خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....درۆ و شەڕ.... زانیار سەردار قڕگەیی
- alihamarashid4
- May 11, 2021
- 1 min read
درۆ و شەڕ
زانیار سەردار قڕگەیی
(درۆ و شەڕ) نامیلکەیەکی قەشەنگ و ڕازاوە و جوانی مامۆستا (ڕێکارێ مزویری )یە، کە بریتییە لە دوو وانە و لە دوو توێی نامیلکەیەکی ڕەنگا و ڕەنگ و جواندا بە شێوەی چیرۆکە شیعر چاپکراوە.
ئەم دوو چیرۆکە شیعرەییە بە ھەردوو شێوە زاری کرمانجیی ژووروو و سۆرانی نووسراون . چیرۆکە شیعری یەکەمیان باسی ڕاستگۆیی و درۆ نەکردنی منداڵ دەکات ، بۆ ئەوەی منداڵان فێری درۆکردن نەبن و ھەمیشە لەگەڵ دایک و باوک و کۆمەڵگە و لە قوتابخانەدا بە ڕاستگۆیی بدوێن و خۆیان لە درۆ دوور بخەنەوە ، چونکە ھەر وەکو پێشینان دەڵێن : (پەتی درۆ کورتە).
چیرۆکە شیعری دووەمیشیان ھانی منداڵ دەدات بۆ ئەوەی خۆی لە شەڕ و ئاژاوە و ھەڵچوون بپارێزێ و شەڕەنگێزی و خۆ بەزل زانین بە خراپ بزانآ .
چیرۆکی یەکەمیان لە نێوان دوو باڵندە (قەلەڕەش و کۆتر) و چیرۆکی دووەمیشیان لە نێوان دوو ئاژەلّ دایە ، ئەوانیش (مانگا و بزن)ن .
ئەم نامیلکەیە ھەوڵدانێکە بۆ ئاشنا بوونی منداڵ بە ھەردوو شێوە زارە سەرەکییەکەی زمانی کوردی و ھەنگاوێکە بۆ بچووککردنەوەی ئەم بۆشاییەی تا ئێستا لە نێوانیاندا ماوە .
ئەم بەرھەمە ، لە بڵاوکراوەکانی فەرمانگەی ڕۆشنبیری و ھونەری ( بەحرکە ) یە و زنجیرە ( ١ ) بڵاوکراوەکانی ئەو فەرمانگەیەی دراوەتآ ، بە چاپ و دیزاینێکی جوان و وێنەی ڕەنگاو ڕەنگەوە پێشوازی لە منداڵان دەکات و شایانی خوێندنەوەیە .
دەستخۆشی لە برای نووسەر و شاعیر ( ڕێکارێ مزویری ) دەکەین و ھیوادارین بەرھەمی زیاتر و ناسکتری خۆی پێشکەش بکات ، وەک چۆن بەردەوام لە برەودایەو لە ڕاژەگوزاریدایە بە دنیا ڕەنگاڵییەکانی منداڵە چاو گەشەکانی کوردستان بە ھەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی .
Comments