مامۆستا عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و کتێبێکی نوێی منداڵان...نوسین و ئامادەکردنی:تەها عومەر
- alihamarashid4
- Mar 12, 2021
- 3 min read
Updated: Mar 31, 2021
........
مامۆستا عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی قەڵەمێکی درەوشاوەی دنیا جوانەکەی ئەدەبی منداڵانەو ساڵانێكی زۆرە لەو بوارەدا دەنووسێ و خاوەنی ئەزموونێکی گەورەو خەرمانێک بەرھەم وکتێبی منداڵانە لە ھۆنراوەو چیرۆک و ئۆپەرێت . یەکەم بەرھەمی خۆی کە ھۆنراوەیەک بوو بۆ منداڵان لەساڵی ھەشتاکانداو لەڕۆژنامەی (ھاوکاری) دا بڵاوکردۆتەوە ، ئیتر لەوکاتەوە بە بەردەوامی بۆ منداڵان دەنووسێت و تایبەتمەندیی لەوبوارەدا وەرگرتووە ، لەسەرجەم گۆڤارەکانی تایبەت بەمنداڵان بەرھەمی بڵاوکردۆتەوە .
کتێبی (سمۆرەو منداڵ) دوابەرھەمی چاپکراوی مامۆستا عەلی شاعیرو نووسەرەو لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بە بەرگێکی جوان وڕازاوەو پڕ لەوێنەی ڕەنگاوڕەنگەوە کە مەرجێکی گرنگی کتێبی منداڵانە کەوتە کتێبخانەکانەوە .
ئەم نامیلکەیە یانزە ھۆنراوەی بەھەمان ناوی (سمۆرەو منداڵ) لەخۆگرتووە کە لە ژمارە (١) ەوە تاکو ژمارە (١١) لەھۆنراوەکان دراوە و شاعیر کۆمەڵێک زانیاریی پەروەردەیی لە زمانی سمۆرەوە بەمنداڵان دەدات ، ئەو زیرەکانە بۆی چووەو بۆیە سمۆرەی ھەڵبژاردووە دەزانێت منداڵ سمۆرەی زۆرخۆش دەوێ و گیاندارێکی بچووک و جوان و ئاشنایە بە منداڵان .
شاعیر لەیەکێک لەو ھۆنراوانەدا دەڵێت :
لەناو باخچەی منداڵان سمۆرەی زیت و وریا چوو بۆلای ئەو منداڵەی کە بۆ دایکی دەگریا
لەگەڵیا کەوتە یاری منداڵەکە ژیر بۆوە گریان بوو بە پێکەنین دایکیشی لەبیرچۆوە
ئەوسا سمۆرەی نازدار وتی ھاوڕێی بەوەفام خۆزگە منیش وەکو تۆ لە باخچە وەردەگیرام
گەر سەیری ئەم ھۆنراوەیە بکەین دەبینین شاعیر چەندە زیرەکانەو بەزمانێکی سادەو بێ گرێ وگۆڵی منداڵی دەدوێ و وشەی ئاسان و بڕگەی کورتی بەکارھێناوە تا منداڵ ھیلاک و بێزارنەکات لە خوێندنەوەی و پڕن لە ڕیتم و ئاواز تا بتوانێت بەئاسانیش لە بەری بکات .
لەم ھۆنراوەیەشدا نەک منداڵان بەڵكو ئێمەی گەورەو مامۆستاکان و پەروەردەش ئاگاداردەکاتەوە کە ڕۆژانە ئەوجانتایەی بەشانی منداڵەوەیە پڕێتی لەکتێبی قورس و بارێکی گرانە بەشانی ئەومنداڵە بچووکەوە ، بەتایبەتی پۆلی یەکەکان کە یەکەم ساڵی قوتابخانەیانەو ئەبێ کارئاسانییان بۆ بکرێ و پێویست ناکات منداڵ ھەمووڕۆژێک ئەوکۆڵە قورسە ھەڵبگرێت و ئەوەی زۆرپێویستە ڕۆژانە ئەوەبکاتە ناو جانتاکەیەوە .
