top of page

پێشەکی یەکێک لە بەرهەمە نوێکانم بەناوی(خەون و خۆزگەی منداڵان) ...عەلی حەمەڕەشید


پێشەکی یەکێک لە بەرهەمە نوێکانم بەناوی(خەون و خۆزگەی منداڵان) کە ناونیشانی سەرجەم ئەو هۆنراوانەی کە تێیدایە تێکەڵم کردووە وەک شێوازێکی نوێ و باوەڕناکەم کەسی تر بەو شێوەیە کاری کردبێت،هەوڵمداوە بەرهەمەکانم بەو پێشەکییانە و بەجیاوازییەوە بێت.................عەلی حەمەڕەشید

پێشەکی


گوڵە جوانەکان کاتی خوێندنەوەی ئەم ھۆنراوانە و ھەموو کاتێکتان شاد بێت.گوڵەکانم دەزانم کە ئێوەی نەشمیلە و جوان ھەمیشە حەزتان لە جوڵە و یاریکردنە و دەتانەوێت لە ماڵ و قوتابخانە بە ھاوکاری دایەی شیرین و بابەی ئازیز و مامۆستا دڵسۆزەکانتان پەرە بە بەھرەکانتان بدەن و تواناکانیشتان پێش بخەن،هەروەها لە خوێندنیشدا سەرکەوتوو بن.یەکێک لەو کارانەی کە دەبێتە هۆی ئەوەی کە بەو هیوا گەش و مەزنە بگەن ،کۆششکردن و خوێندنەوەیە،چونکە بەخوێندنەوە ئاسۆی زانیارییەکانتان فراوانتر دەبێت و مرۆڤێکی چالاک و خوێنەرێکی باش و وریا دەردەچن ،چونکە لەئێستاوە کە خۆتان لەگەڵ خوێندنەوەدا ڕاهێنا و پەرتوکتان کرد بەهاوڕێ ،سەرکەوتوو دەبن و زانیاری نوێ لەو هاوڕێ بێدەنگ و ئازیزەوە وەردەگرن. خەون و خۆزگەکانیشتان بەجوانی وەک پرشنگی خۆر لە ئاسمانی هیواکانتاندا دەبنە پەلکەزێڕینە و خۆشیی و شادییتان پێدەبەخشێت..

ئەوەتا لە دوورەوە چاوم لێیە بەرەو (ژووری وێنە کێشان ) کەوتونە ڕێ و وەک (خوشک و برا) ،( بەرگی ئاسوودەیی) تان پۆشیوە و پێکەوە بە(یاری)يەوە گۆرانی بۆ (ساڵی تازە )دەڵێن و باسی( یەکەم ڕۆژی قوتابخانە )دەکەن لە (پەرتوکخانەی قوتابخانە) دا لەگەڵ خوێندنەوە و تەماشاکردنی پەرتوک و گۆڤارە تایبەتەکانی منداڵان دا ،باسی (خولی فێربوون) دەکەن.جارجارەش ھەوڵدەدەن کە (بەرنامەی پشوو) بەھاوکاری و بەڕاوێژ بەیەکتر کردن دابنێن.ھەروەھا باسی سود و زیانەکانی بەکارھێنانی( ئایپاد) دەکەن . پاشان ھەریەکە بە چالاکییەک بەشداری کۆتا گەشتە بچوکەکە دەکات، بە گۆرانی (وێنەی خەونەکانم) و (چەتر و با) و سرودی(نەورۆز).جار جاریش یەک یەک هۆنراوە بۆ (قوتابخانەکەم) و( سێو) و (گوند) و (ژینگەپارێز) و (بێچوە فیل و قوتابخانە) و (خەونی ئەرخەوانی) و (پەرتوکخانە)دەڵێن ..چەند دیمەنێکی دڵگیر دروست دەکەن.هەر لە (پیشانگەی خەیاڵ) دەچن لە( ڕۆژی ئاسودەیی) دا و بەگوررجی ( هەنگاوی گەشبینیی) بەرەو( پەلکە زێڕینەی ئاشتی) دەنێن و پێکەوە هاوار دەکەن خەونەکانمان زۆرن ،بەڵام ڕەنگاوڕەنگ و هەمەجۆرن، ئیتر لە (خەون و خۆزگەی منداڵان) ە و ڕەنگاڵەیی دا چاوەڕوانی (دیارییەکەی دایە) دەبن ،ئای چەند خۆشە( فڕین بۆ ئامێزی دایە).پاشان پێکەوە بەدەنگێکی ناسک و خۆش بچرپێنن بە گوێی ھەموواندا و بڵێن ئێمەی (منداڵ ئایندە) ی گەشی ئەم کۆمەڵگە شیرینەی کوردستانین.پێکەوە بە( یاری لەگەڵ هەورەکان) دا ، گۆرانییەکی خۆش وەک(شنەی شادی) بۆ منداڵانی (خاوەن پێداویستی تایبەت) بڵێین و بڵیێن ئێوەمان زۆر خۆشدەوێت.

ھاوڕێتان

عەلی حەمەڕەشید بەرزنجەیی

٢٠٢١/٥/١٢ سلێمانی



Comments


bottom of page