خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....زەردەخەنەی جوان.... زانیار سەردار قڕگەیی
- alihamarashid4
- Apr 19, 2021
- 2 min read
زەردەخەنەی جوان.......زانیار سەردار قڕگەیی

کتێبی (زەردەخەنەی جوان)، کۆمەڵە چیرۆکێکی مامۆستا و شارەزای بواری ئەدەبی منداڵان و چیرۆکنووسی ناسراو (ئەحمەد سەیید عەلی بەرزنجی)یە، ئەم بەرھەمە بریتییە لە پێنج چیرۆک کە وەک لە پێشەکییەکەیدا نووسەر ڕوونی دەکاتەوە، تایبەتن بە مێردمنداڵانی (١١ بۆ ١٥) ساڵ و، ئەم ژانرەش لە ئەدەبی منداڵاندا لەوەدایە خۆی بچەسپێنآ، چونکە بۆ قۆناغێکە کە ھێشتا بەتەواوی لە منداڵی نەڕەخساون و نەشکەوتوونەتە قۆناغی ھەرزەکاری و گەشەکردنی تەواو.
بەپێی نووسەر مێردمنداڵانی ئەم قۆناغە ( لە توانایاندایە مەبەست و ماھیەتی باسەکان لە مێشکدا ڕێکخەن و بەدروستی ڕیزیان بکەن و بیانکەنە کەرەستەی گەیشتن بەمەبەست، لە ھەر کامیاندا ). دەبینین خەسڵەتی جیا لە نووسینی تایبەت بۆ مێردمنداڵاندا ھەیە وەک نووسەر پێشانیداوە، چونە ناو باسی وا ھێجگار ئاڵۆزو پڕگرێ و گۆڵ نییە، ئەمانەش سادە و ساکارانە بە زمانێکی ڕەوانە.
لەلایەکی دی ناوەڕۆک و بابەتی چیرۆکەکان ئەگەر خەسڵەتێکی سەر بە ڕواڵەت و دیاردە تەکنەلۆژییەکانی ئەمڕۆیان پێوە دیار نییە، بەڵام پاساوی نووسەرە کە لە پێشەکییەکەدا ئاماژەی پێدەدا ئەوەیە کە (ئێمە نابآ لەبەردەم لێشاوی توندی پێشکەوتن و داھێنانە زانستییەکاندا دۆش دامێنین و دەستە و ئەژنۆ نائومێد بین . با ھەر نەبآ ئەوەی کە دەڕەخسآ و لەبەردەستایە بەکاری بێنین و بیکەینە ھۆیەک بۆ بەرپاکردنی بزاڤـ و تەکانێک بەرەو کردنەوەی پەنجەرە داخراوەکان و بەئاگا بوون لە باری ژیانی شارستانیەتی پێشکەوتووی ئەمڕۆ) . جا ھەریەک لەو چیرۆکانەی کە ئەم کۆمەڵە گرتوونیەتە خۆ دەیەوآ مێردمنداڵان بەرەوڕووی کێشەو گرفتەکانی ژیانی ئەمڕۆ بکاتەوەو لە دووتوێشیانەوە دەرگەی ڕێگە چارەکانیان بۆ واڵا بکات ، یان لە دووتوێی ڕوداوەکانەوە خوێنەری مێردمنداڵ خۆی بە بیرو ھزری تارادەیە ساکارانەی خۆی فێری ئەوەبآ چ پەندو وانەیەکیان لێوە فێر دەبێت.
چیرۆکەکانی: (خەوێکی خۆش، زەردەخەنەی جوان، مەرگی درەخت) ھەرکامیان ڕووەو ئاراستەیەکی ھاوچەرخانەی سوودمەند بۆ منداڵانی ئەو قۆناغە وەک باسکرا دەبنەوە.
لە ھەمان کاتدا نابآ ھەوڵ و کۆششی ھونەرمەندی خامە ڕەنگین (گرفتار کاکەیی)یش فەرامۆش بکەین لە ڕازاندنەوەی ھەرکام لە چیرۆکەکان و بەرگەکەی بەو تابلۆ ھونەریە شیاوانە بۆ منداڵان.
Comments