top of page

خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....شەکرە سێو....... زانیار سەردار قڕگەیی

شەکرە سێو

زانیار سەردار قڕگەیی

ژیکەڵە نازدارەکان: یەکێک لەو بەرھەمانەی بواری دنیای منداڵان کە لەم نزیکانەدا چاوی گەشی بە دنیای ڕازاوە و گەشاوەی ئێوەی ئازیز ھەڵھێنا، کتێبێکی ناسک و جوان و خنجیلانەی مامۆستا و شاعیر و چیرۆکنووسی بواری منداڵان (ئەحمەد حوسێن ئەحمەد) ە، بەناوی (شەکرە سێو ) ، کە بریتییە لە کۆمەڵێک چیرۆکی منداڵان و ھەروەکو شەکرە سێو وایە، ئەوەندە شیرینە ئەگەر بیخوێنیتەوە چێژێکی زۆری لێ وەردەگریت ، چونکە زۆر بە سانایی و جوان و ناسک و بە ھێمنی نووسراوە ، جگە لەوەی کە بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێنمایی و ئامۆژگاری و ئاکاری جوان بۆ منداڵان ، پێی داگرتووە لەسەر شێوازی پەروەردەکردنێکی ڕاست و دروستی منداڵان.

نووسەری ئەم کتێبە زیاتر لە (٣٠) ساڵە خزمەت بە منداڵان دەکات و چەند بەرھەمی بە پێزی تایبەت بە منداڵانی ھەیە.

ئەم کتێبە، کە (١٤٤) لاپەڕەیە، لە لایەن بنکەی ڕۆشنبیری (شەھید) لە سلێمانی چاپکراوە.

ھیوادارین (شەکرە سێو ) لە کتێبخانەی منداڵاندا کەلێنێک پڕ بکاتەوە و ئەمەش دوا بەرھەمی مامۆستا نەبێت.

یەکێک لەو چیرۆکانەی ناو ئەم کتێبە دەخەینە ڕوو بەناوی ( مژدەی سەرکەوتن ):-

شەنگە جانتاکەی کردەوە. ئاھەنگێکی بچکۆلەی بینی: کتێب گۆرانی دەڵێت..

قەڵەم مۆسیقا لێدەدات.. دەفتەر ھەڵدەپەڕێت ڕاستەو دادەر و کوژێنەرەوەیش ھەریەکە لەلای خۆیەوە چەپڵە لێدەدات.

بەسەر سامییەوە لێی پرسین:- خۆشەویستان بە چ بۆنەیەکەوە ئەم ئاھەنگە دەگێڕن ؟

کتێب و دەفتەر وتیان: قوتابییەکەمان گوێڕایەڵە، دەمانپارێزآ، بەرگی تێگرتووین، پاک و خاوێن ڕایگرتووین.

قەڵەمیش وتی:

شەنگە گیان ئێمە بۆ ھەموو قوتابییەکی وریا و پێشەنگ .. لە نێوان خـۆماندا ئەم ئاھەنگـە لـە ژێر ناونیشانی مژدەی سـەرکەوتندا دەگێڕین .

شەنگەش پتر لە جاران باوەشی سۆزی بۆ گرتنەوە .

Comments


bottom of page