گرنگییەکانی کۆتایی چیرۆک لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان
- raza shwan
- Jun 6, 2021
- 7 min read
گرنگییەکانی کۆتایی چیرۆک لە چیرۆکی منداڵاندا.. رەزا شـوان زۆربەی خوێنەران و نووسەران، بە تایبەتیش نووسەرانی بواری چـیرۆک بۆ مـنداڵان، بڕوایـان بە بێگومانی کۆتـاییەکی شـادی لە چـیرۆکی منـداڵانـدا هـەیە. بەو هـیوایەی کە هـیوا و گەشبـینی و وێنـەیەکی باشـتری ژیـان و داهـاتـوویەکی گەشـتر لە هزر و هـۆش و هەسـت و دەروونی منـداڵانی تامـەزرۆی چـیرۆکـدا بـڕوێـنن.
ئەرک و پەیامی راستی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە، کە راستییەکان بە منـداڵان بگەیەنێت. وا منـداڵان تێبگەیـەنێت کە رێـگای ژیـان تەنیا بە گـوڵ رانەخـراوە. هەمیـشەش چـاکە بەسەر خراپـەدا و ئاشتی بەسەر شەڕدا سەرناکەون. ئەرکی ئەدەبی منـداڵان ئەوەیە کە بەبێ رتووش و ئاراییش، ژیان وەکو خۆی پێشانی منـداڵان بـدات، بێ شاردنەوەی تاڵی و تـرشی و دژواری و مەترسییەکاـنیان لە منـداڵان. پێویستە ئەدەبی منداڵان هەمیشە چـرای هـیوا، گەشـتر بکاتەوە، منـداڵان رووبەڕووی راستییەکـان بکاتەوە. ئەوشیان بخـاتە پێش، کە هەمیشە هـیوا نایـاتەدی. رێگـاش بە تـەواوی نەگـیراوە، هـەمیشەش دەرگـایەکی تـر بـۆ رزگـاربـوون هەیە. لە هـەنـدێ لە شاکارە ئەدەبییەکانی جیهـانی بۆ منداڵان، کۆتاییەکـانیان بە خۆشی وشادی نەهـاتوون.
لە کوردستانی داگـیرکـراومانـدا، منـداڵانی کوردمـان، بێ ئاگـانین، لە کارەساتەکان و لە دۆخی گرتن و کوشتن و سووتاندن و رووخانـدن و دزی و ماڵـوێرانی و دەستدرێـژی و زۆرداری و چەوسـانەوە و رەگـەزپـەرستی و جیـاوازیی نەتـەوەیی و نادادپـەروەریی و کۆمەڵایەتی و نایەکسانی و بێ بەشبوونیان لە مافەکانیان و بەسەربردنی ژیانیكی پڕ لە کـوێـرەوەری و مەینـەتی و بێ مووچـەیی و برسێـتی و تـونـدوتیـژی خـێـزانی و کـێشە کۆمەڵایـەتییەکـان و... هـتد. کە وایـان کـردوون منـداڵانی کوردمـان ئـۆخـەی لە ژیـانی منـداڵییان نەکـەن. منـداڵانی کورد، روژانـە لە سەر روونمـای تەلەفـزیـۆنەکـاندا، یا لە ئینتەرنێت و فەیسبووکدا ئەم کارەساتانە و بە دەیـان کارەساتی تر دەبینن. رۆژانـە، بە گۆڕە و نەڕە و بە زرمەی بۆردوومانی فرۆکەی جەنگی و تۆپ و مووشەک و تانک و زرێپـۆشی داگـیرکەرانی کوردسـتان رادەچـەنـن. لە تـرس و تـۆقـین و لە نائارامی و لە دڵـەڕاوکـێدا دەژیـن. چـۆن دەتـوانین هـەمـوو ئـەم کـارەسات و رووداوە راستـیـیانە لە منـداڵانی کوردمـان بشارینەوە. منـداڵانی کوردمـان لە هەمـوو شـوێنێکی کوردسـتانـدا رۆژانە رووبەڕوی پێشێلکاری و سـتەم و فـشاری جەستەیی و دەروونی دەبنـەوە، بە ئاشکرا پێـشێلی ئازادی و مافەکـانیان دەکەن. ترس و مـردن هەموو لایەکی گرتۆتەوە.
