خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....گالیسکەی باڵدار.... زانیار سەردار قڕگەیی
- alihamarashid4
- May 26, 2021
- 2 min read
گالیسکەی باڵدار
ھۆنراوە بۆ منداڵان
زانیار سەردار قڕگەیی
گالیسکەی باڵدار ناوونیشانی ئەو نامیلکە شیعرییە کە دوا بەرھەمی شاعیر (سەردار قادر)ە، ئەم بەرھەمە شیعرییە پێکھاتووە لە (٢٥) ھۆنراوەی ناسک و جوان و بەزمانێکی شیرین و سادە نووسراوە کە سەرجەمیان گوزارشت لە ھەست و سۆزی منداڵە ژیکەڵەکانی کوردستان دەکات.
شاعیر وێڕای ئەوەی خۆشەویستی بێ ئەندای بۆ منداڵ دەرئەبڕێ، توێژی منداڵیش بە پیاوی دوارۆژ ئەژمار دەکات. بۆیە پێی وایە ھەر لە سەرەتای دەسپێکی ژیانەوە پێویستە بە بیری گەش و بە راستگۆیی و رێز و خۆشەویستی و رۆشنبیرییەکی باش منداڵان گۆش بکرێن و فێری ژیاندۆستی و ژیگەپارێزی بکرێن، وشەی ناسک و جوانیان فێر بکرێت، تا پەروەردەیەکی تەندروست بکرێن و، سوودبەخش بن بۆ داھاتووی کۆمەڵگەکەیان.
لە دەسپێکی نامیلکەکەیدا شاعیر دەنووسێت::
"وەک چۆن منداڵ باڵندە و کلوی بەفر و خاڵخاڵۆکەی خۆش دەوێ، منیش خەیاڵ و کایە و ھەڵپە و خۆشی منداڵم خۆش دەوێ، ئەو ساتەی بیری منداڵێک لەناو خۆیدا ئاوێتە دەبێت وەک پەپوولە لەو جیھانە جوانەدا باڵدەگرێت، منیش ھەستم کردووە لەگەڵ ئەودا منداڵ بوومەتەوە و ئاوێتە بووم بە ھەستێکی دڵخۆشکەر و ئارامییان بە من بەخشیوە"..
ھەروەھا (سەردار قادر) نایشارێتەوە و بە روونی ئاماژە بە کاریگەری مامۆستا و شاعیران دەکات کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری ھەبووە، بەتایبەت و زیاد لە ھەموان شاعیری بە ئەزموون و بەسەلیقە و دەستڕەنگین (ئەمین محەمەد)، کە سوودگەلێکی لێی بینیوە و رێنمایی کردووە. دیارە ھاندەر و ھاوکارێکی باشی بووە، ئاماژەدان بەم ھەڵوێستە لەلایەن سەردار قادرەوە مانای ئەمەک و وەفاداری دەسەلمێنێ.. بۆیە (سەردار قادر)ی شاعیر دەنووسێت:
"نزیک بوونەوەی من لە شاعیرانی بواری منداڵان کاریگەرییەکی وایان لەسەرم ھەبووە کە بە شەیداییەوە ئەو رێچکەیە ھەڵبژێرم کە پڕە لە تام و چێژی خۆشەویستی منداڵان. ئەویش کاتێ کە ھۆنراوە ناسک و جوانەکانی (ئەمین محەمەد)م دەخوێندەوە، بۆم دەرکەوت چەند بە تامەزرۆیی و جۆش و خرۆشەوە حەز و خۆزگەکانی منداڵ دەلاوێنێ.. ھەر بۆیە ئەو ژانرەم زیاتر لەلاشیرین تر بوو، ھەر ئەمەش بووە ھۆی ئەوخولیایەم و منیش توانیم کەم تا زۆر ئەو رێچکەیە بگرم و لەوێوە خزمەت بەو بوارە گرنگە بکەم".
پاشان شاعیر سەبارەت بە ھەڵسەنگاندنی بەرھەمەکەی دەنووسێت: "رەخنەگران و رۆشنبیران خۆیان دەتوانن بڕیاری لەسەر ئەم کۆبەرھەمە شیعرییە (گالیسکەی باڵدار) بدەن". واتە شاعیر گەرەکێتی کە ھەڵسەنگاندنی کۆبەرھەمەکەی بخاتە مەیدانی ئەدەب، تا نووسەران و رۆشنبیران بۆخۆیان بڕیار لەسەر ئاستی نرخاندن و بەھێزی و لاوازی بدەن..
نیگارەکانی ئەم نامیلکەیە لەلایەن ھونەرمەندی دەستڕەنگین و بە ئەزموون (ستار قادر)، نەخشێنراوە و کۆمەڵێک وێنەی جوانی بۆ کێشاوە کە ھەریەکەیان گوزارشتە لە ھۆنراوەکانی نێو ئەم نامیلکەیە و خەونەکانی دنیای منداڵان و، بەوەش تام چێژی تایبەت بە خوێنەر و بە منداڵان دەبەخشێت..
لە کۆتاییدا دەستخۆشی لە شاعیر (سەردار قادر) و ھونەرمەند (ستار قادر) دەکەین.
ئەمەش یەکێک لە ھۆنراوەکانی نێو ئەم نامیلکەیە، بەناوی (سەیران):
ئای ئای چەند خۆشە سەیران
دەڕۆم بۆناو دارستان
لەسەر لقی ئەو دارە
گوێم لە چریکەی باڵدارە
بێچوە ئاسکێک نەرم و نۆڵ
رێگا دەبڕێ گورج و گۆڵ
وا پۆلێ کەو نیشتنەوە
چەند جوانن لە دوورەوە
کە گوڵی گەش دەبینم
شادمان و گەشبینم
سەیران و گەشتی مناڵ
پڕن لە وێنە و خەیاڵ !
Comments