top of page

دوو بەرھەمی منداڵان و بەسەرکردنەوەیەک

Updated: Mar 31, 2021

نووسینی : تەھا عومەر

جیھانی منداڵان ئەوجیھانە جوانەیە کەھێشتا بارگاوی نەبووە بەفڕوفێڵ و ناشیرینییەکانی سەردەم و پڕییەتی لە پاکی و ڕاستگۆیی و وەفاو دڵسۆزی ومتمانەو خۆشەویستی وھاوڕێیەتی ، کەم کەسمان ھەیە ڕۆژێک ئاواتی نەخواستبێت بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی منداڵی و ئەو زەمەنە جوانەی پڕبوو لە پەپوولەو گوڵ و چاوشارکێ ، ئەوانەی بۆ منداڵ دەنووسن دەبێت کەسانی پسپۆڕو تایبەتمەندبن لە دەروون و سایکۆلۆجیای منداڵان ، بەپێچەوانەی ھەندێک کەسەوە کە پێیان وایە نووسین بۆ منداڵ زۆرئاسانەو تەنانەت ھەندێک کەس زۆر بەکەم بایەخی دەزانن ، لەکاتێکدا نووسین بۆ مناڵ لەنووسین بۆ گەورە زۆرگرانترەو ئەوانەی لەو بوارەدا دەنووسن ژمارەیان زۆر کەمترە لەوانەی بۆگەورە دەنووسن . ئەدەبی منداڵان ئەدەبێکی تایبەتەو ھەموو کەس ناتوانێ تێیدا بنووسێت ، بۆیە زۆر لە شاعیرو نووسەران خۆیانی لێ نادەن و نزیکی ئەودنیا تایبەتە ناکەون . یەکەم کەس لەکورددا کەبۆ منداڵانی نووسیوە شاعیری گەورە (ئەحمەدی خانی) بووە لەساڵی (ھەزارو شەش سەدو ھەشتاو سێ ) دا فەرھەنگێکی کوردی عەرەبی بەشیعر نووسی بەناوی(نەوبەھارا بچووکان) تامنداڵانی کورد فێری زمانی عەرەبی بکات . دواتریش (شێخ مارفی نۆدێ) بۆئەوەی (کاک ئەحمەدی شێخ ) ی کوڕی فێری زمانی عەرەبی بکات فەرھەنگێکی عەرەبی وکوردی بەشیعر نووسی بەناوی (ئەحمەدی) . ھەریەک لەشاعیر و نووسەرانی گەورەی وەک پیرەمێردو گۆران و زێوەر و بێکەس تا دەگاتە کاکەی فەللاح و ع.ع. شەونم و شاکیرفەتاح و عومەرعەبدولڕەحیم و فەرەیدوون عەلی ئەمین و جەزا عەلی ئەمین و لەتیف ھەڵمەت وتاھیر ساڵح سەعیدو سەلام مەنمی و غەفور ئەحمەدو حەمە ڕەحیم ڕەمەزان و محەممەد کەساس وعوسمان محەممەد ھەورامی و محەممەد فەریق حەسەن و ئەحمەد حسێن و فەوزیە مەنمی و عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی و ئەمین محەممەدو ئاکۆ محەممەد سابیرو... ھتد شیعرو نووسینیان بۆ مندان نووسیوەو خزمەتیان بەو دنیا جوانە کردووە . شاعیرونووسەری کارامەو بەئەزموون مامۆستا (عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) ساڵانێکە ماندوونەناسانە لەو بوارەدا کاردەکات و بەچالاکییەکی زۆر و ڕۆحێکی جوان و دڵسۆزانەوە خۆی تایبەت کردووە بەو کارەوە ، جگە لە کارەکەی خۆی کەساڵانێک مامۆستا و ئێستاش وەک سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بەشدارە لەپێگەیاندنی نەوەیەکی زیرەک و وریاو ھوشیارو خوێندەوار و لەوبوارەدا جێگە دەستی دیارەو خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی شیعرو چیرۆکی