دایکان و باوکان، حەقـیانە کە لەم بارودۆخە و لەم ژیانە ترسناکە کە پڕە لە کارەسات و پێشێلکاری، دڵـنیا نەبن و بترسن و بڕوایـان بە ئـارامی و ئاسوودەیی نەبێـت. بۆیـە بە دوای منـداڵەکـانیانەوەن و ئاگـایان لێـیانە. چونکە متـمانەیـان بەم رۆژگارە نیـیە. مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە بـە ڕەشبینییەوە و بێ ئومیـدییەوە لە ژیـان ب ڕوانین و هیوامان بە داهاتوویەکی باشتر و بە بارودۆخێکی ئاسوودەیی و سەقامگیری نەبێت.
پێویستە نووسـەرانی چـیرۆک و هـۆنـراوە و شانـۆ و رۆمـان و پەخـشان بـۆ منـداڵان. وا باسی ژیـان بۆ منـداڵان نەکـەن، کە تەنیـا بە گـوڵ تەنـراوە و بێ دڕک و داڵـە. واش نەزانن کە هەموو خەڵکی دڵپاک و نیازپاکن و بە ویـژدانن. ئەوەش بزانـن زەردەخەنەی ژەهراویش هەیە، ئاگاداریشیان بکەنەوە کە کەسانێک هەن گورگن و لە کەوڵی مەڕدان. ناشبێت نووسەران تەنیا دیـوی رووناکی ژیان پێشانی منـداڵان بـدەن و تاریکـیان پێشان نەدەن. زۆر جار پاڵەوانی چـیرۆکەکان لەناو جەرگەی تاریکـیدا سەرهەڵدەدەن و بەسەر دڕک و داڵـدا ملـدەنێن، بـۆ ئـەوەی بگـەن بـە روونـاکی و بـە گـوڵی هـیوا و شـادی. لە میانەی تامی تاڵیشەوە چـێژی شـیرینی دەزانـن. بۆیە پێـویستە نووسەرانی چـیرۆک بۆ منـداڵان، بە متمانە بەخۆبوون و بەم راستییانە منـداڵانی کوردمان پەروەردە و ئاراستە بکەن بـۆ داهـاتـوویەکی باشـتر ئامـادەیـان بکەن.
ئایا نووسەرانی بواری منداڵان، دەتوانن ئەوە بە منداڵان بڵێن یا بنووسن، کە ڤایرۆسی کـۆرۆنـا بـوونی نیـیە و درۆیـە؟ لە کاتێکـدا کە منـداڵان لە هەمـوو جـیهانـدا، رۆژانە بە چاوی خۆیان دەبینن کە کەسوکـاریان تـووشی کۆرۆنا بوونە و خەڵکـییەکی زۆریش بە کـۆرۆنـا مـردن. بـووە بە پەتـایەکی جیهـانی. لە ترسی ئـەوەش تووشی کورۆنـا نـەبن قوتابخـانەکان بۆ ماوەیەک داخـران. رۆڵی چـیرۆکنووسانی منـداڵان ئەوەیـە، کە هـیوا و گەشبینی بخەنە دڵی منداڵانەوە و پێێان بڵێن کە پزیشکەکان و دەرمانسازان، بێ ئومید نەبوونە و هەوڵەکانی بەردوامە بۆ دۆزینەوەی پێکوتەیەکی بەهـێـزتـری دژە کورۆنـا.
پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان راستگۆ و راشکاوبن، کێشە و مەترسییە راستییەکـان فەرامۆش نەکەن، وەک: کارتێکردنی نەرێنی لەیەکـتر جیابـوونەوەی دایکان و باوکانی منداڵان. مـردن و لەدەستدانی خۆشەویستەکانیان، گێچەڵکـردنی سێکسی، مووبەکـردن، شەڕانگێزی، کێشە پەروەردەیی و رەوشتی، تونـدوتیژی خـێزانی، برسێتی و هـەژاری، کوێرەوەریی، نادادپـەروەری، نایەکسانی، سـتەم، چەوسـانەوە، بێ مـافی،... هـتد.
بێگـومـان کەسیشـمان نکـووڵی لەوە ناکـەین، کە هەمـوومـان حەزدەکـەین، کە هـەموو چـیرۆکەکانی منـداڵان بە شادی و خۆشی و بە سەرکەوتن و بـردنەوە کۆتاییان پێ بێن. بەڵام بێ ئەوەی کە لە راستییەکان خـۆمان لابـدەین و رووبەڕوویـان نەبینەوە. دەکـرێ هەندی جاریش چـیرۆکەکانمان بۆ منـداڵان هـێماییبن، وا پێویسـت دەکـات. کە لە پـشتی پـەردەوەوە راستییەکـان ئاشکـرابکەین. نووسەرانی ئەمڕۆشمان، نووسـەرانی دوێنـێ نیـن، منـداڵانی ئەمڕۆشـمان منـداڵانی دوێـنێ نیـن. داهـێنان و شـۆڕشی تەکنەلـۆژیـاش نەوەستاوە ئاستی تێگەیـشتن و هـۆشیاری نووسەران و منـداڵان و دایکان و باوکانیش بەرزتر بوونەتەوە. بۆیە پێویستە نووسەرانی ئەدەبی منداڵان، لە ئاستی ئەم پێشکەوتن و گۆڕانکاری و داهـێنان و پێویستییەکانی ئەم سەردەمەدابن. بابەتی نوێ و سەردەمیانە بۆ منـداڵان بنووسـن، کە لە ئاستی پێویستییەکانی ئـەم سەردەمـەی منـداڵانـدا بـن. نەک هەر بابەتە سواوەکان و باونەماوەکان دووبـارە بکەنەوە. پێویستە چـیرۆکی منـداڵان لە یەکەم دێڕەوە، تا دوا رسـتەی لەگەڵ فـۆرم و نـاوەڕۆک و گـرێ و پاڵەوانی چیرۆکەکان گرێدراو و تەواوکەری یەکتری بن. مەبەست و ئامانج و کۆتاییەکی باش بهـێننە ئەنجام. مەبەستیشمان ئەوە نییە، کە هـێڵی راسـت و چـەپ، بەسەر ئەو چـیرۆکە ئەفـسانەیی و میللیـیانەمانـدا بهـێنین، کە تا ئەمـڕۆش بە نەمری ماونەتـەوە، چـێژی خۆیـان لەدەست نـەداون. هـەر وەک ئـەوەی، کە بـۆ ئـەم رۆژگـار و سەردەمە وتـرابن و نـووسرابـن.
