خوێندنەوەی کتێبی ئەدەبیی منداڵان....ماسی بۆ قسە ناکات؟ زانیار سەردار قڕگەیی
- alihamarashid4
- Mar 28, 2021
- 2 min read
Updated: Mar 31, 2021
ماسی بۆ قسە ناکات ؟
زانیار سەردار قڕگەیی
ماسی بۆ قسە ناکات؟ بەرھەمێکی دیکەی مامۆستا (تاھیر ساڵح سەعید) ی چیرۆکنووسە.
ئەم بەرھەمە نایابە بە زمانێکی ناسک و جوان بۆ منداڵە چاوگەشەکان نووسراوە، ئەم بەرھەمە بە دوای چیرۆکی (سێوە لا سوورە)ی مامۆستا تاھیر دێت کە خەڵاتی باشترین بەرھەمی منداڵانی لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە لە سلێمانی بۆ ساڵی ٢٠٠٣ پێ بەخشرا.
چیرۆکی (ماسی بۆ قسە ناکات؟) لە چیرۆکێکی فەرەنسییەوە وەرگیراوە کە خاتوو (دەلال حاتەم) وەریگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی و مامۆستا تاھیر بیرۆکەی ئەم چیرۆکەی وەرگرتووە و دایڕشتووەتەوە و بزاڤی ڕۆشنبیری لە سلێمانی لە بەرگێکی جوان و قەشەنگدا بۆی بە چاپ گەیاندووە.
ئەم بەرھەمە باسی منداڵێکی ژیکەڵە و گوێڕایەڵ دەکات کــە نــاوی (بڵند)ە، بڵند دوای ئەوەی ڕەزامەندیی دایکی وەردەگرێت تاکو سەردانی نەنکی بکات، بەلەمێکی بچکۆلە دەگرێت، بەڵام لە کاتی سەوڵ لێداندا تووشی سەرەگێژە دەبێت. ماسییەکانی ڕووبارەکە لەو بەسەرھاتە بە ئاگادێن و بە دەنگییەوە دەچن و بە فەرمانی سەرکردەکەیان شووشەیەک ڕۆن ماسیی فریا دەخەن، بەڵام خۆ ئەوانی ماسی ناتوانن بۆی بەرن، چونکە ناتوانن لە ڕووبارەکە بێنە دەرەوە، بۆ ئەم مەبەستە پەنا دەبەنە بەر بۆقی ھاوڕێیان تا بۆی بەرێت، چونکە بۆق لە ناو ئاویشدا و لە وشکانیشدا دەژی.
بۆقەکان دەکەونە ڕێ، لە ڕێگە بەھەر پەلەوەرێک دەگەن کەوچکێک ڕۆن ماسیی دەدەنێ، بەو کارەش ھێز و توانا و گوڕێکیان پێ دەبەخشن. بۆقەکان دەڕۆن، دەڕۆن، تا دەگەنە لای (بڵند)، ئەوسا چەند کەوچکێک ڕۆن ماسیی دەدەنآ، بە خواردنی ئەو ڕۆن ماسییە بڵند ھێز و توانای دێتەوەبەر و بەرەو لای نەنکی دەکەوێتە ڕآ، بە گەیشتنی بەسەرھاتی خۆی بۆ نەنکی دەگێڕێتەوە... نەنکی بە بڵند دەڵێت:
- کوڕم بڵند گیان ئەوە چاکەی خۆتە دێتەوە ڕێت، گەر بھاتایە ھەڵسوکەوتت لەگەڵ ئەواندا خراپ بووایە و ئازارت بدانایە، ھەرگیز بەو شێوەیە بۆت بە پەرۆش نەدەبوون. نەنکی بڵند قسەکانی تەواو دەکات و دەڵێت:
- بەدەستی بەتاڵ مەگەڕێوە و لەگەڵ خۆتدا ئەم مشتە کڵۆ شەکرەیان بۆ بەرە.
Comments