شاعیر لەھۆنراوەکەیدا دیسان لەزمانی سمۆرەوە ئەم زانیارییانە نەک ھەربەمنداڵ بەڵکو بە ئێمەی گەورە دەدات و دەڵێت :
لە باخچەی قوتابخانە دارێکی بەرزی تیابوو سەرلقێکی ئەو دارە جێی سمۆرەی وریا بوو
لەوێوە سەرنجی دا لەو منداڵە جوانانە کەچۆن بەشادمانی دێن بەرەو قوتابخانە
بەڵام ئەوەی سەرنجی سمۆرەی ڕاکێشابوو جانتا قورسەکەی شانی منداڵی پۆلی یەک بوو
بۆیە خێرا دابەزی چوو بۆلای مامۆستاکان ئەو کێشەیەی بەجوانی لە مامۆستاکان گەیان
وا لەو ڕۆژە بەدواوە جانتاکانیان سووک بووە کتێبە قورسەکانیان لە پۆلدا جێ ھێشتووە .
لەھۆنراوەیەکی تردا باس لەوە دەکات لەدوای ھەموو کۆبوونەوەو سەیران و نان خواردنێک لەناو سەیرانگاو پارکەکاندا پێویستە پاشماوەی خواردن بەملاو بەولادا فڕێ نەدرێ و کۆبکرێنەوەو بکرێنە ناو کیسی خۆڵەوە ، بەداخێکی زۆرەوە دەڵێم نەک ھەر منداڵ بگرە ئێمەی گەورەکانیش زۆربەمان گوێمان بەوە نەداوەو بڕۆ دوای ھەمووسەیرانێک سەیری ناوپارک و سەیرانگاکان بکە چ زبڵ و خۆڵ وخاشاکێک دوای خۆمان جێ دێڵین بێ ئەوەی کۆیان بکەینەوە ، کەواتە نەک منداڵەکانمان بائێمەی گەورەکانیش بە وردی ئەم ھۆنراوە جوانە پەروەردەییە بخوێنینەوە و بۆخۆمان فێر بین ئەوجا منداڵەكانیش فێری پاک و خاوێنی بکەین :
سمۆرە تەماشای کرد منداڵان لەو ناوەدا خەریکی یارین لەناو پارکێکی ڕازاوەدا
ھێندەی زانی پێکەوە کۆبوونەوە بۆ خواردن سفرەیەکیان ڕاخست و بەدەوریدا دانیشتن
خواردنەکانیان دانا سفرەکە ڕازایەوە لە دوای خواردن پێکەوە سفرەیان پێچایەوە
چی پاشماوەی خواردن بوو زۆرچالاک و گورج وگۆڵ ھەموویان کۆکردەوەو کردیانە ناو سەتڵی خۆڵ
سمۆرە وتی خۆزگە ھەموو کەسێک وابوایە بۆ پاکی وجوانیی ژینگە ھەوڵی زۆری بدایە
ڕەنگە تاکو ئێرە پەیامی شاعیرم بە باشی گەیاندبێ و ئیتر پێویست نەکات ھۆنراوەی تر بە نموونە بێنمەوە .
ماوەتەوە بڵێم شاعیرو نووسەر جگە لەم بەرھەمە تاکو ئێستا ئەم کتێب و نامیلکانەیشی بەچاپ گەیاندووە کەھەموویان ھۆنراوەو چیرۆک و ئۆپەرێتن بۆ منداڵان :
فڕفڕۆکە ، خەندەی ئاوات ، ئافەرین ، کۆڤین و ھاوڕێکانی ، جەژن ، سروودی کوردستان ، دیاری ، جۆلانە ، ئاوازی شادی ، مریشکە کونج ، یاریی بیرکاری ، منداڵ و فیلم کارتۆن ، ڕازی قوتابییەکی زیرەک ، دیاری و سەردان ، گەشتەکەی گوڵێ ، ئەسپ و فیل ، بووکەکەم بەکوردی گۆرانی دەڵێت ، وانەی کوردی ، چنار و ھێمن ، بولبولێکی زیرەک ( کۆمەڵێک چیرۆکی وەرگێڕدراو) ، منداڵ و ژینگە
ئێستاش کۆمەڵێک بەرھەمی تری ئامادەن بۆ چاپ .
بەشێکی زۆر لەھۆنراوەکانی ئاوازیان بۆ دانراوەو کراون بەگۆرانی و لەتەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکرێن .
لەکۆتاییدا ھیوای سەرکەوتن و بەردەوامی و بەرھەمی جوان وجوانتر بۆ مامۆستا عەلی حەمە ڕەشید بەرزنجی شاعیرو نووسەری دنیا جوان وڕەنگینەکەی منداڵان دەخوازم .
تێبینی :
سەرجەم ھۆنراوەکان و ناوی بەرھەمەکانی مامۆستاو ھەندێك زانیاریی تریشم لەخودی ئەو کتێبەوە (سمۆرەو منداڵ) وەرگرتووە .
تەھا عومەر 11 / 3 / 2021
コメント