پێناسـەی چەمکی کۆتـایی شـادی لە چـیرۆکی منـداڵانـدا چی دەگـەیەنێـت؟ نووسـەری پسپۆری ئەمـریکی لـە ئـەدەبی منـداڵانـدا (رۆبـەرت کـۆمـیر) دەڵـێت:" لەو بـڕوایـەدام، کە کوتاییـەکی شـادی لە پێویستییەکـانی پەرتـووکی منـداڵان نییە، منـداڵان ئارەزووی ئەو پەرتووکـانە دەکەن، کە گـوزارشـت لە راستییەکـان دەکـەن. ئەوان باش دەزانـن کە مووبەکـار زۆر جار سزا نادرێـت" هـاوڕێتـیش تا سـەر نییە، کەسانێکـیش هـەن درێـژە بە خـراپە و بە رەفـتـارە ناشیرینەکـانیان دەدەن. بە تەواوی مەبەست لە کۆتاییەکی شادی لە چیرۆکی منداڵانـدا چییە؟ ئایا ئەو کۆتاییەیە کە دەڵێین:"هەمووان تا هەتـایە بە شادی ژیـان؟" یا کۆتاییـەکە کە پاڵەوانی چـیرۆکەکە " پەنـد و وانـەی وەرگـرت؟ یا " کەسـانی شەڕانی و چەقاوەسوو و مووبەکـار "سـزای بەدکارییەکانی خۆیان وەرگرت؟" یا کۆتاییەکی کراوەی دیاری نەکراو، کە "پەردەپۆشی کۆتـاییـەکی خـراپ دەکـات؟"
هەموومـان ئەوە دەزانیـن کە "باتـمان" لە کۆتاییـدا دەیباتەوە. " سانـدرێـلا" دەبێـت بە هـاوسەری کوڕە پاشا. " جـوانە نووستووەکە" جادووەکـەی بەتـاڵ دەبێتەوە و لە خەوە درێـژەکەی خەبـەری دەبێـتەوە و شـوو بە کـوڕە شـازادە ئازاکـە دەکـات. " بەفـریـن"ی جـادوو لێکـراویش، جـادووکـەی بەتـاڵ دەبێـتەوە و شـوو بـە کـوڕە پاشـاکە دەکـات و باوەژنەکەشی لە داخا دڵی دەوەستێ و دەمرێت. ئەم چـیرۆکە بە دوو کۆتایی پێچەوانەی یەکتری تەواوبووە. ئەوەش دەزانین کە كچۆڵە "کـۆڵـوانەسوور"ەکە لە گورگە رزگاری دەبێت. یا چـیرۆکی " کـوڕە ئـازاکە و ئەژدیهـايەک" کە بە سەرکەوتنی کوڕە ئـازاکە و تیاچوونی ئەژدیهاکە کۆتایی هاتووە. شازادەی وڵاتەکەی سەرسامی بوو، شووی پێکرد.
ئایا ئەم ئەنجامانە، ئەوانەن کە منـداڵان ئارەزووی دەکـەن و دەیانەوێت؟ گەر ئارەزووی ئەم ئەنجـامانە دەکەن، ئایا ئەمانە ئەوەیـان پێ دەبەخـشن کە رووبـەڕووی راستییەکان ببـنەوە؟ ئەم پرسیارانە نـەک تەنیـا بۆ منـداڵان، بۆ دایـکان و باوکـانیش زۆر گـرنگـن. ئێمە وا راهـاتـووین، کە شەڕانی هـەمیشە سـزا دەدرێـت. کەسانی باشیش لە کۆتـاییدا دەیبەنەوە. بەڵام منـداڵان کە گەورەدەبـن، دەبینن شەڕ هـەر درێـژەی هـەیە و کۆتـایی نەهاتـووە.. بۆیـە وا هەست دەکەین کە چەمکی کۆتـایی لە چـیرۆکی تـازەی منـداڵانـدا، گۆڕانکای و نوێخـوازییان بەسەرهـاتووە. دەستەکەوتەکانی کۆتاییش لە چـیرۆکی نۆێی منـداڵانـدا، مەرج نییە تەنیا ماددیی هەست پێکـراوبن. دەشێ: زەردەخەنەیەکی ناسک، هـیوا و گەشبینی بەخـشینبن، یا سەرکـەوتـنێکی واتـایی بـن.