تایبەت بە منداڵانە . لێرەدا دەمەوێت تەنھا باس لەدوو کتێبی مامۆستا(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) بکەم کە لەم ڕۆژانەدا وەک دیارییەک بەدەستم گەیشتن ، کەھۆنراوەو چیرۆکی منداڵانن و پەروەردەیین ، یەکەمیان بەناوی (یاریی بیرکاری) یە کەپێکھاتووە لە چیرۆک و ھۆنراوەی پەروەردەیی بۆ منداڵان بەئاسانی منداڵ فێری ژمارە دەکات وانەی بیرکاری و وانەکانی تریش لای منداڵ خۆشەویست دەکات ، کەسەرجەم چیرۆک و ھۆنراوەکانی ناوی پەروەردەیین و سوودێکی باش و زۆر بەمنداڵان دەگەیەنن . دووەمیان بەناوی (ئاوازی شادی) یە ، ئەمیش کۆمەڵێک ئۆپەرێت و شیعری منداڵانە كەبە تایبەتی بۆمنداڵانی باخچەی منداڵان نووسراون . لێرەشدا شاعیر بۆمنداڵانی باخچە دەنووسێت و ناوی زۆر لەباخچەکانی منداڵان و ژوورو بەشەکانی نێو باخچەی منداڵانیشی بەھۆنراوەی جوان و ناسک ھۆنیوەتەوە و باخچە لای منداڵ زۆرخۆشەویست دەکات و دەیڕازێنێتەوە . شاعیر ئەوەی بیر نەچووە کە بۆمنداڵ دەنووسێت نەک گەورە ، بۆیە وەکو پسپۆڕو شارەزایەکی دەروونی منداڵ وشەو دەربڕینی سادە بەکار دێنێت و لەشیعریشدا بڕگەی کورت و ، خۆی بەدوورگرتووە لە نووسینی ئاڵۆزو بڕگەی درێژ ، ھەتاکو منداڵ تووشی ھەناسەسواری و بێزاری نەبێت لەکاتی گوێگرتن یان خوێندنەوەیاندا و بتوانێت بەئاسانی لەبەریان بکات . بۆئەم کارە جوانانەی مامۆستاعەلی شاعیر پێویستە دەستخۆشی لێبکەین و ھیوای بەردەوامی وبەرھەمی جوانی ترو سەرکەوتنی بۆ بخوازین . پێم باشە چەند نموونەیەک لە ھەردوو کتێبەکە وەربگرین و بیخەینە پێش چاوی خوێنەران . کتێبی (یاریی بیرکاری) کەکۆمەڵێک چیرۆک وھۆنراوەی پەروەردەییە بۆ منداڵان تێیدا شاعیر وانەکانی بیرکاری و ھەندێک وانەی تریش بەچیرۆک و ھۆنراوە بۆ منداڵان شی دەکاتەوە ، لەڕاستیدا وانەی بیرکاری خۆی وانەیەکی وشک و قورسە ، بەڵام شاعیر لەم کتێبەدا ھێندە ئاسانکاریی تێدا کردووە منداڵ حەزی پێ بکات و بەئاسانی بە ھۆنراوەو چیرۆک فێری نووسینی ژمارەکان و خشتەی لێکدان وکۆکردنەوەو لێدەرکردن و دابەشکردن و ژمارەی دابەش وخۆبەش و شتەکانی تر دەبن و وانەی بیرکاری و وانەکانی تریشیان لا خۆشەویست دەکات . شاعیر لەھۆنراوەی (وانەی بیرکاری) دا دەڵێت : وا (بیرکاری) مان ھەیە لام خۆشترین وانەیە زۆرحەزدەکەم ڕۆژانە بخوێنم یەک دوو وانە کە مامۆستا ھاتە پۆل وریا و ئازا و گورج و گۆڵ دادەنیشم بەچاکی تیا دەنوێنم چالاکی من سەرنج دەدەم ھێواش ھەتاکو تێ بگەم باش لەھەرچیەکیش نەگەیشتم لە مامۆستا دەپرسم وەڵامم دەداتەوە بۆیشم ڕوون دەکاتەوە ئەوساکە باش تێ دەگەم منیش سوپاسی دەکەم . گەر سەیری ھۆنراوەکە بکەین شاعیر چەندە وشەی ئاسان و کەمترین بڕگەی بەکارھێناوە تا منداڵ بەئاسانی شیعرەکە بخوێنێتەوەو تەنانەت لەبەریشی بکات و حەز بە وانەی بیرکاری بکات . سەیری لەم ھۆنراوەیەدا چەندە بەجوانی وئاسانی و بەم وشە پڕ لەمۆسیقیانەوە منداڵ فێری ژمارە دەکات کە ھەرگیز لەبیری نەچێتەوە ، سەرباری ئەوەش فێری کرداری چاکەو ڕەوشتە جوانەکانیشیان دەکات : (لەیەکەوە تا دە ) : وەن یەک یەک بڵێین یەک ھەرپێنووس دەکەین بە چەک ئەوسا دوو دوو دەڵێین دوو خوێندن باشە بۆ ھەموو دوایی سێ سێ دەڵێین سێ کار زوو دەکەین جێ بەجێ بەچوار چواریش دەڵێین چوار ئاسۆی گەشە خوێندەوار بە پێنج پێنج بەخێرایی دەڵێین بژی تەبایی ھەر بە شەش شەش دەڵێین شەش ئێمە گوڵین جوان و گەش بە ھێمنی دەڵێین حەوت دووربن لە کرداری چەوت بە چەپڵەوە دەڵێین ھەشت زۆر خۆشە سەیران و گەشت زۆر لەسەرخۆ دەڵێین نۆ ڕاست دەڕۆین دوور لە درۆ ئەوسا ھەموو دەڵێین دە سەرکەوتوو سەربڵندە . لەم ھۆنراوەیەدا منداڵ ھاندەدات بۆ کۆششکردن لە وانەکانیدا تا مامۆستاش ئافەرینی بکات : چەندە خۆشە ئافەرین دەمانخاتە پێکەنین کە زیرەک و وریا بین بەدڵی مامۆستا بین مامۆستاش ھەموو کاتێ ئافەرینمان دەداتێ . شاعیر لە چیرۆکەکانیشیدا جگە لە فێرکردنی وانەکانی خوێندن ، منداڵ فێری ھاوکاری و پاک وخاوێنی و ھاوڕێیەتی و خواردنی دروست و خۆشەویستیی خاک و نیشتمان دەکات . کتێبی دووەم : (ئاوازی شادی) کەپێکھاتووە لەکۆمەڵێک ئۆپەرێت وھۆنراوە بۆ منداڵانی باخچەی منداڵان ، شاعیر لەم کتێبەشیدا زیرەکانە و وەک مامۆستایەکی لێھاتوو و کەسێکی شارەزای بواری پەروەوردەو فێرکردن کۆمەڵێک ھۆنراوەی ناسکی تایبەت بە باخچەی منداڵانی خستۆتە بەردەم مامۆستایانی باخچەی منداڵان و منداڵی کوردو ، باخچەی منداڵانی لا جوان وخۆشەویست دەکات . ھۆنراوەکان ھێندە جوان وسادەوساکارو پڕ لە مۆسیقان ھەر زوو منداڵ بەلای خۆیاندا ڕادەکێشن و نەک حەز بەگوێگرتنیان بکات ، تەنانەت حەز بە لەبەرکردنیشیان دەکات . لە ھۆنراوەکانیدا ناوی زۆربەی باخچەکانی منداڵانی ھێناوە ، تەنانەت ناوی ژوورەکانیشیان کە زۆربەیان بە ناوی گوڵ ومیوەو باڵندەوەوە ناونراون و بە جیاجیا ھۆنراوەی بۆ وتوون . لەپێشەکی کتێبەکەیدا ئەم ھۆنراوە سەرنج ڕاکێش و جوانەی نووسیوە کەھەر زوو منداڵ ڕادەکێشێت بۆ گوێگرتن لە خوێندنەوەی کتێبەکە ، کە ئەمەش نەریتی نووسەری زیرەک و بە ئەزموونە تا سەرنجی خوێنەر ڕابکێشێتە ناو بابەتەکانی کتێبەکەیەوە : منداڵە نەشمیلەکان گوڵخونچە وردیلەکان دیاریم پێیە بۆ ئێوە بۆ خۆشی و خەندەی لێوە ھۆنراوەی خۆش و شیرین دەمانخاتە پێکەنین دەتوانن بەگۆرانی بیڵێن بەشادمانی بەسەماو یاری کردن تا ھەمیشە دڵخۆش بن سەرچاوەی زانیارییە بەسوودترین دیارییە . لەئۆپەرێتی باخچەی منداڵاندا شاعیر دەڵێت : کۆرس ١ ئێمەی