تیشکێک بۆ سەر (خه‌ونى چۆله‌كه)ی ئه‌مین محه‌مه‌دی شاعیر........نوسینی:زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى
- alihamarashid4
- Aug 19, 2021
- 3 min read
Updated: Aug 20, 2021
تیشکێک بۆ سەر (خه‌ونى چۆله‌كه)ی ئه‌مین محه‌مه‌دی شاعیر
نوسینی:زانیار سه‌ردار قڕگه‌یى
دنیاى منداڵان دنیایه‌كى گه‌ش و رەنگاوڕەنگ و جوانه، خاڵییه له خه‌وش و خاڵ، بۆیه ئاسان نییه نووسین و لێدوان له دنیاى منداڵان و هۆنینه‌وه‌ى هۆنراوه و چیرۆك و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌و توێژه گرنگ و هه‌ستیاره‌ى كۆمه‌ڵگه‌وه. ده‌بێت كه‌سانى به‌ئه‌زموون و شاره‌زا پێنووسی به‌بڕشتیان بخه‌نه كار، بۆ خزمه‌ت گه‌یاندن به‌و دنیا جوان و به‌ریئه‌ى كۆمه‌ڵگه، تاكو نووسینه‌كان كاردانه‌وه‌یەکى ئه‌رێنى و كاریگه‌ریان له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی ئەو توێژە هەبێ و نه‌وه‌یه‌كى ته‌ندروست پێبگه‌یه‌نرێت.
لێره‌وە خوێندنه‌وه‌یه‌ک بۆ به‌رهه‌مێكى شیعریى شاعیرێك و هه‌م بۆ كه‌سێتیى خۆیشى دەخه‌ینه روو:
یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مه سه‌نگین و به‌نرخانه‌ى هۆنراوه‌ى دنیاى منداڵان، نامیلكه شیعرى (خه‌ونى چۆله‌كه)یه، كه هۆنراوه‌یه بۆ منداڵان، له نووسینى: (ئه‌مین محه‌مه‌د)ى شاعیره.
ئه‌م نامیلكه‌یه (٢٢) شیعرى ناسك و جوانی گرتۆتە خۆی و به چاپێكى ڕه‌نگاوڕه‌نگ و نه‌خشه‌سازییه‌كى باش و به كۆمه‌ڵێك وێنه‌ى جوان نه‌خشێنراوه، كه سه‌رجه‌میان گوزارشت له جوانیى سروشت و خاك و ئاڵاى كوردستان و هه‌ست و خۆشه‌ویستى بۆ باڵنده و گیانداران ده‌كات.کە یەکێکە لە چاپکراوەکانی بەڕێوەبەرێتی خانەی سمۆرە سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە تیراژی (١٠٠٠) دانە چاپکراوە
ئه‌م به‌رهه‌مه به زمانێكى پاراو و ساده‌ى ئه‌ده‌بیى منداڵانه نووسراون، كه هه‌مووى گوزارشته له خۆشى و شادى و، رێز و خۆشه‌ویستى لاى منداڵان به‌رجه‌سته ده‌كات. وێڕاى خۆڕۆشنبیركردن و حه‌ز و خولیاى خوێندنه‌وه و زانیاریى به‌سوود، له هزرى منداڵدا تابلۆى نه‌خشێنراو به خه‌یاڵ، هەروەها خه‌یاڵێكى ناوازه لاى منداڵ دروست ده‌كات.
سه‌رباسى هۆنراوه‌كانیش هه‌مووى وشه‌ى ناسك و نازدار و خۆش و تام و چێژبه‌خشن، كه به‌م چه‌شنه ده‌ست پێده‌كەن: "ئاشتبوونه‌وه، به‌سه‌ر هه‌وره‌وه، خۆرئاوابوون، گزنگى شه‌نگ، بێچووه پشیله، تاڤگه، خه‌ونى چۆله‌كه، په‌ڕه‌سێلكه، كه‌روێشكه گردیله، تابلۆى خه‌یاڵ، بووكه سووره، حه‌وزى ماسى، ئه‌ستێره‌یه‌كى ونبوو، هه‌ورى گه‌ڕۆك، پشیله‌یه‌ك ده‌یه‌وێ بفڕێ، ژیان له ئه‌ستێره‌یه‌كى تردا، نیشتمان، قازه سپى، بووكه‌ڵه‌كانم، خۆزگه، خۆرى وڵات، سنه".