کۆتایی کراوەش لە چیرۆکی منداڵاندا، هـەل و دەرفەت بۆ منـداڵان دەرخسێنن، تا توانا و شارەزاییەکـانیان بەکـاربهـێنن، لە چـارەسەرکـردنی کێشەکـاندا. چـیرۆکنووسانیـش هـیچ کۆتاییەکی کۆنکـریتی دیاریکـراو ناسەپێنن. بەڵکـو رێ بـۆ منـداڵان خـۆشدەکەن کە بیـر لە زیاتـر لە کۆتـاییەک بکەنـەوە. شێواز و رێبازی نووسینی کۆتایی چیرۆکی منداڵان، لە نووسەرێکەوە بۆ نووسەرێکی تر جیاوازی هـەیە. جاری واش هـەیە لە نێـوان چـیرۆکەکـانی هەمـان چـیرۆکنـووسدا جیاوازی لە نێوانیان چـیرۆکەکانیدا هـەیە. پێویستە ئەوەش بزانین کە کۆتایی چیرۆک بۆ منداڵان، کۆتاییەکی شادی بێت یا کۆتاییەکی ناشادی بێت. هیچ پەیوەندییەکی بەوەوە نییە، گەر چیرۆکنووس ژن بێت یا پیاو بێت.
گەر چیرۆکنووسانی چیرۆک بۆ منـداڵان، باکگراوندێکی ئەدەبی و بیرۆکەی جـوانیـان هەبێـت، بە لایـانەوە نووسینی کـۆتـایی جـوان بۆ چـیرۆکەکـانیان، کارێـکی گـران نییە. چیرۆکەکانیشیان بەپـێی قۆناغـەکانی منداڵی منـداڵان دادەڕێژن. زۆربەشـیان شارەزای بواری پەروەردە و دەروونناسیی منـداڵان و بنەما سەرەکییەکانی چـیرۆک بۆ منداڵانن.
دروستکردنی کەسایەتی دروست و ئاسایی منداڵان و زاخاودانی بیر و هـزر و هـۆشیان بە راستییەکان و پێویستییەکان، بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بەرهەڵستییەیانەی کە لە داهاتـوودا دێنە رێیـان و سەرکەوتـن بەسەریانـدا، بۆ ئەوەیش کە لەگـەڵ گۆڕانکارییە ناکاوییەکانیشدا دەربەرن و متمانەیان بە توانکانی خۆیان هەبێت و بشتوانن چارەسەر بـۆ گـرفـت و کێشەکـانیان بـدۆزنـەوە. هەمـوو ئـەم مەبەست و ئامانجـانە. بـوونە بە ناوەخـنی چـیرۆکی تـازەی منـداڵان.
لە قـۆناغی بەرایی منداڵیدا، یا منداڵانی باخچەی منداڵان. بە زۆری ئەو چیرۆکانەیان بۆ دەگێڕنەوە کە کوتاییەکانیان بە شادی و خۆشی و هیوا و گەشبینی کۆتاییان هاتوون. بۆ ئەوەی متمانـەیەکی زیاتریان بە خۆیـان و بە ژیـان و داهـاتوویان هەبێـت. لە راستیشدا کۆتاییەکی شادی، یەکێکە لە رەگەزەکانی چیرۆکی منداڵان بە تایبەتیش بۆ ئەم قۆناغە.
بـەڵام منـداڵانی هـەراشی، سـەرووی پـێـنج سـاڵان، کە قـۆنـاغـێکی خـەیـاڵـیی فـراوانە، منـداڵان بە زۆری حەز لە گوێگرتن و لە خوێندنەوەی ئەو جـۆرە چـیرۆکانە دەکەن کە خەیـاڵئـامـێزن و پاڵـەوانەکـانیـان سەرەکـێـشن و کـاری لە تـوانـابەدەرن ئەنجـام دەدەن. دەبینین زۆر لە منداڵانی ئەم قـۆناغە، خۆیان بە پاڵەوان یا کارەکتەرەکانی ئەم چیرۆکانە دەزانـن. هـەیە حەزدەکـات کە ببێت بە " سوپـەرمـان" یا بە "کوڕە ئـازاکە" یا ببێـت بە "سانـدرێـلا" یا " بەفـرین ـ دەنکە هـەنـارە " یا "بـووکی دەریـا"... هتـد. ئـەم راستییە لە خەسڵەتەکـانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵـین. حـەزیـش بـەو پاڵەوانـانە دەکـەن کە کـاری باش و پیـاوەتی و هـاوکاری دەکـەن. دەبن بە فـریاڕەس و سوود بە گشتی دەگەیەنـن.