منداڵ زۆرجوانین لەباخچەی منداڵانین ژیکەڵەو ئازاو وردین ڕۆڵەی نەشمیلەی کوردین کۆرس ٢ باخچەمان پڕ جوانییە جێی سەماو گۆرانییە دادەو مامۆستاکانی زۆر بە نەرم و نیانی لەگەڵ ئێمەدا دەدوێن بۆیە واخۆشمان دەوێن . لەھۆنراوەی (ئێمەی منداڵ) دا شاعیر بەم وشە ناسک و مۆسیقییانە دەنووسێت : خونچە گوڵی جوان جوانین ھیوای بەرزی ژیانین بۆدواڕۆژی گەلی کورد بنیادنەرین ئێمەی ورد بۆشانۆی ژین ڕوناکیین خاوەن بەھرەو چالاکیین بەدەنگی وەک مۆسیقا ژین پڕ دەکەین لە قاقا بۆ بەھارو تیشکی خۆر بۆ گوڵی بۆنخۆش و زۆر دەم بەگۆرانین ھەموو بێ ماندوو بوون و پشوو . لە ھۆنراوەی (مامۆستا)دا منداڵانی باخچە فێری ئەوە دەکات مامۆستاکانی خۆش بوێ وڕێزیان لێ بگرێت : مامۆستا شیرینەکەم ھاندەری ھیواو خۆزگەم تۆ بۆ ئێمەی وەک خونچە تیشکی خۆری لە باخچە بە خۆشەویستی و سۆزت بەکاری زۆر پیرۆزت شتی جوانمان فێر دەکەی ھۆش وبیرمان تێر دەکەی تا ئێمەی بچکۆلانە لەم باخچە خۆش و جوانە گورج و گۆڵ و چالاک بین ڕوو لە ئاسۆی ڕوناک بین . لە ھۆنراوەی (خۆشترین نیشتمان) دا منداڵ فێری خۆشەویستیی خاک و نیشتمان دەکات و بە جوانیی کوردستانیان ئاشنا دەکات : ئەم کوردستانە جوانە بۆ ئێمەی بچکۆلانە خۆشترین نیشتمانە ئاڵاکەی شەکاوەیە چوار ڕەنگی ڕازاوەیە دڵمان پێی کراوەیە ئاوو ھەوای سازگاری باخچەو گوڵ و گوڵزاری بوون بەمایەی بەختیاری دەی دەی وەرن بێ وەستان گۆرانی بڵێین ھەمووان بڵێین بژی کوردستان . ئەوەی شایانی باسە ھەردوو کتێبەکە بەرگی جوان و وێنەداریان ھەیە ، کتێبی (یاریی بیرکاری) لاپەڕەی ڕازاوەو بەوێنەی قەشەنگ ڕازێنراونەتەوەو بەپیتی قەبارە گەورە نووسراوە کە لە ڕاستیدا بابەتی منداڵ دەبێ وابنووسرێن ، دەنا منداڵ تاقەتی خوێندنەوەیانی نابێت و ھەر زوو مێشکی و چاوەکانی ماندوو دەبن و پێش تەواوکردنیان فڕێی دەداتە ئەولاوە ، کە بەداخەوە ھەندێک لەشاعیران و نووسەرانی دنیای منداڵ ئەم خاڵە گرنگە زۆر ڕەچاو ناکەن و فەرامۆشیان کردووە . لەکۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم ئەم دوو کتێبە جوان و پڕ بایەخە جێگایەکی دیارو کەلێنێک لە کتێبخانەی کوردی بەگشتی و کتێبخانەی بێنازی منداڵان بەتایبەتی پڕ دەکەنەوەو جێگەی شیاوی خۆیان دەبێت ، چونکە وەک پێشتر وتم دنیای منداڵ و ئەدەبی منداڵ دنیایەکی تایبەتەو ھەموو شاعیرو نووسەرێک ناتوانێ تێیدا بنووسێت ، بۆیە ئەم کارەی مامۆستا(عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی) شاعیرو نووسەرو مامۆستای تایبەت بەمنداڵ و دنیاجوانەکەی منداڵان جێگەی پێزانین و دەستخۆشییەو ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی وکاری جوانتری بۆ دەخوازم .


Comments


bottom of page