ئۆپەرێتی....ژینگە شیرینە
- alihamarashid
- Jan 7, 2021
- 2 min read
نوسینی : عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی
منداڵانی گەڕەک لەنێو چیمەنە سەوز و جوانەکەی باخچە ڕازاوەکەی گەڕەکدا خەریکی یاری کردن بوون،کە لایەکی بەکۆمەڵێک دار و نەمامی جوان و لایەکی تریشی بە کۆمەڵێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگی ھەمەجۆری بۆنخۆش دەورە درابوو،لایەکی تریشی چەند کورسییەک لە دار و بەرمیل و تایەی بەکارھاتوو دروستکراو بەشێوەیەکی ھونەری زۆر تایبەت دەھاتنە بەرچاو کە بەخێرایی سەرنجی ئەو کەسانەی ڕادەکێشا کە دەچوون بۆ باخچەکە بۆ پشوودان.ئەمانە دیمەنێکی دڵگیری بە باخچەکە بەخشیبوو کە وای لە منداڵان دەکرد کە بە ئاسوودەیی لەگەڵ یاری کردندا گۆرانی خۆش خۆش بڵێن و ئەو کاتەی لەوێ بەسەری دەبەن ببێتە خۆشترین کات بۆیان.ئەمجارەیان جیاواز لە جارانی پێشوویان کەوتنە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتریدا و گۆرانی و سەما و پێکەنین و خۆشی ئاوێزانی یەکتر بوو بوون و ژینگەش وەکو بابەتێکی دیاریکراو بوو بووە ناوەرۆکی قسە و گفتوگۆکانیان.
باران:ھاوڕێیان دەزانن یاریکردن لەم باخچەیەدا زۆر زۆر خۆشە.
بارین:وایە بۆیە ھەموو ئاسوودەین.
ئایان:ڕاستە ئەو ڕۆژە لە دەرەوەی باخچەکەدا یاریی ماڵە باجێنەمان دەکرد وەکو ئەمڕۆ خۆش نەبوو.
ئارۆ: وایە چونکە ژینگەکان جیاوازن.
باران:چۆن؟
ئارۆ:ئەم باخچەیە بەسەوزاییەکی زۆر داپۆشراوە و دار و گوڵ و چیمەن دیمەنەکەیان جوانتر کردووە.
باران: کەواتە ئەو ژینگەیە خۆشترە کە بەو شێوەیە بێت ،چونکە ھەم جوانە و ھەم ھەواکەشی خاوێنە.
ئارۆ: ئەی بۆ کە ئەمانە دەزانی قسە ناکەی؟
باران: وتم بزانم ئێوەش ژینگەتان خۆش دەوێت و ھیچی دەرەبارە دەزانن.
بارین: من سەرەتا کە گوێم لە قسەکانت بوو زۆر بەلامەوە سەیر بوو،وتم باران و زانیاری دەربارەی ژینگە نەبێت!
باران: دەی کەواتە با ھەموومان پێکەوە گۆرانی بۆ ژینگە و جوانیی ژینگە بڵێین.
ھەموو:
بــا ژینگەمان خاوێن بێ.....ھەتا جوانترین شوێن بێ
ســـەوزایی دایپۆشیبێ.....جێگەی یاریی و خۆشیبێ
ھەوای پاک و بۆنی گوڵ.....شــادی بخــەنە نێو دڵ
باران:ھاوڕێیان دەزانن ژینگە بەو شوێنە دەوترێت کە ئێمەی مرۆڤ تێیدا دەژین ، بۆیە پێویستە بیپارێزین و ھەوڵی ئەوە بدەین کە جوان و خاوێن بێت.
ئارۆ: زۆر ڕاستە ئەوەش ئەرکی سەر شانی ھەموومانە و دەبێت بەشداربین.
ھەموو:
دەی با ھەموو ھاوکار بین.....ھەر لە ئێستاوە دیار بین
ژینگەی خۆمان خۆشبوێ.....مرۆڤێکی وشـــیار بین
با ھاوار بکەین ھەمووان.....مـــاڵ و گەڕەک و کۆڵان
شەقـــام و قوتابخانە .....شـار وگوند و نیشتمان
ھەر ھەموو ژینگەی ئێمەن.....بەدرێژایی تەمــــــەن
ھۆی ئاسوودەیی و خۆشین ....لــــەجوانیدا بێ وێنەن
باران:
ژینگە شوێنی ژیــــانە.....بۆ گــەورە و منداڵانە
بۆیــــــە پاراستنیشی.....وەکو ئەرکی سەر شانە
ئارۆ:
ژینگـە دۆستم وشیــارم.....وەک ژینگە پـارێز دیارم
بـۆ خـۆشەویستیی ژینگە.....چی پێویست بێ ھاوکارم
بارین:
ئای چەند خۆشە بەشداربین.....لەگـــەڵ یەکتر ھاوکاربین
بــۆ پاکی و جوانیی ژینگە.....خــاوەنی یەک بڕیـــاربین
ئایان:
با ئێمە دەست پێ بکەین.....بڕیــاری خۆمان بدەین
ھەنگاو بنێن بە گورجی.....دڵسۆزییمان دەربخەین
ھەموو:
بــۆ دڵگــیری و ڕەنگینی .....بــۆ جوانی ئەم ژینگەیە
سەیری چەندە ئاسوودەین.....دڵمــــان پڕ لە خۆزگەیە
بــــــــەبڕوای تەواوەوە.....ھـــــەوڵ دەدەین ھەمیشە
ژینگە دۆستیی بکـــــەینە.....بەرنامـــــەو کار و پیشە
..........
٢٠٢٠/١/١٠
Commenti