منـداڵانی قـۆناغی تەمەن حـەت و هەشـت ساڵان، ویـژدانیـان گەشـە دەکەن، زیـاتر لە راستییەکـانەوە نـزیک دەبنەوە. لە میانـەی ئەو چـیرۆکانەوە کە دەڵـێن: مەرج نییە کە بەهـێزترین کەس و ناسراوترین کەس هەمیشە ببەنـەوە. لە زۆر لە یارییەکانی فووت بـۆڵـدا، نە "میـسی" و نە "رۆنـاڵـدۆ" نەیانتـوانی گـۆڵ تـۆمـار بـکەن. تا رادەیـەک چـیرۆکـەکانی ئەم قـۆنـاغـەی منـداڵی، لە راستییەکـانەوە نزیکـن. ئەو پـرەنسیـپانەیان لەخۆگـرتـوون، کە گەشە بە کەسایەتی منـداڵان دەکـەن.
لە تەمەنی دوازدە ساڵانەوە، کە سەرەتای قـۆناغی هەرزەکارییە. لەم قۆناغەدا منداڵان ئارەزووی ئەوەیان هـەیە کە وێنەکە بە تەواوی ببینن. پێویستە ئەوە بـزانن کە مەرج نییە پیاوباش هەردەم باش بێت، زۆر جار چاکە شکس دێنی، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە شەڕ سەرکەوتـووە. پێویستیش ناکـات هـەر شتێکمـان بیـنی چـاوی لـێبکەیـن. گـەر هەموو ئەوانەی بە دەورمـانەوەن درۆدەکـەن. پێویست نیـیە ئێمەش وەک ئـەوان بیـن. مەرجیش نییە کە بەهێزترین یا جوانترین کەس، بتوانن زۆرترین هاوڕێ بەدەستبهێنن. منـداڵانی هەرزەکـار، حەز بەو چـیرۆکانە دەکەن کە راستییەکـانیان بەرجەستەکردوون. گەشتی پاڵەوانێک بە ناخی تاریکـیدا، بۆ گـەڕانەوەی هـیوا و هەست، کە ژیـان هـێشتا لە پێشییەوەیە، نابێت ورەی بـڕوخێت و کـۆڵ بدات. ئەم جۆرە چـیرۆکانە وا لە منداڵان دەکەن، کە هـۆگـریایبـن و جـار لە دوای جـار بیـانخـوێنـەوە.
ئێمە پێمانـوایە، کە منـداڵان تا رادەیـەک پێویستییان بە راستی و بە کەمـێک چـیرۆکی ترسناکیش هـەیە. پێویستییان بەو چیرۆکانە هـەیە، کە بە کۆتاییەکی شـادی کۆتـاییان هاتـووە، بەو چـیرۆکانەش، کە بە غەمگینی کۆتاییـان هـاتـووە، نەک ئەو چیرۆکانەی کە بە تراژیـدیـا کۆتاییان هـاتووە. بەڵام هەرگـیز لەگـەڵ ئەوەدا نیـم و نابـم، کە منداڵان بێ هـیوا و رەشبین بکـرێـن. پێویستە چیرۆکەکانیش لە هەموو روویەکەوە، کە لەگەڵ قـۆنـاغەکـانی ژیانیـانی منـداڵانـی هەر قـۆنـاغـێکدا گونجـاوبـن.
رەزا شـوان ٦/ یـۆنیـۆ/٢٠٢١
Comments