڵی (١٩٧٤) لە بەغـدا چاپکـراوە. ٧ـ (گهنمـهشـامی) چـیرۆک بۆ منـداڵان. لە ساڵی (١٩٧٤) لە بەغـدا چاپکـراوە. ٨ـ (جووجەڵە و بێچوە مراوی) چیرۆکێکی وەرگێڕاوە بۆ منداڵان ساڵی (١٩٧٤) بەغدا. ٩ـ (پیرێكی ریش درێـژ بوو) چیرۆک و هەڵبەست بۆ منداڵان. لە ساڵی (١٩٨٥) بەغدا. هەڵبەسەکـانی ئەم پەرتـووکەی، لە ئنگـلیزییەوە وەرگـێڕاون بۆ سەر زمـانی کوردی. ١٠ـ (کۆمەڵێـک وتـاری ئەدەبی) کە لە رۆژنامەی (ژیـن) و (هـاوکاری) لە گۆڤارەکانی: (نووسـەرانی کورد)، (بەیـان)، (رۆشنـبیری نـوێ)، (رەنگـین) دا بڵاوکـردوونەتـەوە. ١١ـ ئەندامی دەستەی وەرگێڕانی (کۆمەڵێک پەرتـووکی خوێنـدنی قوتابخـانەکـان) بـوو. لە بابـەتی پـەروەردەیی و جـوگـرافـیا و زانیـاری. بـۆ سـەر زمـانی کـوردی. ١٢ـ (پهخـشان له ئـهدهبی كـوردی دا) بە (رۆنیـۆ) نووسـراوە، لە ساڵی (١٩٧٧). ١٣ـ (کۆمەڵێک هـۆنراوە و چیرۆک و شانۆی بۆ منداڵان ) نووسیەوە . چاپ نەکراون.
کۆی بەرهەمەکانی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین. لە پەرتووکێک دا. کۆکراونەتەوە و لە ژێـر نـاوی (بـارانی رەنـگاوڕەنگ) دا، لە ساڵی (٢٠٠٦) لە سلێمانی، چاپکـراوە. ساغـکـردنەوە و نووسینەوە و ئامادەکـردنی: (کـاوە ئەحمـەد میرزا و سـەلام مستەفـا)
سەرەڕای ئەوەی کە مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین، زۆربەی کاتەکـانی بۆ نووسینی ئەدەبی منداڵانی کوردمان تەرخان کردبوو، بەڵام وەکو لە پێشەکی (پیـاوە بچۆلەکە) دا. نووسیوێتی. هەر خۆی بە قـەرزاری منـداڵانی کوردمـان دەزانێ، دەڵـێ:" ئێـمە هـیچی ئەوتۆمان بۆ منداڵانی کوردمان نەکردووە کە شایانی باس بێت، بگرە قەرزاریشیانین، دەبا رێگـای دانەوەی ئەو قەرزە بگـرین و دواڕۆژێـکی وایـان بۆ ساز بکەین کە ئەو بەندانە ـ مەبەستی لە بەندەکانی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵانە ـ و لەوانەش زیاتـریان بـۆ بهـێنینەدی. چونـکە منـداڵانی کوردیـش وەکـو هەمـوو منـداڵانی جیهـان جـوانکـیلە و ئێسک سـووکن و شایـانی خـزمەتـن" دەشڵێ:"با راست و رەوان پێتان بڵێم: خوڕەی کوێستانەکانمان، پولێک ناهێنن، ئەگەر قـاقـا و تـریقـەی منـداڵەکانمانی لەگەڵـدا نەبێت. قـاقـا و تریقەی منداڵەکانیشمان نابێت، گـەر ئـێـمە نەبـین" دەشڵێ:"منداڵەکان نـازانم چ بەهـرەیەکی خوایی و چ هـێزێکئ نادیار و تەلیسماویتان پێـیە، هەرچەنـد سەیـرتـان دەکەم، هـێمنی و دڵـنیایی و بێخەتـایی و ئێسک سووکی و جـوانکیلەیی و سکاری و گەشی و رووناکی و هـیوا و زەردەخـەنە ئەبـینم، ئێـوە بەو منـاڵیـیە وەک ئەستـێرەیـەکی جـریـوەدار، پـرشـنگی ئـەو هـەمـوو شـتانـە بـە دەوری خۆتـانـدا ئەپـرژێـنن"
لە پێشەکی پەرتووکی (پیرێكی ریش درێـژ .. بوو) دا، دەڵـێ:"ئەبێ ئێـمە بەرامبـەر بە ئێوە، روومان نەیەت سەرهەڵبڕین چونکە لە مەیدانی ئەدەبی منداڵاندا، هیچی وامان بۆ نەکـردوون. ئـەوەی لە بەردەستانـدایە، لەچـاو ئـەوەدا کە پێشکەش بە منـداڵانی وڵاتـان دەکـرێت، هەر هـیچ نییە. بەڵام هـیوادارم ئێوەش گۆڤـار و کتـێبی رەنگـاوڕەنگی خۆتـان ببـێت. جیهـانی منـداڵیـتان، پـڕبێـت لە زەردەخـەنـە جـوانـەکەی سـەر لێـوانتـان و زمـانە شیرینـەکەی کوردی، وا دڵخـۆش بکـات، کە خـۆشتان بوێـت و خـۆشی بـوێـن و لەیـەک دوورنـەکـەونـەوە"
