top of page

خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....سێ پەپوولە سێ ڕەنگەکە.... زانیار سەردار قڕگەیی

سێ پەپوولە سێ ڕەنگەکە

زانیار سەردار قڕگەیی

(سێ پەپوولە سێ ڕەنگەکە) ناوی بەرھەمێکی دیکەی خەمخۆری بواری ئەدەبی منداڵان مامۆستا (تاھیر ساڵح سەعید )ە و ، دوا بەدوای کتێبی (ماسی بۆ قسە ناکات) دێت. ئەم نامیلکەیە بریتییە لە چیرۆکێکی درێژ لە دوو توێی ( ٢٠ ) لاپەڕەی ڕەنگاو ڕەنگدا ، باسی سآ پەپوولە دەکات کە لە ڕۆژێکی بەھاردا بە نیازی گەشتوگوزار ڕوو لە باخ و کێڵگەکان دەکەن . ئەم سآ پەپوولەیە یەکێکیان سوور و ئەوی دیکەیان زەرد و سێیەمیشیان ڕەنگی سپیی بەفرینە .

ئەم سێ پەپوولەیە بەسەر گوڵەکاندا دەسوڕانەوە ، بێ ئەوەی ئاگایان لەو پەڵە ھەورانە بێت کە دەچوونە پاڵ یەک و گەورە دەبوون .

لە ناکاو باران دایکرد ، پەپوولەکان ھەوڵیان دا خۆیان لە نێو پەڕەی گوڵێکدا حەشار بدەن ، بەڵام ئەوان ھەرسێکیان بەیەکەوە جێیان لە پەڕەی گوڵێکدا نەدەبووەوە و نەشیان دەویست لەکاتی تەنگانەدا یەکتر بەجێ بھێڵن . ئەوان باوەڕیان وابوو کە ھاوڕێلە کاتی تەنگانەدا دەبێ پشتی یەکتر بگرن ، نەک ھەریەکە و ڕوو لە لایەک بکات و ئاگای لە ھاوڕێکانی دیکەی نەبێت .

خۆر لە پشت پەڵە ھەورەکانەوە ئاگای لە ھەڵس و کەوتی پەپوولەکان و ھەڵوێستی دڵسۆزانەیان بوو و زۆر بەم یەکێتی و تەباییە خۆشحاڵ بوو کە لە نێوان پەپوولەکاندا ھەبوو . بۆیە ھەورەکانی شیتاڵ کرد و تین و ڕۆشنایی خۆی بۆ پەپوولەکان نارد ، پەپوولەکان وشک بوونەوە و بەرەوماڵ بوونەوە ڕۆیشتن ، ھەرسێکیان بەدەم ڕێگاوە گۆرانییان دەچڕی و بەوکارەش ئەوەندەی تر جوانییان بە سروشت دەبەخشی .

ئەم بەرھەمە بەناسکی و جوانی نووسراوەو تام چێژێکی زیاتر دەبەخشێتە منداڵە ئازیزەکان و لێی تێرنابن .

لە کۆتایدا دەستخۆشی لە نووسەری بە ئەزموون مامۆستا ( تاھیر ساڵح سەعید) دەکەین و ھیوادارین بە بەرھەمە بە پێزەکانی زیاتر کتێبخانە ھەژارەکەی منداڵان دەوڵەمەند بکات .









Comments


bottom of page