شەنگە و دارا
- alihamarashid
- Jun 22, 2020
- 1 min read
Updated: Jun 23, 2020
نوسینی / عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی

دایک: کوڕم دارا، کچم شەنگە............ھەستن لە خەو،کات درەنگە
دارا: بەیانیت باش دایەی شیرین.......مایەی خۆشی و گوڵی ئەوین
شەنگە: بەیانیت باش دایەی دڵسۆز.......خۆشەویست و دڵ پڕ لەسۆز
ھەردووکیان: دایە ئێمە زوو ھەستاوین........لەڕێی دەنگی تۆ وەستاوین ئێمە چونکە زوو دەخەوین.......خەمت نەبێ دوا ناکەوین
دایک: ڕۆڵەکانم، ھێزی دڵمن......لە باخی ژین، ئێوە گوڵمن وا باوکیشتان چاوەڕوانە....بتان بات بۆ قوتابخانە
شەنگە: با جێگەکانمان ھەڵگرین...ئەوساکە دێین دایەی شیرین
دارا: من دەچم بۆ تەوالێت.....نابێ لەبیرم بچێت دوایی دەست و دەم و چاو......دەشۆم بەسابون و ئاو خاولێکەی خۆیشم دەبەم.....وەک ڕۆژانی تر دەکەم
شەنگە: دارا گیان منیش وەک تۆ....زۆر ھێمن و لەسەرخۆ ئەوانە ئەنجام ئەدەم....منیش وەکو تۆ دەکەم
دارا دەڕوات و خاولییە بچوکەکەی خۆی بە دەستەوەیە ، دوایی دەچێتە چێشتخانەکەو دەڵێت: بەیانیت باش بابە گیان...بەیانیت باش دایە گیان خوا بتان ھێڵێت بۆمان... لەم کاتەدا دەچێت ئەملاو لای ھەردووکیان ماچ دەکات و ئەوانیش بەھەمان شێوە ماچی دەکەن..
لەم کاتەدا شەنگەش پەیدا دەبێت و دەڵێت: بەیانیتان باش ئەی بابە و دایە خۆشەویست ترین کەس لەم دنیایە ئەویش دەچێت وەکو دارای برای ئەملاولای باوک و دایکی ماچ دەکات..ولەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشێت. بەخێرایی نانی بەیانی دەخۆن.
باوک: نان خواردنی بەیانیان....سوودی زۆرە بۆ ھەمووان تا زیرەک و وریابن.....لە خوێندن بە ئاگابن
دایک: دەی خیراکەن زووبەزوو.....خۆ ئامادەبکەن ھەردوو بڕۆن بۆ قوتابخانە......دووەم ماڵی ھەمووانە.
Comments