هه‌ر هۆنراوه‌یه‌كى كۆمه‌ڵێك ماناى گرنگى له‌خۆ گرتووه و منداڵان هان ده‌دات تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه و دۆستى زانست و زانیارى بن و كارى جوان و شایسته بكه‌ن و خۆشه‌ویستییان بۆ نیشتمان و ئاڵا و هه‌بێ، فێری رێزگرتن و ئازارنەدانی باڵنده و گیاندارانیان دەکا وهانیان دەدا دۆستى ژینگه بن و ژینگه‌پارێزییش په‌یڕه‌و بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌رپێییانه گوزه‌رێك به ره‌وتى هزریى و كۆمه‌ڵایه‌تیى (ئه‌مین محه‌مه‌د)ى شاعیردا بكه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، ئەو مرۆڤه یه‌كێكه له‌و شاعیره ده‌ستڕه‌نگین و به‌ئه‌زموونانه‌ى دنیاى ئه‌ده‌ب، به‌تایبه‌ت له بوارى دنیا گه‌شاوه‌كه‌ى ئه‌ده‌بى منداڵاندا جێده‌ستى دیار و دره‌وشاوه‌یه و ساڵانێكه خزمه‌تى بێ وچان ده‌كات، وێڕاى ئه‌رك و كارى رۆژانه‌ى بۆ بژێوى ژیانى، له كاركردنیدا رۆژانه لایه‌نێكى ژیانى ته‌رخان كردووه بۆ نووسین و خوێندنه‌وه و خزمه‌تگه‌یاندن به منداڵه چاوگه‌شه‌كانى كوردستان.
جگه له‌وانه‌یش، هاوڕێ و هاوكار و یارمه‌تیده‌رێكى زۆر باشى سه‌رجه‌م گۆڤار و بڵاوكراوه‌كانى بوارى منداڵانه، له گه‌یاندنى په‌یامه‌كانیاندا.
به‌ده‌ر له رۆشنبیرى و ئه‌ده‌بدۆستییش، ئه‌مین محه‌مه‌د بۆ خۆیشى كه‌سێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و خۆشه‌ویسته، حه‌ز به یارمه‌تى و هاوكارى و ده‌ستگیرۆیى زۆر كه‌س و له زۆر بواردا ده‌كات. به‌شانازییه‌وه ئه‌م شاعیره دووكانداره، دووكانه‌كه‌ى بۆ بژێوى ژیانى خێزانەکەیه‌تى، به‌ڵام ئه‌م مرۆڤه به‌ڕێزه به‌هۆى هۆگریى بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب و ئه‌ده‌بدۆستان، له هه‌مان كاتدا هۆگریى بۆ دنیاى منداڵان، دووكانه‌كه‌ى له هه‌موو سه‌رده‌م و قۆناغێكدا بووەته ساباتى كۆكه‌ره‌وه‌ى رۆشنبیران و زۆربه‌ى میوانەکانى ئه‌ده‌بدۆست و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووسن.
له‌م ساباتى رۆشنبیرانه‌یه‌دا، رۆژانه تاوتوێى به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان ده‌كرێت و شرۆڤه‌ى دۆخى رۆشنبیرى و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك جار رامیارییش ده‌كرێت. به‌بێ هیچ سانسۆر و دڵگرانییه‌ك و زویربوونى هیچ كه‌سێك، به دڵێكى فراوان و روویه‌كى گه‌ش و ده‌م به‌خه‌نده‌وه پێشوازییان لێ ده‌كات و رێز و نه‌وازشێكى زۆریان بۆ ده‌نوێنێت. هه‌روه‌ك قاوه‌خانه‌یه‌كى كولتووریش، راژه‌گوزاریى پێشكه‌ش ده‌كرێت.
له‌كۆتاییدا، هیواى به‌رده‌وامى و سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌م شاعیره ده‌خوازین و ئومێد دەکەین نموونه‌ى زۆر بێت و خامه‌شى هه‌ر به بڕشت و به‌رهه‌مه‌كانیشى له زیادبووندا بن، بۆ زیاتر خزمه‌تگه‌یاندن بە ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرى و له‌نێویشیاندا به دنیا ناوازەکەی منداڵان.

Commentaires