تـا ئـێستا ئەو لێکـۆڵـینەوە و شیکـردنەوە و رەخـنە و هەڵسەنگـانـدن تاوتـوێ کردنانەی کە دەربارەی چیرۆکەکان و هـۆنراوەکانی مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمـین بۆ منـداڵان کـرابێ و بەرچـاوی مـن کـەوتـوون بـن ئەمـانـەن: ١ـ (چـیرۆکی منـداڵان لای فەرەیدون عـەلی ئەمین) دکتۆر (عەبدولستار تاهـیر شەریف) ٢ـ (هەڵبەستی منـداڵان لای فەرەیـدون عـەلی ئەمین) مامۆستا (عـەبـدولـڕەزاق بیـمار) ٣ـ مامۆسـتا (حەمەساڵح فەرهـادی) لە بەرگی یەکەمی پەرتووکەکەیـدا (پێگهی شیعـری منـداڵان لای شاعـیرانی کورد) ههولـێر (٢٠١٢) یەکـێک لـەو دە شاعـیرانەی کە باسی لێکـردوون مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمیـنە. ٤ـ مامۆستا (حهمهكهریـم هـهورامی) یش، لە بەرگی یەکەمی ( ئـەدەبی منـداڵانی کـورد) (٢٠٠٦) هەولێر. وەکـو شاعـیر و چـیرۆکنـووسێک، ئامـاژەی بە نمـوونە لە هـۆنـراوە و لە چـیرۆکەکانی مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمـین داوە. ٥ـ نووسەری ئەم باسەش (رهزا شـوان) لەپەرتووکەکەیـدا (چاوپێخـشانێک بە مێـژووی ئەدەبی منـداڵان) (٢٠١٥) كهركووك. باسی مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمینی کردووە. ٦ـ (یـادی کەڵە مرۆیـەکی شاعـیر و ئەدیب و رەخنەگـر و مامۆستا و..) کورتە باسێکە دەربارەی مامۆستا فەرەیدون عەلی ئەمین. نووسینی (هەڵۆ بەرزنجی) له (٢٠١٨) دا، له سـایتی (کوردسـتان پۆسـت) دا بـڵاوی کـردۆتـەوە.
مامۆستا فەرەیـدون عـەلی ئەمین، کە بۆ مـاوەی چـل ساڵ نووسیـنی هەمەچـەشـنەی لە گۆڤـار و رۆژنەمەکانی کوردستانـدا بڵاوکردەوە، هـۆنراوە و چـیرۆکی بۆ منـداڵانی کورد نووسیون و چاپێ کردوون. پرۆژەی زۆری خەیـاڵ و هۆشـیدا بـوون. کە بیان نووسێ و چاپیـان بکـات. بە داخەوە کە مەرگ بـواری نـەدا.
مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمین، لە رۆژی چوار شەمە، رێکەوتی (٢٥/١١/ ١٩٩١) لە شاری بەغـدا، دڵە گەورەکەی لە لێـدان کەوت و کۆچی دوایی کرد.. بۆ رۆژی دوایی تەرمەکەیان هـاوردەوە بۆ شاری (سلـێمانی) زێـدی لەدایکبوونی. بە ئامادەبوونی دەیان شاعـیر و چـیرۆکنووس و رۆشـنبـیر و خەڵکـیـیەکی زۆر لە (گـردی سەیـوان) بە خـاک سـپێرا. هەزاران درود بۆ گیانی پاکت مامۆستا فەرەیـدون عەلی ئەمین. لە یادت ناکەین. هـەردەم بە نەمـری لای منـداڵانی کورد دەمێنـێـتەوە.
دوو نمـوونە لە هـۆنراوەکـانی مامۆسـتا فەرەیـدوون عەلی ئەمین بـۆ منـداڵان:
ســــمۆرە
ســــــــمـۆرەرە کـلــــکی زەردە
چـــاوی جــــوان و بێ گـــەردە * * * * * گـوێ ی قــووتە پـشــتی بــۆرە وريــــــایـە ، فـێــــــــــڵـی زۆرە * * * * * بـە دانــی تــیـژ گــاز ئـەگــــرێ ئـەتــــوانێ ئـێـســـقـان بـبـــڕێ * * * * * ئــەی ســــــــــمـۆرەی دارەوان گـوێــز زۆر خۆشـە بۆ زسـتـان * * * * * هــــــی زل زل بـشـــــــــــارەوە بـیـخــــــــە کــــــــــونـی دارەوە
کــوڕە کــورد
کـــوڕە کـــوردم شـەش ســـاڵـم وردیــــلـە و روومـــەت ئــــاڵـم * * * * * بـۆ تـــامی خوێـنــدن هـاتـــووم مامـۆســــتا دەســـت دە بــــاڵـم * * * * *
مـن هـەنگــوینی نـاو شـــانـەم یـا بـێـچــــوولـەی هـێـــــلانـەم * * * * * خـوێـــــڕی نـاســـــوورێـمـەوە مـەکـتــــەبـە مــــــــاڵ و لانـەم
رەزا شـوان نەرویـج : ٢٠١٧
Comments