خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....ڕازی قوتابییەکی زیرەک.... زانیار سەردار قڕگەیی
- alihamarashid4
- Apr 11, 2021
- 2 min read
ڕازی قوتابییەکی زیرەک...........زانیار سەردار قڕگەیی
یەکێک لـەو دڵسـۆز و خەمـخۆرانەی دنیای ئـەدەبی منداڵان، شـــاعیر و چیرۆکنووس مامۆسـتا (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی)یە، کە ئەم جارەیان بە بەرھەمێکی بە پێز و جوان و پڕ زانیاری، لە دەرگای ئەدەبی منداڵان دەدات، ئەویش نامیلکـەی (ڕازی قـوتـابییەکی زیـرەک)ە .
نامیلکەکە بریتییە لە (٩) ھۆنراوە و (٧) چیرۆک، (٢٤) لاپەڕەی بەخۆیەوە گرتووە و لە بەرگێکی جوان و قەشەنگ دایە.
ئەم نامیلکەیەی مامۆستا وەکو بەرھەمەکانی تری پەروەردەیین، بەڵام ئەگەر بەوردی بیخوێنینەوە دەبینین لـە ھۆنراوەی (پۆلی یەکەم) و ھۆنراوەی (یەکی شەش)دا کە تایبەتە بە ڕۆژی جیھانی منداڵان تەکنیکێکی نوێی بەکار ھێناوە و لە چیرۆکەکانیشدا بە زمانێکی پاراو و شیرین و سادە و نزیک لە دنیا و فەرھەنگی منداڵان نووسیویەتی؛ کە منداڵ بە ئاسانی لێی تێدەگات و حەز بە خوێندنەوەی دەکات.
مامۆستا لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ڕوو لە منداڵان دەکات و دەڵێت:-
(گوڵەکانم وا بۆ جارێکی تر کۆمەڵێک چیرۆک و ھۆنراوەی ناسک و جوانی ھەروەکو خۆتان ئەکەمە دیاری، بەو ھیوایەی بەڵگەنامەی ڕەزامەندی لە شارۆچکەی دڵە بچکۆلەکانتانەوە وەربگرێت.
زۆر حەز ئەکەم ئێوەش چرپە و ڕازی خۆتان تێکەڵ بە (ڕازی قوتابییەکی زیرەک) بکەن، تا ئێمەی گەورەش بە ھێمنی گوێتان بۆ شل بکەین و ڕازەکانتان بخەینە سەرچاو.
ئەو ڕازانەی کە دەبنە مایەی خۆشحاڵی و ئاسوودەیی و ھۆی سەرکەوتن و بەرەو پێش چوونی ئێوەی گوڵ).
ئەمەیش چیرۆکێکی ئەم نامیلکەیەیە بەناوی (ھاوڕێ) کە دەنووسێ:
ئەمڕۆ ھەر زۆر دڵخۆشم، چونکە پەرتووکخانە بچووکەکەم کۆمەڵێکی زۆر پەرتووک و نامیلکە و گۆڤاری منداڵانی بە زمانی شیرینی کوردی تێدایە، خۆیشم پەڕاوێکی تایبەتیم داناوە جارجارە ھۆنراوەیەک یان چیرۆکێک دەنووسم و بۆ ھاوڕێکانمی دەخوێنمەوە، پێمخۆشە ئەمجارەیان ئەم چیرۆکەی خۆمتان بۆ بگێڕمەوە کە تازە نووسیومە..
ڕۆژێک پەریا زۆر حەزی لە یاری دەکرد، بەڵام ھیچ کام لە ھاوڕێکانی دیار نین چۆن و لەگەڵ کآ یاری بکات؟
دایکیشی چوو گۆڤارێکی منداڵانی بۆ ھێنا و وتی: کچەکەم ئەی ئەمە ھاوڕێ نییە بیگرە و دەست بکە بە خوێندنەوەی..
پەریایش بە خۆشییەوە گۆڤارەکەی لە دایکی وەرگرت و کەوتە خوێندنەوەی کە چیرۆکی خۆش و ھۆنراوەی جوان و زانیاری بە سوودی تێدا بوو کە تەواو بوو تەماشای کرد کاتێکی زۆری لەگەڵدا بەسەر بردووە و سوودێکی باشیشی لێ وەرگرتووە، بۆیە بەخۆشییەوە چوو بۆ لای دایکی و سوپاسی کرد بۆ ئەو ھاوڕێیەی بۆی پەیداکرد.
لە کۆتایدا دەستخۆشی لە نووسەری بەڕێز و خەمخۆری پەروەردە و ئەدەبی منداڵان (مامۆستا عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) دەکەین، ھیوادارین بەردەوام بێت لە ڕاژەگوزاری منداڵان و پەروەردەکردنێکی ڕاست و دروست.
Komentarze